بۆچی لە تەنیشت شێخ ئەحمەدی بارزانەوە نەنێژران؟

ئەو ڕۆژەی تەرمی مەلا مستەفاو ئیدریس بارزانی لە ئێرانەوە هێنرایەوە بۆ کوردستان
2023-05-11

لە ٦ ــ ۱۰ ــ ۱۹۹۳ تەرمی مەلا مستەفای بارزانی و ئیدریس بارزانی کە لە شاری " شنۆ"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێژرابوون هێنرانەوە بۆ کوردستان و لە دەڤەری بارزان نێژڕان.

محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی چوارەمی " ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک" دا باسیدەکات، ئەو ڕۆژەی کە تەرمی بارزانی و ئیدریسی کوڕی هێنراونەتەوە، یەکێتی هەمووی بە ئاڵای سەوزەوە هاتبوونە سەرجادە، ئەوەی لە سلێمانی بۆی کرا لە هیچ شارو شارۆچکەیەکی کوردستان بۆیان نەکرا.

لە لاپەڕە ۲٦٥ تا لاپەڕە ۲۷۰ی بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەکانیدا، محەمەدی حاجی مەحمود، ڕۆژی هێنانەوەی تەرمی مەلا مستەفاو ئیدریس بارزانی دەگێڕێتەوەو دەڵێت:" مەلا مستەفا هەتا مابوو مام جەلال دژی بوو، شەڕی دەکردو نەیدەهێشت ئیسراحەت بکات، بەڵام ئەو شەوە لە مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ، مام جەلال بەدیار تەرمی مەلا مستەفاو ئیدریس بارزانییەوە هەتا بەیانی مایەوە".

محەمەدی حاجی مەحمود، باسیشی دەکات کە لە ڕۆژی ۷ ــ ۱۰ ــ ۱۹۹۳ دا کاتێک تەرمەکانیان براونەتە پەرلەمانی کوردستان، لەوێش مام جەلال زۆر وەسفی مەلا مستەفاو و ئیدریس بارزانی کردووە، " لەدڵی خۆمدا وتم باشە بارزانی ئەو هەموو چاکەیەی بەسەرمانەوە هەیە، ئەی بۆچی مام جەلال ئەو هەموو شەڕەی لەگەڵدا کرد".

لە بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەکانیدا، محەمەدی حاجی مەحمود باسلەوەش دەکات کە شێخ محەمەد خالیدی کوڕی شێخ ئەحمەدی بارزان و برازای مەلا مستەفا، لەو ڕۆژەدا نەهاتبوو بۆ دووبارە ناشتنەوەی تەرمی مەلا مستەفاو ئیدریسی کوڕی لە بارزان و دەشڵێت: شێخ محەمەد خالید ڕێگەی نەدابوو تەرمی مەلا مستەفاو ئیدریس بارزانی لە تەنیشت شێخ ئەحمەدی بارزاندا بنێژرێن، بۆیە لەوبەری چیاکەو بەرانبەر بە گۆڕی شێخ ئەحمەد نێژران"