ڕامانێک لە یاخیبوونەکەی ڤاگنەر و ڕۆیشتنی برۆگۆژین بۆ وڵاتی بیلاڕووسیا

2023-07-01
هێمن خورشید

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕووداوێکی کتوپڕ و بێ چاوەڕوانی لە ڕووسیا ڕووی دا، ڕووسیایەک ساڵ و نیوێکە لە شەڕێکی گەورەدایە و نەیارەکانی یەک و دوو وڵات نین، بەڵکوو گەورەترین هێزی سەربازیی جیهانە کە ناتۆیە.

ئەم ڕووداوە کتوپڕە لەم هەفتەیەدا هەموو دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و تا ئێستایش بە تەواوی ڕوون نییه ئەوەی ڕووی دا چ بوو؟ یاخیبوون؟ شۆڕش؟ سەرەتای شەڕی ناوخۆ؟ 

بەیانیانێک کابرایەکی سەرشێت و ملهووڕ "یەڤگینی بریگۆژین" سەرۆکی کۆمپانیای "ڤاگنەر" کە کۆمپانیایەکی سەربازیی ڕووسییە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاتووە سەر شانۆی ڕووداوەکان و بەرانبەر بە پارە له هەندێ وڵاتدا شەڕ دەکات و ساڵ و نیوێکیشە هاوشانی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە بەرەکانی جەنگی ڕووسیا- ئۆکرانیادا دەچێتە پێش...

ئەم سەرۆکە تووڕە و تەوسنە کە هەمیشە زاری پڕە لە جنێو و هەڕەشه، لەپڕ دێت بەسەریدا و ئاراستەی هێزەکانی ١٨٠ پلە دەگۆڕێت و پشت دەکاتە دووژمن و ڕووە و ناوخۆی وڵاتەکەی بەخێراییەکی خەیاڵی دەئاژوێ، بۆ؟ بە قسەی خۆی لەپێناو یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان ڤاگنەر و هەندێ سەرکردەی سەربازیی ڕووسیادا لە ناویشیادا وەزیری بەرگری "شۆیگۆ" کە شەش مانگ زیاترە ناکۆکییان لەنێواندایە و سەرەتا وزارەتیی بەرگریی بە بە نەناردنی پشتیوانیی سەربازی بۆ هێزەکانی ڤاگنەر تۆمەتبار دەکرد و لەم دواییانەیشدا بەوەی گوایە لە پشتەوە لە هێزەکانیانی داوە!

ڤاگنەر سەرەتا یەک دوو شاری گرت، لەوانە ڕۆستۆڤ و دواتریش بەخێرایی بەرەو مۆشکۆی پێتەخت بەڕێ کەوت و نزیکەی ٧٠٠-٨٠٠ کیلۆمەتری لە کەمتر لە ڕۆژێکدا بڕی!




دنیا شڵەژا و میدیاکان کەوتنە گواستنەوەی هەواڵی یەک لە دوای یەکی ئەم ڕووداوە چاوڕواننەکراوە، دۆستانی ڕووسیا پرسەیان گرت و دووژمنەکانی کردنیان بە شایی، کەچی نە پرسە زۆری خایاند و نە زەماوەند، لەپڕسەرۆکی بیلاڕووس "ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ" هاتە سەر خەت و وەک فریادڕەسێکی نێو ئەفسانەکان فوویەکی کرد و دوو ئاگری شەڕ کوژایەوە، توانیی "ڤلادیمیر پووتن"ی تووڕە لە خیانەت و گەفکەر بە تۆڵەسەندنەوە لە یاری دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆی قایل بکات وازی لێ بێنێت، بریگۆژینی سەرشێتیشی قایل کرد دەست لە یاخیبوون هەڵبگرێت و بڕوات ببێت بە میوانی بیلاڕووسیا!

وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، نەیارەکان ئەگەرچی نەبوونەوە بە یار، بەڵام دەستیان لە دووژمنایەتی هەڵگرت و زریان دامرکایەوە و ئاو بە ئاگری شەڕدا کرا و کوژایەوە....

دووژمنانی ڕووسیا بێئومێد بوون و چوونەوە قەپێلکی خۆیان... لێ هێشتا باسی ئەو یاخیبوونە لەپڕەی لە خەو دەچوو نەبڕاوەتەوە.

