لە نەیجەر کودەتایەو فەڕەنسا هاواری لێهەستاوە

2023-08-02
دیبلۆماتیک

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆمەڵێک فەرماندەی سووپا لەوڵاتی نەیجەر بە هەماهەنگی لەگەڵ پاسەوانانی کوشکی سەرۆکایەتی وڵات، لەڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە سەرۆکی وڵاتیان کەناگیر کرد.

کودە سەربازییەکەی لە نیجەر دوای ئەوە هات کە سەرۆکی وڵات کە زۆر نزیکە لە فەرەنساوە بەشداری کۆبوونەوەی لوتکەی ڕووسیاو ئەفریقای نەکرد کە لە سانت پترسبۆرگە ئەنجامدراو هەموو وڵاتانی ئەفریقا بەشدارییان تێدا کرد.


لەناو سەرجەم ئەو وڵاتانەدا کە دژی کودەتاکەی وڵاتی نەیجەر وەستاونەتەوە، ئەمەریکاو فەڕەنسا لە هەموان کاردانەوەیان توندترەو بەتایبەت فەڕەنسا هاواری لێهەستاوە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کاترین کۆلۆنا، کە وڵاتەکەی دژی کودەتاکەی وڵاتی نەیجەر وەستاوەتەوە، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند گەڕانەوەی  محەمەد بازوم سەرۆکی نیجەر گرنگ و پێوویستە.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕەتیشی کردەوە کە  فەڕەنسا بیەوێت دەستێوەردانی سەربازی بکات لە وڵاتی نەیجەرو وتی " ئێمە نکۆڵی لەو تۆمەتانە دەکەین کە لە نایجەر هەیە سەبارەت بە دەستێوەردانی سەربازیمان."
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دوای ئەوە دێت کە ڕۆژێک دوای کەنڵرخیتنی محەمەد بازومی سەرۆکی وڵات، ڕێبەرانی کودەتاکەی نەیجەر، فەڕەنسایان تۆمەتبار کردبوو بەوەی دەیەوێت دەستێوەردانی سەربازی بکات بۆ گەڕاندنەوەی محەمەد بازوم.



لای خۆیەوە كاترین كۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، هەوڵەكانی كودەتا لە نەیجەر كۆتا هەنگاو نییە، رەنگە لە داهاتوودا چارەسەر بۆ ئەم رووداوە هەبێت، ئەگەر بەرپرسانی نێودەوڵەتی قسەیان لەبارەوە هەبێت.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکۆنەی لابردنی محەمەد بازومی سەرۆکی وڵاتی نەیجەر دەکات و کاربەدەستای باڵای ئەمەریکاش دەڵێن، ئەگەرێکی کەم هەیە بۆ پێچەوانەکردنەوەی کودەتا سەربازییەکەی هەفتەی ڕابردوو لە نەیجەر و بەلای ئەمەریکاوە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی کودەتاکەی نیجەر زۆر کەم و لاوازەو کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکاش بە ئاژانسی " واشنتۆن پۆست"ی وتووە " ئێمە پێمانوایە دەرفەتی سنووردار هەیە بۆ پێچەوانەکردنەوەی کودەتاکەی وڵاتی نەیجەر".

هاوکات ئەمەریکا لەگەڵ ڕاگەیاندنی نیگەرانییەکانیدا، داوای لە سەرانی کودەتاکە کرد کە  دەستبەجێی محەمەد بازومی سەرۆکی وڵات ئازاد بکەن کە نزیک بە هەفتەیەکە لای کودەتاچییەکان دەستبەسەرە.

 پانزدە دەوڵەتی گروپی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقیا کە بە " ئیکۆواس" ناسراون، ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێزی سەربازی دەکەن دژی سەرکردەی کودەتاچیەکانی نەیجەر لەئەگەری ئەوەی، محەمەد بازوم، سەرۆکی دوورخراوەی وڵاتەکە لەماوەی ھەفتەیەکدا نەگەڕێننەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەکە، ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاندووە بەپێچەوانەوە دەستەوەستان نابن و لە ڕێگەی ھێزەوە کێشەکان یەکلادەکەنەوە.

لەپاش کودەتاکە، لایەنگرانی کودەتاکە ڕۆژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە کودەتا ئەنجامداو هاوکات کونسوڵخانەی فەڕەنسایان لە نیامی پایتەختی نەیجەر سووتاندو داوای چوونە دەرەوەی فەڕەنسایان لە وڵاتەکەیان کردو ڕێبەرانی کودەتاش هەناردەکردنی " یۆرانیۆم"یان لە نەیجەرە بۆ فەڕەنسا ڕاگرت و بەوەش فەڕەنسا گورزێکی کوشندەی بەرکەوت.

وڵاتی نەیجەر،  لە ٪7 ی کۆی یۆرانیۆمی جیهان بەرهەم دەهێنێت و یۆرانیۆمی وڵاتی نیجەر لە سەدا 35 ی پێداویستییەکانی فەڕەنسا دابین دەکات و یارمەتی وێستگە ناوەکییەکانی فەڕەنسا دەدات و لە سەدا 70 ی کارەبای وڵاتەکە بە یۆرانیۆمی نیجەر بەرهەم دەهێنرێت بەو هۆیەشەوە کودەتاکەی وڵاتی نەیجەر هاواری لە فەڕەنسا هەستاندووە.