لە بەغدا بارزانیەكان شۆك كران و یەكێتی و نەوەی نوێ‌ خەڵاتكران

2023-05-27

شەوی رابردوو لە لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق بەهۆی دەستكاریكردنی چەند بڕگەیەكەوە لە یاسای بودجە،كە بەتەواوی دژی رێكەوتنەكی حكومەتی هەرێم بەغدایە،پارتی بە تەواوی شۆك كرا و لە قازانجی نەوەی نوێ‌ و یەكێتی دوو بڕگە زیاد كرا،ئەوەش ئەوەندەی دیكە پارتی هەراسان كردووە.

لە پرۆژە یاساكەدا ٩ مەرجی كوشندە بۆ حكومەتی هەرێم دانراوە كە هەریەكەیان لەوی دیكە قورستر ئەكەوێت.

حكومەتی هەرێم پابەندكراوە بە فرۆشتنی لانی كەمی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، ئەگەر  حكومەتی هەرێم نەوتەكەی نەفرۆشرا،ئەوا دەبێت  ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی عێراق بكات بۆ بەكاربردنی ناوخۆیی

هەروەها لە پرۆژە یاساكەدا حكومەتی هەرێم پابەندكراوە  بە رادەستكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكانی لە گومرگ و باجەكان،ئەگەر پابەند نەبوو، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بەركار دەبێت و شایستە دارایەكانی هەرێم نانێردرێت

لە دەستكاریكردنەكەدا داواكاریەكی نەوەی نوێ‌ جێ كراوەتەوە و دەنگی لەسەر دراوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئەندامێكی لە لیژنەی دارایی هەبێت، بەپێی دەستكاریەكە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێت بە دانەوەی رێژەی لانی كەمی 10٪ـی لێبڕینی مانگانەی مووچەی فەرمانبەران.

هەرچەندە وا دەردەكەوێت زیادكردنی ئەم بڕگەیە لەسەر خواستی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ بوبێت،بەڵام جەمال كۆچەر،پەڕلەمانتاری یەكگرتوو لە لیژنەی دارایی كە تەنها ئیمزای لەسەر ئەم مادەیە كردووە دەڵێت:بەهەوڵی ئێمە ئەم بڕگەیە زیاد كرا.

 ئەوەی كە بەتەواوی پارتی نیگەران كردووە،زیادكردنی بڕگەیەكە بەدڵی یەكێتی كە دەڵێت ئەگەر پارێزگایەك ناڕازی بوو لە بەشە بودجەكەی لەلایەن هەرێمەوە،ئەوا راستەوخۆ لە پشكی هەرێم. دەبڕدرێت و بۆ پارێزگاكە دەنێردرێت.

پارتی لەسەر ئەم بڕگەیە بەتەواوی نیگەرانە و پێی وایە رێكەوتنی پێشوەختە و ژێربەژێر هەبووە لەنێوان یەكێتی و شیعەكاندا.

بەپێی پرۆژە یاساكە حكومەتی ناوەندی تەنها بە رادەستكردنی نەوت نەوەستاوە بەڵكو بەپێی بڕگە دەستكاریكراوەكان لەمەودوا بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم دەروازە سنوورییەكان بەڕێوە دەبەن.
لە هەمووی مەتریسیدارتر،پابەندكردنی هەرێمی كوردستانە بە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لە بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. كە راستەوخۆ مەبەست پێی بیرە نەوتەكانی خورمەڵە و كێڵگەی گازی كۆرمۆرە
جگە لە كێڵگەكانی شێخان و عەین زالە و ناوچە جێ ناكۆكەكانی دەوروبەری موسڵ. ئەمەش بەمانای لەدەستدانی نیوەی نەوتی هەرێمە،چونكە لەو 400 هەزار بەرمیلەی نەوتی هەرێم بەتەنها 200 هەزار بەرمیل نەوتیان لە خورمەڵە دەردەهێنرێت. 

 

خاڵێكی دیكە كە بەتەواوی بڕستی لەبەر پارتی بڕیوە ئەو بڕگەیەیە كە دەڵێت پارەی فرۆشی نەوتی  هەرێم دەخرێتە سەر ژمارە بانكیەك لەژێر سەرپەرشتی وەزیری دارایی عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە رەزامەندی وەزیری دارایی عێراق دەتوانێت لەو پارەیە خەرج بكات.ئەمەش بەلای پارتییەوە بەتەواوەتی لێدانە لە شكۆ و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت و وەك فازڵ نەبی،بریكاری پێشوی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت كەمكردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەتە بۆ خوار دەسەڵاتی وەزیرێك لە بەغدا.
هەروەها لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە مانگانە بڕەپارەیەك لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت بۆ دانەوەی قەرزی بانكە بازرگانیەكانی عێراق لای هەرێم.
لە كۆبونەوەی لیژنەی دارایدا 4 ئەندامی كورد بونی هەیە،دوانیان پارتین و بایكۆتی كۆبونەوەكەیان كردووە و ئیمزایان نەكردووە،ئەندامەكەی یەكێتی ئیمزای لەسەر پرۆژە یاساكە كردووە و بە هەموو بڕگەكانی رازی بووە،بەڵام پەڕلەمانتارەكەی یەكگرتوو،بە تەنها دەنگی لەسەر ئەو بڕگەیە داوە كە تایبەتە بەگەڕانەوەی 10%ی پاشەكەوتی موچەخۆران بەشێوەی مانگانە. 
دوابەدوای دەنگدان لەسەر پرۆژەكەش،فراكسیۆنی پارتی لە بەیانامەیەكدا رایگەیاند:ئەوەی یەكێتی لەبەغدا كردویەتی خیانەتە هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر،بەڵام بڵێسە جەبار فەرمان دەڵێت :تێكڕای بڕگەكان لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانن.

بڵێسە دەڵێت:ئەوەی پارتی نیگەران كردووە،كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەتە،پارتی دەیەوێت بەناوی هەموو كوردەوە نیگەرانی نیشان بدات.

هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی بەیانامەی نارەزایەتیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند دەستكاریكردنی ئەو بڕگانە پێچەوانەی رێكەوتنەكەمانە لەگەڵ حكومەتەكەی سودانی.

ماوەتەوە بڵێین ئایا نیگەرانیەكانی پارتی لای سەكردە باڵاكانی شیعە هیچ كاریگەریەكی دەبێت و ئامادەن لەبەر دڵی پارتی پێداچونەوە بە پرۆژەیاساكەدا بكەن؟