سودانی دەیەوێت نەوتی خاوی كوردستان بگۆڕێتەوە بە غازی ئێران

بەغدا نەوتی كوردستان دەگۆڕێتەوە بە كارەبای عێراق
2023-07-16
محەمەد شیاع سودانی سێ‌ شەممەی رابردوو رایگەیاند عێراق پلانی هەیە نەوتی خاوی عێراق بگۆڕێتەوە بە غازی ئێرانی و هەندێك ئاژانسی هەواڵی جیهانی ئاشكرایان كردووە سودانی مەبەستیەتی نەوتی خاوی كوردستان بە غازی ئێران بگۆڕێتەوە.

هەرچەندە هێشتا وردەكاری ئەو رێكەوتنە لەبەردەستدا نییە كە لەنێوان عێراق و ئێراندا هەیە سەبارەت بە گۆڕینەوەی نەوتی خاوی كوردستان بە غازی ئێران،بەڵام لەوانەیە سودانی ئەم رێكەوتنە بە دەرفەت بزانن بۆ ساغكردنەوەی نەوتی خاوی هەرێم كە بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و زیاتر لە 3 مانگە راگیراوە.

هەرچەندە ئەم رێكەوتنە بۆدابینكردنی كارەبای عێراقە لەسەر حسابی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان،بەڵام تائێستا هیچ بەرپرسێكی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە لێدوانی نەداوە و زانیاریەكەی رەتنەكردۆتەوە.




لەسەر ئەم پرسە چەند بەرپرسێكی ئەمریكی داوایان لە كۆشكی سپی كردووە رێگە بەم مامەڵەیەی نێوان حكومەتی عێراق و ئێران نەدات،بەو پێیەی دەكەوێتە ناو سزاكانی ئەمریكاوە لەسەر ئێران.
پێشتر ئەنتۆنی بلینكن لێخۆشبونی بۆ (120) رۆژی دەركردبوو, تاوەكو عێراق پارە بدات بە ئێران, لەبری هاوردەكردنی كارەبا،عێراق بە سودبینین لەو بڕیارە دەیەوێت 

لەماوەی رابردوودا عێراق ساڵانە بەبەهای 3 ملیار دۆلار غازی شلی ئێرانی هاوردە كردووە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا و دابینكردنی كارەبای عێراق.بەڵام ئەمریكا رەزامەندیە نەدەدا بە خەرجكردنی ئەو پارەیە لەلاتیەن عێراقەوە بۆ ئێران،تا ئەوكاتەی لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا لێخۆشبونی تایبەتی لەسەر ئەو پارەیە دەركرد.

عێراق دەیەوێت لەمەودوا لەبری پارەی كاش نەوتی خاوی هەرێم بداتە ئێران،كە بەپێی یاسای بودجەی عێراق پێویستە هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا و لە ئێستادا هیچ رێگەیەك لەبەردەم بەغدا نییە بۆ ساغكردنەوەی ئەو بڕە نەوتە.جگە لە بەكارهێنانی ناوخۆیی و ناردنی بۆ ئێران.

هەرچەندە گومانی ئەوە دەكرێت كە ئەم پرسە ئەمریكیەكان توڕە بكات،بەو پێیەی ئەم كارە گەمارۆكانی سەر ئێران دەشكێنێت، بەڵام  هێشتا ئەمریكیەكان هیچ قسەیەكیان لەسەر ئەم پرسە نەكردووە و رایانگەیاندووە جارێ هیچ قسەیەكمان نییە لەبارەی رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بەغازی نێوان عێراق‌و ئێران