لە ھەولێردا چی دەگوزەرێت ؟

ــ زەووی بە بەرپرسانی سونە و ھونەرمەندە فارسەکان دەدرێت ! ــ کێ زەووی دەبەخشێت و بەھاکەی چەندە ؟
2023-06-19
وردە وردە فەزاحەتی پێدان و تەرخان کردنی زەوویە ڕاقی و گرانبەھاکانی ھەولێری پایتەخت بە خەڵکانی نامۆ و سیاسی و ھونەرمەند و فیگەرە دیارەکان ئاشکرا دەبن و بەپێی بەدواداچونەکانیش لە ماوەی سالێکدا بە بەھای سەدان ملیۆن دۆلار زەووی بە دیاری دراون بە سەرانی سونەی عێراق و پەرلەمانتار و ھونەرمەندانی فارس و ئێرانی .

زەوویە گرانبەھاکانی ھەولێری پایتەخت بەپێی زانیاری و بەدواداچونەکان لەسەردەمی کابینەی حەوتەم و ھەشتەم و لەسەر داوای گەورە بەرپرسێکی ئەوکاتی حکومەت و بە نیازی ڕاکێشانی  کەسایەتیە دیارەکان بۆ پایتەخت دراون کە بەھای ھەر زەوویەکیان دەیان ملیۆن دۆلارە .

بۆ نمونە لەسەر ڕێگای بەحرکە لەسەر زەووی ژمارە ٧ /١٣٧ ی گرد جوتیار لەبەرواری ٨ـی نیسانی ٢٠١٧ زیاتر  ١١٢٩٩ مەتر زەووی گرانبەھا بە ناوی دروست کردنی ھۆتێل دیلان دراوە بە ھونەرمەندی گۆرانی بێژ  جەمشید خەیری موقەدەمی، خاوەن گۆرانی شیرینە سەوزە کە دواتر ھونەرمەندەکە رەگەزی زەوویەکەی گۆڕیوە بۆ نیشتەجێبون و بەوەش بەھای پرۆژەکەی لەسەدا سێ سەد و پەنجا زیاد بوە .
پێشتر و لە ئازاری ساڵی ٢٠١٥ دا لەسەر داوای نوسینگەی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەت و لەسەر زەووی ژمارە ٦/١٦٧ لە نزیک پرۆژەی ٣٢ پارک و ناوجەرگەی پایتەختدا دوازدە دۆنم زەووی درا بە بازرگانێک بە ناوی نزار بۆ دروست کردنی چل و دوو ڤێلای ھەزار مەتری بەڵام دواتر لەبری پرۆژەکە بازرگانە عەرەبەکە بە مەتر تەواوی زەویەکەی فرۆشتەوە کە بایی دوو سەد و چل و دوو ملیۆن دۆلار بوو .

پێدان و بەخشینی زەووی گرانبەھا و خەیاڵی بەشێوەی ھەوایی و بێ پێشینەی کاری بازرگانی بەناوی گەشتیاری و وەرزشی لە پایتەختدا زۆر بوون کە دواتر خاوەنەکانیان ڕەگەزەکەی دەگۆڕن بۆ نیشتەجێبون بەو پێیەی نیشتەجێبون و شووقە پارەی زۆرتر دەکەن .

بەپێی وتەی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمە سالح و لەنوێترین بەدواداچونی دا سەرکردەی سونەکانی عێراق مشعان الجبوری زەوویەکی گرانبەھای پەنجا ھەزار مەتری لەسەر ڕێگای بەحرکە پێدراوە کە لە ئێستادا دکتۆرە حەنینی کچی سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبونە لەسەری کە پێکھاتوە لە چوار باڵەخانەی ٣٢ نھۆمی و وەکو پەرلەمانتارەکە دەڵێت تەنها بەھای زەوویەکە ١٥ ملیۆن دۆلارە.

پێشتریش لەساڵی ٢٠١٨ و لەسەر زەوویەکانی ژمارە ١٧٥ تا زەووی ژمارە ٢٢٤ لە کەرتی هەشتی بێرکۆت و پیرزین ١٣٥  دۆنمی گرانبەھا بەناوی پرۆژەیەکی خەیاڵی درابوون بە کەسێکی تر کە دواتر نە زەوویەکەی کردە پرۆژەکە و نە ڕادەستی حکومەتیشی کردەوە .

ئەوەی روونە پێدانی زەوییە نایاب و گرانبەهاکانی پایتەخت، بە کەسانی سیاسی و هونەرمەندی بیانی، ئامانج لێ خزمەتکردنە بە حیزب و دەسترۆیشتوەکانی و بە هیچ شێوەیەک بۆ خزمەتکردنی هەولێر و خەڵکەکەی و کەرتی وەبەرهێنان نەبوە.

هەر ئەوەندەش نا، بە پارەی تەنها یەکێک لەو پارچە زەوییانە دەتوانرا کێشەی دەیان گەڕەکی وەکو هەشتی حەسارۆک لە خزمەتگوزاری و تاپۆکردن چارەسەر بکرێت، کە دەیان ساڵە خەڵکی ئەو گەڕەکە لە کولەمەرگی و بێدادیدان و کێشەکانیان بۆ چارەسەر ناکرێت.