كورد دۆڕاوی گەورەی هەڵبژاردنەكەی توركیایە

2023-05-15

لە هەڵبژاردنەكانی دوێنێی توركیادا پارتی چەپی سەوز كە میراتگری هەدەپەیە گورزی كوشندەی بەركەوتووە،سەرە رای ئەوەی 4 ملیۆن دەنگدەر زیادی كردووە پارتی صەپی سەوز زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگ كەمیكردووە.
بەوپێەی لە هەڵبژاردنی 2018 5 ملیۆن و 885 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە،بەڵام لە هەڵبژاردنەكەی دوێنێدا 4 ملیۆن و 742 هەزار دەنگی هێناوە و رێژەی دەنگەكانی لە 11.7% كەمیكردووە بۆ 8.8 واتە نزیكەی 3%ی دەنگەكانی كەمكردووە.
بەهەمان شێوە ژمارەی كورسیەكانی لە 67 كورسی پەڕلەمانەوە كەمیكردووە بۆ 65 كورسی پەڕلەمان.

بەپێی شارە كوردیەكان پارتی چەپی سەوز 61% ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە  و لەكۆی 12 كورسی 8 كورسی بردووە و كورسیەكی لەدەستداوە،ئاك پارتی 22% ی دەنگی دیاربەكری بردووە و 3 كورسیەكەی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و كورسیەكی هەدەپە بۆ جەهەپە رۆشتووە.
لە ماردین پارتی چەپی سەوزی كوردی 55%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لەكۆی 6 كورسی پارێزگاكە 4 كورسی بردۆتەوە بەهەمان شێوەی هەڵبژاردنی رابردوو لە بەرامبەردا ئاكپارتی 25%ی دەنگەكانی هێناوە و 2 كورسی لە ماردین مسۆگەر كردووە
لە شرناخ پارتی چەپی سەوز 62% ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە كۆی 4 كورسی پارێزگاكە 3 كورسی بردووە لە بەرامبەردا ئاكپارتی 21% ی دەنگی پارێزگاكەی بردووە و كورسیەكەی پێشوی مسۆگەر كردۆتەوە.

لە پارێزگای هەكاری پارتی چەپی سەوزی كووردی 62%ی دەنگەكانی هێناوە و هەرسێ‌ كورسی شارەكەی بردووە و كورسیەكی پەڕلەمانی لە ئاكپارتی بردۆتەوە.

لە شاری وانی باكوری كوردستان پارتی چەپی سەوزی كوردی 53%ی دەنگەكانی بردووە و لە كۆی 8 كورسی شارەكە 6 كورسی بردووە و كورسیەكی شارەكەی لە ئاكپارتی سەندۆتەوە.ئاكپارتی دەنگەكانی لە وان بۆ 25% دابەزیوە و 2 كورسی بەدەستهێناوە لەكاتێكدا پێشتر 3 كورسی هەبووە.

لە شاری سیرتی باكوری كوردستان پارتی چەپی سەوز 47%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە كۆی 3 كورسی پارێزگاكە 2 كورسی بردووە,لەكاتێكدا ئاكپارتی 35% ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و 1 كورسی پارێزگاكەی بردووە.

لە پارێزگای باتمان پارتی چەپی سەوز 59%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە كۆی 5 كورسی 4 كورسی پارێزگاكەی بردووە.لە بەرامبەردا ئاكپارتی 24% ی دەنگی پارێزگاكە و كورسیەكی پارێزگاكەیان بردووە.

لە پارێزگای بەتلیسی باكوری كوردستان پارتی چەپی سەوزی كورد 40%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە كۆی 3 كورسی پارێزگاكە 2 كورسی بردووە،و كورسیەكی پارێزگاكەی لە ئاكپارتی سەندووە.لە بەرامبەردا ئاكپارتی 37%ی دەنگەكانی بردووە و 1 كورسی بردووە لەكاتێكدا پێشتر دوو كورسی هەبووە.

لە پارێزگای مووش،پارتی چەپی سەوز 50%ی دەنگەكان و 2 كورسی لە كۆی 4 كورسی بردووە و كورسیەكی پەڕلەمانی لە لەدەستداوە.لە بەرامبەردا ئاكپارتی رێژەی 23%ی دەنگەكانی بەدەستهیناوە و كورسیەكەی پێشوی گرەنتی كردۆتەوە.

لە پارێزگای ئاگری، پارتی چەپی سەوز 54%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لەكۆی 4 كورسی 3 كورسی پەڕلەمانی بەدەستهێناوە،لە بەرامبەردا ئاكپارتی 25%ی دەنگەكان و كورسیەكی پەڕلەمانی بەدەستهێناوە.