شیکەرەوە سەربازییەکان و میدیا بەناوبانگەکانی جیهان زۆریان لەو بارەوە وت و هێشتایش دەیڵێن، یەکێک گوتی ئەوەیە چارەنووسی پشبەستن بە خۆفرۆش، هەرکەس پشت بە خۆفرۆشان ببەستێت، ڕۆژێک دێت یەخەی خۆی دەگرێت!
یەکێک گوتی سوپای ڕووسیا چی لێهات وا ڤاگنەر لە چەند سەعاتێکدا گەیشتە نزیکی مۆسکۆ؟
یەکێک گوتی دوو دۆستەکەی دوێنێ ئەمڕۆ بوون بە دوو دووژمن!
یەکێک گوتی سەرەتای کۆتایی دەسەڵاتی ڤلادیمێر پووتینە...

هەریەکە و بە کەیفی دڵی و چۆنی حەز لێ بوو قسەی لەبارەی بابەتەکەوە کرد...

لێ تا چەند ڕۆژ دواتر کەس جووجووڵەی گومان لە هێلکەی خەیاڵییەوە نەتروکا و پرسیاری ئەوەی بریگۆژین چۆن وا لەپڕێکدا بڕیاری پەلاماردانی دا و کەچی لە پڕێکیشدا پاشگەز بوویەوە؟

بریگۆژینێک کە بەحیساب خیانەتی کرد و خیانەتیش ئەو تاوانەیە کە پووتین هەرگیز لێی خۆش نابێت، چۆن بوو پووتین چاوی لێی نوقاند و لە کون فەیەکوونێکدا بوو به میوانی لۆکاشینکۆی هاوپەیمان و هاوڕێی پووتین؟ 
قەینا لێی خۆش بوو، ئەی چۆن ڕێگەی دا دوازدە هەزار سەرباز لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ وڵاتی بیلاڕووسیا؟
هێزێک کە ئامادە بوو خیانەت لە وڵاتەکەی خۆی بکات، چۆن سەرۆکی وڵاتێکی تر متمانەی پێ دەکات و نەک هەر میوانداریی دەکات، بگرە ڕێی دەدات سەربازگە لەسەر خاکی وڵاتەکەی بکاتەوە و ڕاهێنانی سەربازی ئەنجام بدات؟




لەوەیش سەیرتر؛ سەرۆکی بیلاڕووسیا ئەوەندە بێباکە لەئاست پووتین و لەبری سزادانی نەیارەکەی، دەیهێنێتە وڵاتەکەی و ڕێزی لێ دەنێت؟

خاڵێکی زۆر گرنگی تر کە کەم کەس بیریان بۆی چوو ئەوە بوو نزیکەی هەفتەیەک بەر لە یاخیبوونەکەی ڤاگنەر، ڕووسیا بە فەرمی چەکی ناوەکیی تەکتیکی ڕەوانەی بیلاڕووسیا کرد، هەفتەیەک دواتر ڤاگنەریشی بە دیاری نارد بۆ ئەو وڵاتە!

پووتین کە بەر لەوەی سەرۆک بێت پیاوێکی ئیستیخباراتییە و ژیانی لەوێوە دەست پێ دەکات، چۆن دەبێت هێندە سادە بێت هەنگاوەکانی پێشوەخت بخوێنرێنەوە؟ 

مەتەڵی پووتین ڕۆژاوای ماندوو کردووە، لەم ڕۆژانەی دواییدا شیکەرەوە سیاسییەکانی غەرب دەستیان کردووەتەوە بە دەربڕینی بۆچوونی جیاواز دەربارەی یاخیبوونەکەی ڤاگنەر، هەندێکیان دەپرسن کێ ناڵێت ئەو ڕووداوە شانۆگەری نەبوە و ڕێکەوتنی نێوان پووتین و بریگۆژین خۆیان بووبێت؟! ئینجا دەڵێن ئەگەر وایە، هۆکاری دەرهێنانی ئەو شانۆگەرییە چییە؟ هەندێ لە شیکەرەوەکان پێیان وایە بۆ دۆزینەوەی خیانەتکارانی نێو سوپایە...

 دوای ڕۆیشتنی هێزەکانی ڤاگنەر بۆ بیلاڕووسیا، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت دراوسێکانی بیلاڕووسیا ترسی خۆیانیان نەشاردەوە، چەند شیکەرەوەیەکیش گومانی ئەوەیان خستە ڕوو ڕەنگە ڕووسیا بیهەوێت لە ڕێی ڤاگنەرەوە، لە خاکی بیلاڕووسیاوە، لەپڕ پەلاماری کیێڤی پێتەختی ئۆکرانیا بدات و غافڵگیرانە داگیری بکات!

هێشتا سەرەتایە و کۆتاییەکەی دیار نییە...