بافڵ تاڵەبانی و چیا نەوشیروان دەتوانن پرۆژەکەی باوکیان تەواو بکەن؟

2023-05-21

دیبلۆماتیک


لەو پەیامەدا کە لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا بڵاوی کردەوە، بافڵ تاڵەبانی پرۆژەیەکی له نێوان یەکێتی و گۆڕاندا هێنایە بەرباس، کە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بەر لە مردنیان گفتوگۆیان دەربارەی کردبوو، دەیانویست جێبەجێی بکەن.

کاتێک بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا، باسی نزیکبوونەوەی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفای کرد، ڕێک ئەو پرۆژەیەی هێنایەوە گۆڕێ کە سەرۆکی کۆچردووی ئەو دوو حیزبە وەکو دوا پرۆژەی سیاسییان هەوڵی جێبەجێکردنیان داوە کە یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان بووە.

نەوشیروان مستەفا بەر لەمردنی و بەرلەوەی بچێت بۆ لەندەن بۆ چارەسەر باسی یەکگرتنی " یەکێتی و گۆڕان"ی کردووەو هەرچەندە خواستی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتیدا هەبووە، بەڵام لایوابووە کە یەکێتی یەک دەنگ و یەک را نین و باڵ و ڕەوتە جیاجیانی ناو یەکێتی لەمپەرن لەبەڕانبەر ئەو یەکگرتنەوەیەدا.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد باسیدەکات کە بەرلەوەی نەوشیروان مستەفا بە مەبەستی چارەسەر سەفەر بۆ لەندەن بدات، لەگەڵ " ئازادی مستەفا خۆشناو"دا سەردانیان کردووەو لەو سەردانەدا نەوشیروان مستەفا باسی یەکگرتنی " یەکێتی و گۆڕان"ی کردووە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێت:" ئازاد مستەفا وتی کاکە نەوە پرۆژەکەت گەیشتە کوێ، نەوشیروان مستەفا وتی، پرۆژەکەی من سێ خاڵی سەرەکی لە خۆ گرتووە، یەکەم، هێورکردنەوەی نێوان ئێمەو یەکێتی و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی یەکگرتنەوە، یان ڕێکەوتنی ستراتیژی، دوو، ئۆتۆنۆمکردنی (لامەرکەزی دەڤەری سەوز )، سێ، سەربەخۆکردنی ئابووری دەڤەرەکە لە دەرهێنانی نەوت و غازدا، بەوەی خۆمان دەریبهێنین و بیفرۆشین.
وەکو باسیکردووە، محەمەد پێنجوێنی، دەربارەی بۆچوونی مام جەلال، سەبارەت بە پرۆژەکەی، پرسیاری لە نەوشیروان مستەفا کردووە.
وتم: رای مام جەلال لەمبارەیەوە چییە، نەوشیروان مستەفا وتی لەگەڵ ئەودا بە درێژی باسم کردووە، ئەو هەموو خاڵەکانی لە لا پەسەندە، تەنیا یەک " تەحەفوز"ی هەیە و دەڵێت نابێت پرۆسەی فیدراڵی تێکبچێت و رێسەکەمان لێببێتەوە بە خووری،
 چونکە ئێمە تا ئێستا نە دەوڵەتین و نە سەربەخۆین لەم بڕیارە چارەنووسسازانەدا.

وەکو محەمەد ئەمین پێنجوێنی باسیکردووە، نەوشیروان مستەفا پێیووتووە کە یەکێتی یەک دەنگ و یەک ڕا نین و باڵ و ڕەوتی جیاجیان و ئەوەشی بە لەمپەری بەردەم پرۆژەی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان زانیوە.

وەکو هێمایەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو لەمپەرانەی کە نەوشیروان مستەفا پێیوابووە ڕێگرن لەوەی یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە،  بافڵ تاڵەبانی لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا وتی:" بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان، گومانم نییە کە لەگەڵ گۆڕان دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین، هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە ".

سەعدی ئەحمەد پیرەش ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر مەزاری نەوشیروان مستەفاوە  پرسی یەکگرتنەوەی " یەکێتی و گۆڕان" ی وروژاندو ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی 2017  نەوشیروان مستەفا چووە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لەوێ وتوویەتی، من بۆ پۆستوەرگرتن نەهاتووم، هاتووم لە سەلاموعەلەیکەوە تا یەکگرتنەوە ئامادەم.