جارێکی تر کورد و شیعە شیریان لەیەک ڕاکێشا و کەوتنەوە گەڕێکی نوێی ململانێ

نیگەرانی کورد دەنگدان لەسەر بودجەی دواخست
2023-05-27

شەوی چوار شەممە حكومەتی هەرێم جارێکی تر کەوتەوە نێو تەلیسم و تەڵە نەتەقیوەکانی دەسەڵاتی شیعە و بەدانیشتنێکی دوو کاتژمێری ئەوەی حکومەتی ھەرێم خەونی پێوە دەبینی کرایە ھەڵم و بە ئاسمانی بەغدادا پەرت کرا . 

پێشتر دوو لە پەرلەمانتارانی شیعە ئەو پەرلەمانتارە دژ بەرانەی پێیان وایە کورد لەسەر گیرفانی شیعە و بەغداد دەژی و پێیان وابوو ڕێکەوتنی ھەرێم و ناوەند بەتەواوی لەقازانجی کوردە،بەڵام دواتر بیرۆکەکەیان گۆڕی کاتێک زانیان ڕێکەوتنەکە و حکومەتی ھەرێمش بەپێی خۆیان دەچنە سەر ئەو مێزەی بە پێنوسە سۆفتە ڕەشەکە دەتواندرێت ھەر بەندێك لە قاڵب بدرێت کە ئەوان دژبەرین. 

سێ پەڕلەمانتاری لیژنەی دارایی کە  بە نزیكی قەیس خەزعەلی، ڕێبەری عەسائیب دەژمێردرێن و ھەر لەسەرەتای ڕێکەوتنی کورد و شیعەوە ناڕازی و ناکۆک بون،بەبەرچاوی ئەندامە کوردەکانی لیژنەکەوە دەستکاری سێ بڕگە و دوو دێڕی مادەکانی سیازە و چواردەیان کرد و ھەموو شتێکیان قڵپ کردەوە و بەو جۆرە دەستکاری کردنەی ئەوانیش قەبارە و قورسایی حکومەتی ھەرێم وەکو شارەزایانی سیاسی دەڵێن تا ئاستی پارێزگارێک ھاوتا کرا،بە تایبەت کە گوتیان پارە و داھاتی نەوت ئیدی نابێت بە سەلاحیاتی مەسرور بارزانی بێت و دەبێت وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندی بدات بە سەرۆكی حكومەتی هەرێم. 

دەستكاریكردنی بڕگەكانی پڕۆژە یاساكە بەخێرایی ناکۆکی و ململانێی قوڵی خستە نێو کورد و شیعە و نزیک بوو لەوەی ھاوپەیمانی دەوڵەت لێک ھەڵبوەشێنێت و شەوی ڕابردووش ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی کوردستان بە تووندی ئەوەیان ڕەتکردەوە .

مەسرور بارزانی دەڵێت ئەوەی کراوە دژ بەو ڕێکەوتنەیە کە ئێمە لەگەتَ سودانی واژوومان کردوە،ناوھێنانی سودانی لەنێو تویتەکەی مەسرور بارزانی واتا جیاکردنەوەی دژبەرە شیعەکان و خستبە بەردەم بەرپرسیارەتی سەرۆکی حکومەتە بنکە فراوانەکەی بەغداد.

دەستکاری کردنەکە ھەر نێوانی کورد و شیعەی تێكنەدا، بەڵکو ناکۆکی و نا تەبایی نوێی خستە نێو ماڵی کورد کاتێک ئەندامەکانی لیژنەی دارایی لە پارتی و یەکگرتوو کۆبونەوەکەیان جێھێشت و ئەندامەکانی یەکێتی رەزامەند بون و واژوویان کرد.

 

واژووەکەی یەکێتی پارتی تورە کردوە و پێی وایە ئەوە ڕێککەوتنی پێشتری نێوان یەکێتی  و چەند لایەنێکی نێو ماڵی شیعیە بە تایبەت کە یەکێک لە بڕگەکان دەڵێت ھەر پارێزگایەک غەدری لێکرا و بودجەی پێویستی بۆ نەنێردرا ئەوا وەزیری دارایی سەرپشک دەکرێت لە ناردنی بودجەکەی بەجیا کە ئەمە پێشنیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، كە وەکو ئەندامێکی فراکسیۆنەکەیان رۆژی دوو شەم گوتی پێشتر لۆبیان بۆ کردبوو.

لە ھەمووی سەرنج راکێشتر لەنێو ئەو ململانێ و ناکۆکیانە بڕگەی ناچار کردنی حکومەتی ھەرێمە بەپێدانەوەی ١٠ لەسەدی مانگانەی موچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەران،کە ھەر لە سەرەتای جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە  هەموو لایەنەکان کەوتنە موزایەدەی ئەوەی کە ئەندامەکانی ئەوان بون جێگیریان کردوە .

لەگەڵ ئەوەی بریار بوو ئەمرۆ دەنگی کۆتایی لەسەر پرۆژە یاسایکە بدرێت و تێپەڕێنرێت و حکومەتی عێراق لەو قەیرانە دەرباز بکرێت کە تێی کەوتوە بەڵام نیگەرانیەکانی پارتی و چەند پەیوەندیەکی دوێنێی بەرپرسانی کورد و شیعە دانیشتنە چاوەروان کراوەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخست .

ھێشتا نازاندرێت ئەو بودجەیەی ھەشت مانگە ھەردوو حکومەت و ھەرسێ پێکھاتەکە چاوەرێی دەکەن دەبێتە خێر و خۆشی بۆ خەڵک و موچەخۆر و بازار یان دەبێتە نەگبەتیەکی تر و سەرەتای گەڕێکی تری ململانێکان .