ئەمریکا سیستمی بەرگری بە کورد دەدات و ئێران ئاگر دەگرێت

ــ ئەمریکا کوردستان دەکاتە ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکەدا ؟ ــ ئێرانیەکان شەوی ڕابردوو بۆ توڕە بوون ؟
2023-06-27
لە نوێترین پێشھاتی ئەمنیدا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و کۆنگرێس سەرقاڵی تاوتوێ کردنی پڕۆژەی پێدانی سیستمی بەرگری پاراستنی ئاسمانین بە پێشمەرگە و ھەوڵەکەش ئێران و شیعەکانی عێراقی توڕە و نیگەران کردوە .

بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی میدڵ ئیست ئای ئەمریکی کۆنگرێسمانی کۆماریەکان دۆن باکۆن پڕۆژە یاسایەکی نوێی لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگری ئامادە کردوە بۆ پێدان و مسۆگەر کردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بە پێشمەرگە و بەپێی زانیاریەکان پڕۆژەکەی باکۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەزامەندی وەرگرتوە و بڕگەکە ھەموار کراوەتەوە .

دۆن بۆ واشنتن پۆست گوتویەتی لەبەر گرنگی و ستراتیجی کوردستان و ھاوپەیمانی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندی ئەمریکا و کورد و ھاوپەیمانان لە موشەکی ئێرانیەکان و میلیشیاکانی ھەستاون بە ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیە و گوتوشیەتی تا ئێستا ھیچ ڤیتۆیەک لەسەر پرۆژەکە نیە و ھەردوو فراکسیۆنی کۆماری و دیموکراتەکان بە تووندی لایەنگری دەکەن و تەنھا لەنێو کۆنگرێس دەنگ بھێنێت دەست بەجێ پێشمەرگە دەبێتە خاوەنی سیستمی بەرگری خۆی کە ئەوەش دوای ئیسرائیل ، کورد دەبێتە دووەم چانس لە ناوچەکەدا کە بەو خێراییە بوبێتە خاوەنی ئەو سیستمە پێشکەوتووە .

بڵاوبونەوەی زانیاریەکانی پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی بە پێشمەرگە ھەر زوو ئاگری لە نێو ماڵی شیعەی عێراق و خودی ئێرانیش بەرداوە ھەر بۆیە ئێوارەی دوێنێ ھەر یەکە لە دەوڵەتی یاسا و فەتح و نەسر دژایەتی دەست بەجێیان ڕاگەیاند و دوای ئەوانیش ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایەتی توندی لەسەر پڕۆژەکە دەربڕی و داوای ڕون کردنەوەی لە بەرپرسانی کورد و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد .

بابەکر زێباری سوپا سالاری پێشوی عێراق و ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێم جگە لە پشتڕاست کردنەوەی ھەوڵەکە بە گرنگیەوە باسی لە دابین کردنی ئەو سیستمە بۆ کورد کرد و گوتی ئەمریکا چەندین ساڵە تورکیا و سعودیا و عێراق داوای لێدەکەن و پێیان نادات ئەوە کە دەیدات بە کورد واتا ھەم کورد ھاوپەیمانی ستراتیجی ئەمریکایە و بەلایەوە گرنگە ھەم فشارە موشەکیەکانی ئێران و تورکیا فاکتەر بوون .




عەباس المالکی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا ئێوارەی دوێنێ لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگای المعلومە گوتویەتی شیعەکان و دەوڵەتی یاسا زۆر نیگەرانن لەو ھەوڵ و بڕیارەی ئەمریکا و پێان وایە ئەوە جیاکردنەوەی ڕاستەوخۆی کوردە و بچوک کردنەوەی زیاتری عێراقیشە و ئەوان قبوڵیان نیە سیستمی بەرگری ئاسمانی بە کورد بدرێت و ئەو نیگەرانیانەش بە بەرپرسانی ئەمریکا دەدەن .

دەنگۆی پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بە کورد و پێشمەرگە جوڵەی نوێی لە ناوچەکەدا دروست کردوە و ئێران و تورکیا و عێراقی ھێناوەت سەر ھێڵ و ئەوەی لەو نێوەندەدا خۆی بێدەنگ کردوە کوردە کە نازانرێت بەم خێراییە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن .

کۆنگرێسمانەکە گوتویەتی دەبێت سەرکردایەتی کورد و پێشمەرگەکانیشیان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێ ئامادە بکەن و دوای ڕەزامەندی کۆتایی پێشمەرگە لەلایەن پسپۆڕانی ئەمریکیەوە  ڕاھێنانیان پێدەکرێت و ئیدی ھەرێمی کوردستان و ئاسمانەکەی سەلامەت دەبن لە ژێر رەحمی موشەکە کیشوەر بڕەکانی فاتیح و فاتمە و زەھرا و درۆنی بەیرەقداری تورکی .

پێدانی سیستمی بەرگری لەلایەن ئەمریکاوە لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە مانگانە وەزارەتی بەرگری بیست ملیۆن دۆلار ھاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەکات و سیستمە نوێیەکەش فراون کردنی ھەماھەنگی نێوان کورد ئەمریکایە .

سیستمی بەرگری ئەمریکی لە دونیادا خواستێکی زۆری لەسەرە و لە یەک کاتدا ئۆکراین ، کەنەدا ، قەتەر و ئیمارات و سعودیا و عێراق و ئوردون داوای دەکەن و دەیانەوێت بەو جۆرە خۆیان لە ھەرەشەکانی ئێران تورکیا ڕوسیا بپارێزن و سیستمەکەش بە پێشکەوتووترین پیشەسازی جەنگی لە دونیادا دادەنرێت و یەکەمین جاریشە ئەمریکا لەبری فرۆشتن بە بەخشین بیدات بە وڵات یان شوێنێک لە دەرەوەی وڵاتەکەی و پێشتر دووجار بە سعودیا و ئیماراتی فرۆشتوە و ھێشتاش پێی نەداون .