ئەو ژنە کێبوو کە لە ساڵی 1990 دەیوویست حسک و حیزبی بەعس ڕێکبخات؟

2023-06-01

دیبلۆماتیک


لە کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی ۱۹۹۰ دا، لەسەر ڕاسپاردەی حیزبی بەعس، کار بۆ سازاندنی گفتوگۆو هەوڵی ڕێکەوتن لە نێوان حسک و حیزبی بەعسدا دەدات و بۆ ئەنجامدانی کارەکەشی، ژنەکە دەچێتە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لەوێ بەرپرسانی حسک دەبینێت.


محەمەدی حاجی مەحمود، لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا باسیدەکات کە لە مانگی ۷ی ساڵی ۱۹۹۰ دا، لە " ڕەزایە" کە ئەوکاتە بارەگای مەکتەبی سیاسی حسک لەوێبووە، بەیانییەک پێشمەرگەیەک " شێروان شێروەندی" کە ئەوکاتە ئەندامی سەرکردایەتی بووە،  لەخەو هەڵدەستێنێت و پێیووتووە ژنێک هاتووەو دەیەوێت بتبینێت.

شێروان شێروەندی بۆ محەمەدی حاجی مەحمودی باسکردووە کە ژنەکە خۆی ناساندووەو وتوویەتی ناوم " مەریەم"ەو ژنی مام قادری مام عەلی"م و خەڵکی سەروچاوەی ناوچەی خۆشناوەتیم.

وەکو محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی چوارەمی " ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک"دا باسیدەکات، ژنەکە کۆن شیوعی بووەو وتوویەتی ئێستا پەیوەندیم لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا هەیەو بە ئاگاداری مێردەکەم و کەس و کارەکەم و ئەمکارە دەکەم و من حکومەتی عێراق ناردوومی بۆلای ئێوەو داوای گفتوگۆو ڕێکەوتن لە حسک دەکەن.

بەپێی گێڕانەوەی محەمەدی حاجی مەحمود، هەریەکە لە مامۆستا سەعد عەبدوڵاو شێروان شێروەندی و قادر جەباری، کە لەوکاتەدا ئەندامی سەرکردایەتی حسک بوون، هەوڵەکەی " مەریەم"یان پێباشبووەو پێیانخۆشبووە کە حسک لەگەڵ عێراقدا ڕێبکەوێت.

محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت، ڕۆژی ۲۷ ــ ۷ ــ ۱۹۹۰، مەریەم و قادری مام عەلی مێردی و برایەکی قادرو دوو کوڕیتر کە ناویان " سەرۆ و محەمەد"بووە، لە " کانی دینار"ی شاری مەریوان هاتن بۆ لام، " قادر جەباری و حاجی حاجی برایم"یشیان لەگەڵدا بوو، وتیان ئەمە ژنی قادری مام عەلی"یەو ناوی " مەریەم"ەو وتیشیان ژنەکە زۆر جێگەی متمانەیە.

محەمەدی حاجی مەحمود باسیدەکات، کە لە کۆبوونەوەکەی " کانی دینار"دا، وتوویانە مەریم دەنێرینەوە بۆ عێراق و مەوعیدی کۆبوونەوەو گفتوگۆکان ڕێکدەخات.


وەکو لە بەرگی سێیەمی کتێبەکەی محەمەدی حاجی مەحمووددا باسکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەی کانی دیناردا، ڕێدەکەون کە وەفدی حسک بچنە ڕەباییەکانی لای گوندی میری سوور لە بناری سورێن و لەوێ دوو زابتی جەیشی عێراقی بە جێب قیادەیەک دەچن بە دەمیانەوە.

وەکو محەمەدی حاجی مەحمود باسیکردووە، وەفدی حسک کە لە " قادر جەباری و حاجی حاجی برایم و ئەحمەد قەدەفەری" پێکهاتبوون، لەڕۆژی ۳۱ی تەمموزی ساڵی ۱۹۹۰ دا دەچنە میری سوورو ڕۆژی دواتر وەفدی حکومەتی عێراقی دەچێت بەدوایانداو دەیانبەنە سەربازگەی گوندی " قاینەجە"و لەوێشەوە بە دوو لانکرۆزەرو پاسەوانەوە دەیانبەن بۆ فیرقەی " ۳٨" لە سەراوی سوبحان ئاغاو دواتریش دەیانبەن بۆ ئەمنی سلێمانی و لەوێ گفتوگۆ دەکەن و لە ۲ ــ ٨ ــ ۱۹۹۰ بروسکە بۆ بەغداد دەکەن کە وەفدی حسک هاتوون بۆ گفتوگۆ، بەڵام لە بەغدادەوە وەڵام دەدرێنەوە کە بەهۆی گرتنی کوەیت لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، سەرۆک، واتە سەددام حسێن تا ۱۱ ــ ٨ ــ ۱۹۹۰ ناگەڕێتەوە بۆ بەغداد، بۆیە دەبێت تا ئەوکاتە چاوەڕوان بکەن.

بەپێی گێڕانەوەی محەمەدی حاجی مەحمود، داگیرکردنی وڵاتی کوەیت لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە پرۆسەی گفتوگۆکەی نێوان حیزبی بەعس و حسک و هەوڵەکەی مەریەم لە سلێمانی زیاتر بڕ نەکات و لە ۳ ــ ٨ ــ ۱۹۹۰ لە ڕێگەی دوکان و ڕانیەوە وەفدەکەی حسک دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی.