هەندێک وردەکاری و خاڵی گرنگی یاسای کۆچی نایاسایی بەریتانیا

2023-07-23
ڕەوا مووسا

 پڕۆژەیاساکە هەموو فلتەر و خوێندنەوە و هەموارکردنەوەکانی پەڕلەمان و لۆردەکانی تێپەڕاند و ڕەزامەندی شاهانەشی وەرگرت، بۆیە لەمەودا لە هەواڵەکاندا بە پڕۆژە یاسا ناوی نابرێت بەڵکو بە یاسا ناوی دەبرێت.

 بەپێی یاسای بەریتانی جێبەجێکردنی یاساکە دەستیپێکردووە، بەڵام تا هەموو خاڵ و کارەکان دەگەنە سەر سکە چەند مانگێکی تریشی دەوێت. چونکە خاڵەکان چڕوپڕن هەڵمەتێکی گەورەی دەوێت. 

هەموو ئەو کەسانەی لەدوای 7ی مانگی سێی ئەمساڵەوە داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە یاساکە دەیانگرێتەوە، خاڵی بۆ دانراوە دەتوانرێت بە هەندێک رێکار درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوانەی پێش ئەوکاتەش لە ساڵی 2022 هاتوون بۆ بەریتانیا، بەمشێوەیە یاساکە هەڕەشە لە نزیکەی 65 هەزار پەنابەر دەکات. 

 هەر کەسێک بە بەلەم و لەڕێی دەریایەوە هاتبێت دەتوانرێت بنێردرێتەوە بۆ ئەم وڵاتانەی خوارەوە:

 1- ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووە وەکو فەڕەنسا و ئیسپانیا هتد..

2- وڵاتە رەسەنەکەی خۆی کە هاونیشتمانییەتی و خاوەنی ڕەگەزنامەیە تێیدا. 

3- ئەو وڵاتەی کە خاوەنی پاسپۆڕت یان بەڵگەنامەی مانەوەیە تێیدا بۆنموونە وەک هاوڵاتییەکی سوری لە تورکیا. 




4- ئەگەر پەنابەر بانگەشەی ئەوەیکرد ژیانی لەمەترسیدایە لەو وڵاتانە وەک کوردێکی عێراق، یاخود وڵاتەکە قەبوڵی نەکردەوە وەک فەڕەنسا کە قبوڵی دیپۆرت ناکات ، ئەوا پەنابەرەکە بە ناچاری دەنێدرێتە ڕواندا.

 ڕواندا وڵاتێک نییە تێیدا بهێڵدرێیتەوە تاوەکو کەیسەکەت لە بەریتانیا یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵکو کاتێک پەنابەر گوازرایەوە بۆ ڕواندا هەرگیز ناتوانێت داوای مافی پەنابەرێتی لەبەریتانیا بکات. ڕواندا وەکو ئۆردوگایەک سەیردەکرێت بۆئەوەی ژیانی پەنابەرەکە تەئمین بکرێت یاخود تا خۆی قەناعەتی دێیت دیپۆرت بکرێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی یان داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکەشی وڵاتێکی تربکات جا چ رواندا بێت یان ئەو وڵاتانەی لە ڕێی ئینتەرنێتەوە مافی پەنابەرێتی دەدەن وەکو کەنەدا. 

 کەیسی ڕواندا دەقاودەق هاوشێوەی کەیسی ئۆردووگای نەتەوەیەکگرتووەکانە، بۆنموونە هاوڵاتیانی ئێرانی دەیان ساڵە لە ئۆردووگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا هێڵدراونەتەوە، زۆربەیان لە ئێستادا نە رەگەزنامەی وڵاتێکی تریان پێ دەدرێت نە لە عێراقیش وەردەگیرێن. مەگەر خۆیان لەڕێی داواکاری باڵوێزخانەکانەوە رەزامەندی وڵاتێک بۆخۆیان بدۆزنەوە. لە ڕوانداش دەبێت خۆت بەدوای رەزامەندی وڵاتێکدا بگەڕێیت، ئەوەندەی جیاوازە کە ئۆردووگای ڕواندا لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندانییە بەڵکو درووستکراوی بەریتانیایە. 

