کێ ڕێگری لەکاردن لە بەنداوی بێخمەدا دەکات؟

2023-08-13
ئامادەکردنى: شاهۆ عەبدوڵڵا

هەرچەندە هەرێمى کوردستان لەڕووى جیۆسیاسییەوە پێگەیەکى گرنگى لە بوارى وزەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمێکى داخراوە، مەبەست لە داخراو بە ماناى نەبوونى دەریا و دەرگایەکى کراوەیە بە ڕووى دنیاى دەرەوە بێئەوەى پێویستى بەتێپەڕێن بێت بە خاکى وڵاتێکى دیکە.
هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى بیەوێت کارتى سیاسی درووست بکات و بۆشایی دیکەى کارتی سیاسی بە پرۆژە و ژێرخانەکەى بەهێز بکات، گەرەک بوو یەکێک لەو کەرتانەى پێشی بخات سامانى ئاو بێت، هەرچەندە لە ڕووى مرۆییەوە کارێکى گونجاو نییە ئاو وەک کارتى سیاسى بەکار بهێنرێت، بەڵام دەکرا بەنداو درووست بکرێت و وەک کۆگایەکى ئاو نەک تەنیا بۆ هەرێم، بەڵکوو بۆ تەواوى ئێراقیش سوودێکى ئێجگار گرنگى هەبێت. 

یەک لەو پرۆژە گرنگانەى پێویستە هەرێمى کوردستان کارى لێدەست پێ بکاتەوە، بەنداوى بێخمەیە، ئەم بەنداوە نەک تەنیا سوودى بۆ کشتوکاڵ و کەمکردنەوەى زیانى لافاو و کارەبا و گەشتیارى هەیە، بەڵکوو کاریگەرى کۆى ئەو پرۆژانەى تورکیاش کەم دەکاتەوە لە سەر ئێراق بە گشتى و هەرێم بە تایبەتى. 

لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتى لە مێژووى دەسپێکەوە، هۆکارى ڕاگرتن و دەستپێنەکردنەوەى کارکردن لەم بەنداوە گرنگەدا بخەمە ڕوو:
دەسپێکى دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە لەمەڕ بەنداوى بێخمە

لە سییەکانى سەدەى ڕابردوو، ڕووپێوی درووستکردنی بەنداوی بێخمە کراوە، یەکەم لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ئەگەری بنیاتنانی بناغەی ئەم بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧، لە ساڵی ١٩٥٣ لەلایەن دەستەیەکی شارەزا لە ئەندازیارانی کۆمپانیای ئەندازیاری ھزرا (ئێم دەبلیو ئێچ)ی ئەمریکی دەست کرا بە توێژینەوەی کاری لیژنەکەی ساڵی ١٩٣٧ و پێشبینیکردن و ھەڵسەنگاندنی خەسڵەتی جیۆلۆجیی خاکەکەی و ڕادەی شیاویی ئەو ناوچەیە بۆ درووستکردنی بەنداوەکە و دواتر لە ساڵی (١٩٧٩) دووبارە لەلایەن کۆمپانیایەکی ژاپۆنی کاری پشکنین و جیۆلۆجی و ڕووپێویی و دیزاینى بۆ ئەنجام درا، دواتریش پرۆژەکە دەستی پێ کرد، بڕیاریش بوو تا ساڵى ١٩٩٢ تەواو بکرێت. 

بەڵام بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقەوە کارکردن تێیدا ڕاوەستا و لە ساڵی (١٩٨٨) دووبارە کارکردن تێیدا دەستی پێ کردەوە. هەر لەو ساڵەدا درووستکردنی تونێلەکان دەستی پێ کرد و دیسانەوە بەهۆی شەڕی کەندا و ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستانەوە لە ساڵی (١٩٩١) کارکردن تێیدا ڕاوەستا، تا کاتى ڕاوەستانى (٣٥%) کارەکانى تەواوبووبوون.



مەبەست و تواناى بەنداوى بێخمە
بەنداوى بێخمە دەکەوێتە سەر زێی گەورە لە ناحیەى خەلیفان بە دوورى ٥٠ کیلۆمەتر لە شارى هەولێرەوە، سەرچاوەى ئاوى بەنداوەکە (٥٨%) لە خاکى کوردستان و (٤٢%) لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت، بەرزیی بەنداوەکە (٢٣٠) مەتر بەرزە و درێژییەکەشى (٤٨٠) مەترە. تواناى گلدانەوەى ئاوى بە قەبارەی (١٧)کیلۆمەتری سێجایە، کە ڕووبەری ڕووەکەی دەگەیشتە ١٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە.
سێ ئەوەندەى بەنداوی دوکان و شەش ئەوەندەى بەنداوی دەربەندیخان و ئەوەندەو نیوێك بەرانبەر بە بەنداوى موسڵە، ئامانج لە درووستکردنی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی (١٥٠٠) مێگاوات کارەبا و ڕێکخستن و ڕێگریی لە درووستبوونی لافاو بوو، تواناى بەرهەهێنانى کارەباى دەکاتە نیوەى ئەو بڕە کارەبایەی هەرێم پێویستى پێیەتى.
ئێستا هیچ بەنداوێک لە ئێراق توانای گلدانەوەی ئەو بڕە ئاوەیان نییە، هەرێمی کوردستان بە هەرسێ بەنداوی دهۆک و دەربەندیخان و دوکان توانای گلدانەوەی (٧بۆ٨) ملیارمتر سێجایان هەیە، لە کاتێکدا هەرێم پێویستی بە (١٠) ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەنداوی بێخمە توانای گلدانەوەی ۱۷ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، کە بەهۆیەوە ۱ ملیۆن دۆنم زەوی بەراو دەکات، جگە لەوەی ناوچەکەی دەکردە شوێنێکی گەشتیاریی دڵگیر.

