کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، جەنگی ڕووسیاو ئۆکرانیا بەکوێ دەگەیەنێت؟

2023-07-13
دیبلۆماتیک

لە ڕۆژانی 11 و 12ی ئەم مانگەدا، بە بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 31 وڵاتی ئەندام لە ناتۆ و پێنج وڵاتی چاودێر، لوتکەی 33 هەمین ناتۆ، لە شاری " ڤێڵینیۆس" ی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوە چوو.

جیا لەوەی کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پشتیوانی خۆیان بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتییەکە دووپاتکردەوە، هاوکات لە لوتکەی ناتۆوەو لە پایتەختی وڵاتی لیتوانیاوە، بڕیاری هاوکاریکردنی زیاتری سەربازی بە ئۆکرانیا دراوەو ڕووسیاش ڕایدەگەیەنێت کە وەڵامی بڕیارەکانی ناتۆ دەدەنەوە.


تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە پایتەختی وڵاتی لیتوانیا، هاوکاریکردنی ئۆکرانیاو پرسی بە ئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیا بوو لە هاوپەیمانیەتییەکەدا.

 لە سەرەتای دەستپێکردنی لوتکەی ناتۆدا، یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتییەکە ڕایگەیاندو کە بڕیاری بەهێز دەدەین لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا چونکە ئۆکرانیا کێشەی گەورەی هەیە، ئەویش نەبوونی چەکی پێوویستە، ئێمەش لەسەرمان پێوویستە چەکی زیاتر رەوانەی ئۆکرانیا بکەین و هاوکاری زیاتری سەربازی پێشکەش بەو وڵاتە بکەین.

لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا میخائیل میشوستین، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕووسیا ڕایگەیاند کە وەڵامی گونجاویان دەبێت ئەگەر کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ بڕیارێک بدات و ببێتە هەڕەشە بۆسەر ڕوسیاو هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش وتی، مۆسکۆ هەنگاوی گونجاو دەنێت دژی ئەگەری فراوانبوونی ناتۆو بڕیارەکانی دژ بە ڕووسیا.




جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی لە هەڵوێستی سکرتێری گشتی ناتۆ سەبارەت بە پشتیوانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا وتی، کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ پێش کۆتایهاتنی شکستی هێناوەو
لەبەرانبەریشدا، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکاش ئاماژەی بەوەدا، کە پۆتین لە هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی کەلێن لە هاوپەیمانی ناتۆ شکستیهێناوە.

بە پاساوی ئەوەی کە ڕووسیا لە جەنگەکەدا بۆمبی هێشوویی بەکارهێناوە،  سکرتێری ناتۆ ڕایگەیاند کەئۆکرانیاش مافی خۆیەتی ئەو چەکە بەکاربێنێت.
سکرتێری ناتۆ وتی،  رووسیا بۆمبەکەی دژی ئۆکرانیا بەکارهێناوە، ئۆکرانیاش مافی ئەوەی هەیە بە بۆمبی هێشوویی بەرگری لە خۆی بکات.
ئیمانۆئێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لە لوتکەی کۆبوونەوەی ناتۆوە ڕایگەیاند کە پاریس موشەکی مەودا درێژ دەنێرێت بۆ ئۆکرانیاو وتی، بڕیارماندا موشەکی مەودا درێژ بۆ ئۆکرانیا دابین بکەین بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات.

لە بەرانبەر بڕیاری پێدانی موشەکی مەودا درێژ لە لایەن فەڕەنساوە بە ئۆکرانیا، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایەیاند کە بڕیارەکەی فەڕەنسا بۆ دابینکردنی موشەکی مەودا درێژ بۆ ئۆکرانیا هەڵەیە و کاریگەری گەورەو خراپی دەبێت.

لەپاش نیگەڕانییەکانی ڕووسیا، بەرپرسێکی باڵای سەربازی فەڕەنسا لە ڕێگەی ئاژانسی " ڕۆیتەرز"ەوە ڕایگەیاند کە پاریس دڵنیایی لە ئۆکرانیا وەرگرتووە کە موشەکە مەودا درێژەکان تەنها لەناو ئۆکرانیادا بەکاردەهێنرێن.

لەپاش کوبوونەوەی سیوسێ هەمینی لوتکەی ناتۆ، ئەندامانی ناتۆ لە " ڤیلینۆس" ی پایتەختی لیتوانیاوە پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرانبەر ڕووسیاو ئەوان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن بۆ بەرگرتن لە دوژمنکارییەکانی ڕوسیا.. 

دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە پاش بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ،  ڕایگەیاند کە جەنگی جیهانی سێیەم نزیک دەبێتەوەو وتیشی ئێمەو ناتۆ لە لێواری جەنگداین.