 هۆتێل، بوونی نامێنێت چونکە ساڵانە سێ ملیار پاوەند بەس لە هۆتێل و خواردنی پەنابەران خەرجدەکرێت، بۆیە پەنابەران بەزوویی لە بەریتانیا دەردەکرێن یاخود لە باخیرەکاندا کابینەیان بۆ درووستدەکرێت لەناو دەریادا هەڵدەگیرێن. 

 ئەو منداڵانەی لە پەنابەران لەدایکدەبن، حسابی پەنابەریان بۆ دەکرێت. پێشتر ئەو منداڵەی لەبەریتانیا لەدایکبووبێت رەگەزنامەی پێدەدرا لەمەودا ئەوەی لەپەنابەر لەدایکبێت هەر پەنابەرە و رەگەزنامەی پێنادرێت و حسابی دایک و باوکی بۆ دەکرێت. 

 ئەو کەسانەی لەخوار هەژدە ساڵانن دایک و باوک و خێزانیان لەگەڵ نییە حسابی جیایان بۆ دەکرێت. بەڵام ئەوانەی خێزانیان لەگەڵدایە لەگەڵ خێزانەکانیاندا دەبن و حسابی ئەوانیان بۆ دەکرێت. 

 یاساکە دەسەڵات دەداتە پۆلیس پەنابەرەکان دەستگیربکەن لە زینداندا بیانهێڵنەوە بۆ ماوەی 28 رۆژ و زیاتریش. تەنها منداڵان و ئافرەتانی دوو گیان ئەم دەستگیرکردنە نایانگرێتەوە و تەنها بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر پۆلیس بۆیان هەیە ڕایانبگرن. 




 هەر پەنابەرێک بانگەشەی ئەوەبکات تەمەنی لەخوار هەژدە ساڵانە، بە ئەشیعەی X-ray لەڕێی ئێسک و ددانەکانیانەوە تەمەنی ڕاستەقینەی دیاریدەکرێت. هەر کەسێکیش رێگەنەدات پشکنینی بۆ بکرێت راستەوخۆ حسابی تەمەنی پێگەیشتووی سەروو هەژدە ساڵی بۆ دەکرێت. 

 ئەوانەی لە خاکی بەریتانیا دەرکران بۆ هەتاهەتایە ناتوانن داوای مافی پەنابەرێتی لە بەریتانیا بکەنەوە.

 یاساکە ئینگلتەڕا و سکۆتلەندا و وێڵز و ئێرلەندای باکور دەگرێتەوە. 

لەدوای جێبەجێکردنی یاساکە بەریتانیا سیستەمێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پەنابەران دادەڕێژێت بە ئینتەرنێت، لەسەر بنەمای داواکردنی پسپۆڕێتی و هەلی کار و پێویستی دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکان هاوشێوەی سیستەمی ئێستای کەنەدا. 

ئەم خاڵانەم لەدوای خوێندنەوەی پڕۆژەکە وەرگرتووە، واتا دەکرێت لەداهاتوودا رێکاری نوێ دەربکرێت بەڵام لەئێستادا بەمشێوەیە. دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەڵێن پەنابەرەکان راستگۆنین هەرکاتێک زانیان بەریتانیا وەریان ناگرێت ئیدی چیتر نایەن و خۆیان ناخەنە مەترسییەوە. بۆیە حزبی دەسەڵاتدار پێی وایە بەم یاسایە هاوشێوەی چەندین وڵاتی جیهان کۆتایی بە سەردەمی هاتنی بەلێشاوی پەنابەران دەهێنن. دووریش نییە چەند وڵاتێک هاوکاری پەنابەرانی ئۆردوگاکانی رواندا بکەن بەڵام بەشێوەیەک نابێت کە دڵی هەموو پەنابەران خۆشبکات....