محەمەدی حاجی مەحمود: چەکم دا بە خزمەکانی عەلی عەسکەری تا سامی عەبدولڕەحمان بکوژن

2023-06-16

دیبلۆماتیک

لە بەرگی سێیەمی کتێبەکەیدا، محەمەدی حاجی مەحمود باس لە هەوڵی کوشتنی سامی عەبدولڕەحمان دەکات لە لایەن چەند کەسێکی خزمی عەلی عەسکەرییەوەو دەشڵێت من چەک و پارەو پێداویستییەکانم بۆ دابینکردن بۆ ئەوەی سامی عەبدولڕەحمان بکوژن.


محەمەدی حاجی مەحمود، لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا، ڕووداوەکە دەگێڕێتەوەو دەڵێت:" لە ٨ ــ ۷ ــ ۱۹۹۰ لە مەریوان بووم، هەندێک لە کەس و کاری عەلی عەسکەری هەوڵی ئەوەیان دەدا، تەقە لە سامی عەبدولڕەحمان بکەن و لە تۆڵەی عەلی عەسکەریدا بیکوژن، چونکە سامی عەبدولڕەحمان لە شەڕی هەکاریدا عەلی عەسکەری بە دیلی ئیعدام کردبوو".

وەکو لە بیرەوەرییەکانیدا باسیدەکات، کەس و کارەکەی عەلی عەسکەری چوونەتە لای محەمەدی حاجی مەحمودو داوای چەک و پێداویستییان کردووەو ئەویش چەک و هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کردوون.

سامی عەبدولڕەحمان یەکێکبووە لە کەسە هەرە نزیک و  متمانەپێکراوەکانی مەلا مستەفای بارزانی و لەپاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولیش یەکێکبووە لە کاریگەرترین ئەوکەسانەی کە دووبارە " پارتی"یان دروستکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا، لە ساڵی ۱۹۷۹ و لەسەر وەختی کۆنگرەی نۆدا لە پارتی جیابوویەوەو سێ ساڵ پاش ئەوەش حیزبێکی بەناوی " پارتی گەل" دروستکردو لە ساڵی ۱۹۹۳ گەڕایەوە بۆناو پارتی.

وەکو محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا باسیدەکات، شێخ ئەحمەدی شەدەڵەو حاجی عەدنان و چەند کەسێکیتری لە خزمەکانی عەلی عەسکەری، پلانیان وابووە کە لە شاری " ئورمیە" کە بارەگای سەرەکی حیزبەکەی سامی عەبدولڕەحمانی لێیە یان لەکاتی هاتنی بۆ " قاسمە ڕەش" بۆ کۆبوونەوەی حیزبەکانی بەرەی کوردستانی تەقەی لێبکەن و بیکوژن.

 لە ڕۆژژمێرەکەی محەمەدی حاجی مەحموددا هاتووە، شێخ ئەحمەدی شەدەڵەو حاجی عەدنان لە شاری " ئورمیە" بەرلەوەی هەوڵی کوشتنی سامی عەبدولڕەحمان بە ئەنجام بگەیەنن، لە لایەن ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن و دوای ماوەیەک لە دەستگیرکردنیشیان، ئیعتراف لەسەر ئەوە دەکەن کە محەمەدی حاجی مەحمود چەک و پێداویستی بۆ دابینکردوون و ناردوونی تا لە تۆڵەی عەلی عەسکەریدا سامی عەبدولڕەحمان بکوژن.

 دوای دانپێدانانی دەستگیرکراوان، ئیتڵاعات محەمەدی حاجی مەحمود بانگ دەکەن و بە " شێخ محەمەد شاکەلی" یش کە ئەوکاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حسک بووە دەڵێن محەمەدی حاجی مەحمود کارێکی خراپ و خەتەری کردووە.

محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:" ئیتڵاعات پێیانووتم تۆ دۆستی ئێمەیت، شەرمەزارین کە بانگمان کردوویت، دەبوو دەعوەتمان بکردیتایە، بەڵام هەرشتێک لەناو ئێراندا ڕووبدات زەرەری هەیە، وتم شێخ ئەحمەدو حاجی عەدنان هەرچیان وتووە ڕاستەو بەڵێ من ئەوانم ناردووە بۆ کوشتنی سامی عەبدولڕەحمان و چەک و پارەو پێداویستیشم بۆ دابین کردوون".

دەربارەی هۆکاری ئەوەی کە بۆچی هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە بۆ کوشتنی سامی عەبدولڕەحمان، محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی:" سامی عەبدولڕەحمان لەشەڕی هەکاری دا تاوانباری جەنگ بوو، بڕیاری بارزانی جێبەجێ دەکرد، بە حەقم دەزانی کە سامی بکوژرێ، چونکە زەرەری لە شۆڕش داو کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوسەنگەرمی بە دیلی شەهید کرد کە من خۆم بە میراتگریان دەزانم".