فەڕەنسا دەسووتێت

2023-07-01
دیپلۆماتیک

تادێت خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا فراوانترو توندوتیژتر دەبن و دۆخەکە هێندە سەخت و ئاڵۆز بووە کە چاودێران بە سەرەتای درووستبوونی جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە ناوی دەبەن.


بەهۆی کوشتنی گەنجێکی تەمەن حەڤدە ساڵی بەڕەگەز جەزائیری لە لایەن پۆلیسی فەڕەنساوە، چوار ڕۆژە " پاریس"ی پایتەختی فەڕەنساو چەند شارێکیتری ئەو وڵاتە کەوتووەتە سەر ئاگرو بەردەوامیش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.



لە بەرانبەر کوشتنی گەنجێک لە لایەن پۆلیسی پاریسی پایتەختەوە لە گەڕەکی " نانتێر" لە هێڵێکی پشکنیندا، جوار ڕۆژە خۆپیشادانی فراوان و پڕ لە توندوەیژی " پاریس"ی پایتەخت و چەند شارێکی ڕۆژئاوای فەڕەنسای گرتووەتەوە.

توڕەیی خۆپیشاندەرانی فەڕەنسا بەشێوەیەکە کە ئەوان ئاگریان لە هەزاران ئۆتۆمبێل و سەدان شوێنی گشتی و بازاڕو دوکان بەرداوەو دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن.

ــ لە چوار ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، زیانەکانی حکومەتی فەڕەنسا بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت،  " ئەریک زيمور" کاندیدی پێشووی سەرۆککۆماری فەڕەنسا دەڵێت، دۆخەکە لە لێواری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆدایە.

لە خۆپیشاندانەکانی چوار ڕۆژی ڕابردووی فەڕەنسادا، سەدان ئۆتۆمبێل و دەیان قوتابخانەو دامودەزگاو بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان سوتێنراون و هەم تاڵانکراون.

هەرچەندە حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ چلوپێنج هەزار پۆلیسیان بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران خستووەتەکار، بەڵام دۆخەکە لە کۆنترۆڵی پۆلیس دەرچووەو توندوتیژییەکانیش بەردەوام لەزیادبووندان.




ــ ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند، کە تەنها لە چوارەم ڕۆژی  خۆپیشاندانەکاندا 994 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە.

چاودێران و میدیا جیهانییەکان دەڵێن، ئەوەی لە فەڕەنسا ڕوودەدات، تەنها کاردانەوەی کوشتنی گەنجە حەڤدە ساڵە جەزائیرییەکە نییە لە لایەن پۆلیسەوە، بەڵکو کاردانەوەو توڕەیی کۆمەڵگای فەڕەنسییە بەرانبەر حکومەت و سیستم و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.

زانیاری و دیمەنەکان نیشانی دەدەن کە بە ڕاگەندیاندنی باری نائاسایی و گرتنی سەدان خۆپیشاندەر پێناچێت بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوەو جارێکیتر فەڕەنسا بگەڕێتەوە دۆخی بەر لە خۆپیشاندانەکان.