هەرێمی کوردستان دواین رۆژەکانی دەنوسێتەوە...

دەرگای جەهەنەم بەرویدا کراوەتەوە و پەنجەکان یەکتر دەشکێنن.. ئەوەی روو دەدات، هەڵوەشاندنەوەیەکی لەسەر خۆیە.. مێژوی خۆ خۆری، لە یەخەی کورد نابێتەوە.. لە شەڕە نوێکەدا، کورد شاخەکانیشی لە پشت نەماوە..
2023-07-22
بەدرێژایی ٣٠ ساڵی حکومرانی کورد لە باشوری کوردستان و بە درێژایی ٢٠ ساڵی دوای روخانی رژێمی بەعسیش هیچ کات کورد هێندەی ئێستا لاواز نەبوە.
ئەوەی کورد لە عێراق لە راپەرینەوە بە دەستی هێنا، لەماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا هەموی خستەوە چارەنوسێکی نادیارەوە..
لە ٢٠١٧ کورد ریفراندۆمی کورد و ئەنجامەکەی نیوەی خاکی کوردستانی لەدەستدا، بەرپرسانی کوردیش نەک بەرگەی دەرئەنجامەکانیان نەگرت، ریفراندۆمیان کردە نوکتەیەکی خۆش و نەک بەرگریان لە ریفراندۆم نەکرد، بەڵکو شەڕی مان و نەمانیان لەسەر پۆستەکانی ئەو عێراقە کرد کە قەرار بوو تەڵاقی بدەن.
لەم شەش ساڵەدا، پارتی و یەکێتی پەڕ و باڵیان بەیەکەوە نەهێشتوە لەسەر پۆستەکانی بەغدا، بەتایبەتیش لەسەر ئەو پۆستە تەشریفیاتیەی ناوی سەرۆک کۆمارە.
ئێستاش لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک، لە قاموسی کوردیدا جنێو و قسەیەکی ناشیرین نەماوە بەیەکتری نەدەن، لەولاشەوە پارێزگاکە بە وەکالەت لەلایەن پارێزگارێکی عەرەبەوە بەڕێوە دەبرێت..
با واز لە ریفراندۆم بێنین، سەیرکەن لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا هەرێمەکە چی بەسەر هاتوە، لەروی ئابورییەوە، لە کونفە یەکونێکدا نەوت کە سەرچاوەی ٩٠٪ ی داهاتی هەرێمەکە بوو بە سودی بەغدا لەدەستیان دا، لێرەدا پێویستیە پێیان بڵێین سەربەخۆیی ئابوریتان باش..
لە ئەمڕۆوە، قوتی خەڵکی کوردستان، لەژێر رەحمەتی واژۆیەکی سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە، سەرۆک وەزیرانی ئەو عێراقەی بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو کورد لەسایەیدا خوێنی لێ دەچۆڕیت.
بەغدا بەوەشەوە ناوەستێت ئێستا داوای وردەکاری داهاتە نانەوتیەکانیش لە هەرێم دەکات.



هەرێمی کوردستان هەر شەڕی ئابوری نەدۆڕاندوە، بە دانپێدانانی خودی بەرپرسانی هەرێم بەمزوانە سەربازی عێراقی دەگەڕێتەوە سنورەکانی هەرێم و سیادەی هەرێم لەروی سەربازیشەوە دەکەوێتە ژێر هەژمونی بەغداوە.
ئەو یاسای بودجەیەش کە داهاتوی سێ ساڵی عێراقی پێوە بەندە، کورد ئەو شەڕەشی دۆڕاند و بە دانپێدانانی بەرپرسانی کورد ئەوە یاسا نیە کێڵگەی مینە بۆ کورد.
راستیەکی تاڵتر هەیە هەموان دەیزانن، کە نەوت تەنها چەکێکی ئابوری نیە، بەڵکو سیاسی و دیبلۆماسیشە، بە لەدەستدانی ئەم چەکە بەهێزە، دیبلۆماسیەت و پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمەکە، لە وێرانەدایە و دونیای دەرەوە لە ئەمڕۆوە، مەرحەبایەکی بەغدا بە هەزار سڵاوی هەولێر نادەن.
با لێرەدا بوەستین و رەنگە ئاسایی بێت بەغدا هەموو رێگایەک تاقی بکاتەوە بۆ لە قاڵبدانی هەرێمەکە، سەیرکەن کارەساتەی پارتی و یەکێتی بەسەر ئەم هەرێمەیان هێنا، زۆر گەورەترە لەوەی نەیارەکان بەسەر هەرێمەکەیاندا هێنا.
لەسایەی قۆڵبادانی ئەم دوو هێزەدا، هەرێمەکە ئێستا بێ پەرلەمانە، کە ئەوە شانازی میللەتێک بوو نەک لە باشور، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش.
هەرێمەکە تا دێت رەشتر دەبێت، لە لیستی راپۆرتی ساڵانی دوو وڵاتی دۆستدا، ئەمریکا و بەریتانیا، هەرێمی کوردستان لە لستی رەشدایە بۆ مافەکانی مرۆڤ و دۆخی رۆژنامەنوسان و ئازادییەکان.
پارتی و یەکێتی هەر ئەوەندەیان بەسەر کورد نەهێناوە، خەریکە دۆخی پێشمەرگەش لە گرێژنە دەردەچێت، ٢٠ ساڵە هاوپەیمانان داوا لەم دوو هێزە دەکەن پێشمەرگە یەک بخەن و ساڵانێکیشە ٢٠ بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە سەرف دەکەن، کەچی هەفتەی رابردوو هێندەی تاڵە مویەکی مابوو دەست بدەنە یەخەی یەکتر و هەموو شتێک بگێڕنەوە بۆ خاڵی سفر.
ئەمە هەڵوەشاندنەوە نەبێت چیە؟ ئابوری و دیبلۆماسیت و سەربازی و نیوەی خاکەکەت لەدەست دابێت و پەرلەمانت نەمابێت و حکومەت کاربەڕێکەر بێت.
هەموو ئەمانە بەلایەک و کوردایەتیەکە بە لایەک، کورد لە ١٠٠ ساڵی رابردوو هەموو شتێکی لە دەستدا، بەڵام خەڵکەکەی هەرگیز دەستبەرداری شۆڕش و بەرخۆدان و هەوڵدان و قوربانیدان نەبون و دەستبەرداری خەونەکانیان نەبوە، بەڵام لە سایەی حکومڕانی کورد خۆیەوە، بەشێک لە خەڵکی ئەم هەرێمە هەزار جار دەسەڵاتی بەغدایان قبوڵترە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم.