مەرجە قورسەكانی حكومەتی سودانی بۆ هەرێم

مەرجە قورسەكانی بەغدا هەولێر دەچەمێنێت؟
2023-07-27
حكومەتی عێراق رازی بووە بەشێوەی قەرز و سولفە پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت بەڵام لەسەر خاڵە ناكۆكەكانی نێوانیان هیچ رێكەوتنێكی كۆنكرێتی نەكراوە و تەنها كۆنوسێك بە وەفدەكەی هەرێم ئیمزاكراوە كە پابەندبونی خۆی لەسەر داواكاریەكانی بەغدا جێبەجێ بكات و ئەو خاڵانەش كراونەتە مەرج بۆ ناردنی تەمویلی بەشە بودجەی هەرێم.


هەرچەندە وەفدی هەرێم بڵاویان كردەوە كە رێكەوتنی نوێیان لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجامداوە بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم و لەگەڵ بەغدا گەیشتونەتە رێكەوتن،بەڵام راستیەكەی ئەوەیە كە هیچ رێكەوتنێكی نوێ لە ئارادا نیە و ئەوەی هەیە تەنها پێدانی سولفەیە بە هەرێم تا ئەوكاتەی كە مەرجەكانی بەغدا جێ بەجێ دەكات.

بەپێی ئەو كۆنوسەی خراوەتە بەردەم شاندەكە،حكومەتی هەرێم پابەندكراوەبە پێدانی پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان هاوشێوەی بەغداد، و داهاتە نانەوتییەكانی دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم، تا ئەو كاتەی هەرێم پابەند دەبێت بە رێككەوتنەكەو بەغداد بە پێی یاسای بودجە تەمویلی هەرێم دەكات.

كۆنوسەكە لەنێوان د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و كازم حەسەن راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئیمزای لەسەر كراوە.

هەرچەندە حكومەتی هەرێم پیشتر چەندجارێك رێكەوتنی بودجەو مووچەی لەگەڵ بەغدا ئیمزاكردووە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقیشدا كراوە بە یاسا،بەڵام هەر جارەی وەفدی هەرێم دەچێتە بەغدا مەرج و داواكاری قورستری بەسەردا دەسەپێنن.


بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆنووسەكەوە دەست میدیاكان كەوتووە،
لە سەردانی ئەمجارەی شاندی حكومەتی هەرێمدا هەرچەندە بڕیاردراوە سولفەیەك بدرێتە هەرێم،بەڵام بە چەند داواكاریەكی نوێ پابەند كراوە لەوانە:

یەكەم؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە، پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە كە لە كەرتی نەوتی هەرێم كار دەكەن، بەهەمان ئەو نرخە بدات كە لەبەغدا كۆمپانیا نەوتیەكان كاری پێدەكەن.بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق ئامادەنییە لەو پارەیە زیاتر بداتە كۆمپانیاكان

دووەم؛ هەرێمی كوردستان داهاتە نا نەوتییەكانی دەخاتە هەژمارێكی وەزارەتی دارایی عێراق.

سێیەم؛ دوای ئەوەی هەرێم داهاتە نانەوتییەكانی رادەستكرد، وەزارەتی دارایی عێراق، 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم.

چوارەم؛ لیژنەیەكی هاوبەش پێكدەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم، بۆ ئەوەی بزانرێت، چەند لەو داهاتە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و چەندی بۆ هەرێم بگەڕێندرێتەوە.

پێنجەم؛ ئەگەر هەرێم پابەند دەبێت بەو خاڵانەی سەرەوە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەسێت بە تەمویلكردنی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ٢٠٢٣، تا ئەو كاتەی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پاندبوونی بەو خاڵانە.

 لەم كۆنوسە نوێیەدا چەند مەرجێكی قورس خراوەتە ئەستۆی هەرێم و ناردنی مووچە و بودجەی هەرێم بەستراوە بە جێبەجێكردنی ئەو مەرجانەوە،واتە لە هەر لەحزەیەكدا ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ نەكرا ئەوا بودجە و مووچەی هەرێم رووبەڕوی وەستان دەبێتەوە.

هەرچەندە وەفدەكەی هەرێم دۆسیەیەكی چەند هەزار لاپەڕەیی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ بەغدا تا لەرێگەیەوە پاكتاوی داهات و خەرجی 6 مانگی رابردوو بكات،بەڵام وادیارە فایلە ئەستورەكە دادی شاندەكەی نەداوە و پێیان وتوون داتاكان پڕن لە هەڵە و كەموكوڕی و چاكی بكەن و جارێكی دیكە بیهێننەوە.