لە پارێزگای ئیغدیر، پارتی چەپی سەوز 44.5%ی دەنگەكان و كورسیەكی پەڕلەمانی بەدەستهێناوە،لە بەرامبەردا ئاكپارتی 35%ی دەنگەكان و كورسیەكی پەڕلەمانی بەدەستهێناوە.
لە پارێزگای قارس، پارتی چەپی سەوز 28%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و لە كۆی 3 كورسی پارێزگاكە تەنها 1 كورسی بەدەستهێناوە،لە بەرامبەردا هەریەكە لە ئاكپارتی و جەهەپە كورسیەكی پەڕلەمانیان بردووە.

لە پارێزگای تونجەلی، كە ناوچەی دەرسیمی عەلەوی نشین دەگرێتەوە و بەزمانی زازاكی قسە دەكەن،پارتی چەپی سەوز 43%ی دەنگەكانی بردووە و لە كۆی 2 كورسی شارەكە كورسیەكی بردووە و هێشتا چارەنوسی كورسی دووەم دیار نییە،لە بەرامبەریشدا جەهەپە لە تونجەلی كە شوێنی لەدایك بونی كلیچدار ئۆغڵووە رێژەی 32%ی دەنگەكانی بردووە،بەڵام هێشتا یەكلا نەبۆتەوە كورسیەكەی پێشوی دەباتەوە یان نا؟.

بەڵام لە پارێزگای بینگۆل، ئاكپارتی پێش پارتی چەپی سەوز كەوتووە و 39%ی دەنگەكان و كورسیەكی شارەكەی بردووە،لە بەرامبەردا پارتی چەپی سەوز 24% ی دەنگەكان و كورسیەكی پارێزگاكەی بردووە.

كارەساتی گەورە بۆ كورد لە پارێزگای رۆهای باكوری كوردستان رویداوە،چونكە لەو پارێزگایە ئاكپارتی لە كۆی 14 كورسی 8 كورسی و رێژەی 43%ی دەنگەكانی بردووە،لەكاتێكدا پارتی چەپی سەوز تەنها چوار كورسی پارێزگاكە و 25%ی دەنگەكانی بردووە.
لە پارێزگاكانی خارپێت و سەمسوور و مەلاتییە،ئاكپارتی نیوەی دەنگەكانی بردووە و دەنگی یەكەمە،لەدوای ئەویش جەهەپە بەپلەی دووەم دێت،هەرچی پارتی چەپی سەوزە وەك جاری پێشوو نەیتوانیوە هیچ كورسیەكی پەڕلەمانی لەم دووشارە كوردیە بەدەستبهێنێت و رێژەی دەنگەكانیشی لە خوار8% وەیە.
بەڵام لە پارێزگاكانی ئەرزرووم و غازی عەنتاب،كە دانیشتوانەكەی تێكەڵن پارتی چەپی سەوز لە هەریەكەیان كورسیەكی بردووە.

بەڵام لە پارێزگای ئەستەنبوڵ كە مەزەندە دەكرێت 2 ملیۆن كوردی تێدا بژی،گورزی گەورە بەر دەنگی كورد كەوتووە،چونكە ژمارەی كورسیەكانی لە 12 كورسیەوە بۆ 10 كورسی كەمیكردووە، و رێژەی دەنگەكانیشی لە 12% وە بۆ 8% كەمیكردووە.
بە ژمارەش دەنگەكانی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ 842 هەزار دەنگ،لەكاتێكدا هەدەپە لە 2018 1 ملیۆن و 195 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە،واتە تەنها لە ئەستەمبوڵ 350 هەزار دەنگ كەمیكردووە.
لە ئەنقەرەی پایتەختیش پارتی چەپی سەوز كورسیەكەی پەڕلەمانی لەدەستداوە و وەكو دەنگیش زیاتر لە 100 هەزار دەنگ كەمیكردووە،چونكە لە هەڵبژاردنی پێشوو لە ساڵی 2018 227 هەزار دەنگی لە ئەنقەرە بەدەستهێناوە،بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها 120 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
بەڵام لە ئیزمیری ناوەندی نەتەوەپەرستەكانی توركیا پارێزگاری لە 2 كورسیەكەی خۆی كردووە،بەڵام 100 هەزار دەنگ كەمیكردووە،چونكە لە 2018 334 هەزار دەنگی هێناوە لەكاتێكدا لەم هەڵبژاردنەدا 233 هەزار دەنگی هێناوە.

ئەوەی كە جێگای مەترسییە بۆ پارتی چەپی سەوز،هەڵكشانی خێرای دەنگی جەهەپەیە لە ناوچە كوردنشینەكاندا،هەرچەندە نەبۆتە هۆی بردنی كورسی لەناوچە كوردییەكان، بەڵام مەترسی بەرزبونەوەی دەنگەكانی جەهەپە لە ئایندەدا دەبێتە سەرئێشەی گەورە بۆ كورد.