چارەنووسى بەنداوى بێخمە پاش ڕاپەڕین
بەگوێرەى شیکارییەکانى توێژەرى بوارى فەلسەفە، فوئاد سدیق، لە بەرگی دووەمی كتێبی قەیرانی ئەقڵ، ، لاپەڕە ٢٧ و ٢٨. تاڵەبانی ‌و بارزانی سەودا و مامەڵەی بەنداوی بێخمەیان لەگەڵ عومەر ئاغای برای حوسێن ئاغا كرد، بە بەهای دوو ملیۆن دیناری سویسری بەرانبەر بەهاى ١٧٥ ملیۆن دۆلار فرۆشتیانە عومەر ئاغای برای حوسێن ئاغا. عومەر ئاغاش هەمووی ئاودیوی ئێران كرد و حەفت ملیۆن دیناری سویسری پێ گرتەوە. واتا لەو مامەڵەیەدا عومەر ئاغا پێنج ملیۆن دیناری سویسری قازانج كرد.
ئێران مەبەستى بوو ئەو کەرەستە و ئامێرە پێشکەوتووانە دەست بخات کە لەبێخەمەدا کاریان پێکرا، دواى تێپەڕبوونى چەندین ساڵ دەرکەوت هەر خودى ئێران بەو ئامێرانە چەندین بەنداوى درووست کردووە، لە ئـێستاشدا هەرێمى کوردستان لە ژێر ڕەحمەتى بەنداوەکانى ئێرانە و هەرکات بیەوێت ئاو وەک کارتێکى سیاسى بەکار دەهێنێت، لەم ساڵانەى دوایشدا ئەوەمان بینى، ئەم تاڵانکردنەى بەنداوەکە، ناوی لێ نرا (تاڵانکردنى بێخمە). 

هەوڵەکان بۆ دووبارە کارکردن لە بەنداوى بێخمە

لە لایەکی تر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاندووە کە دوای درووستبوونەوەی حکوومەتی ئێراق لە ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٨ حکوومەتی ئێراق چەند جارێک شاندی ناردووە بۆ وتووێژ لە سەر پرۆژەکە و دەستپێکردنەوەی، بەڵام حکوومەتی ھەرێم لە سەر دەستپێکردنەوەی ڕەزامەند نەبووە، ئێستاش ھیچ پلانێکی نوێ بۆ بەنداوەکە لەگۆڕێ نییە.

لە ٢٠٠٧ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند کە نیازی تەواوکردنی بەنداوی بێخمەیان ھەیە، ئەمەش بە مەبەستی بەرھەمھێنانی کارەبا و گڵدانەوەی ئاو. بەھەرحاڵ لەگەڵ وشەکەساڵیی ٢٠٠٨ی ئێراق، حکوومەتی ئێراق گلەیی دەربڕی و درووستکردنی بەنداوی بە مەترسیی کەمبوونەوەی ئاو زانی لە باشووری ئێراق.

لەو چوارچێوەیەدا، لە ٢٠٠٨ بڕی ٣٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرج کرا، لە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیدان بە بنیاتنانی بەنداوەکە و بڕی خەرجیی تەواوکردنى بەنداوەکەش دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری مەزەندە کرا، سەرەڕاى هەموو ئەمانە بۆ ڕێگری لە دروستکردنی بەنداوەکە چەند شتێکی تر کرانە بیانوو؛ لەوانە ڕاگوێزرانی نزیکەی ٢٠٫٠٠٠ کەس لە شوێنەکایان و ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاو لە ئەشکەوتی شانەدەر. 



بۆ هەرێمى کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەى بارزانى ڕێگرن لە تەواوکردنى بەنداوەکە؟

بەڵام خاڵى سەرەکى ڕێگریی لە دەسپێکردنەوەى کارکردن لە بەنداوى بێخمە، بنەماڵەى بارزانی و بە دیاریکراوى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتییە، بە هۆکارى ئەوەى ئەو پرۆژەیە دەکەوێتە ناوچەى بلێ و بارزانەوە، بەشێک لەو گوندانەى بەر پرۆژەکە دەکەون ڕادەگوازرێنەوە بۆ شوێنێکى دیکە، هەرچەندە بەڵێنى قەرەبووکردنەوەیان پێ درابوو، بەڵام مەسعود بارزانى ڕێگر بوو لەوە.
هەروەها ڕێگرییەکى تر ئەوەیە، پارتى بە ناوى حکوومەتى هەریمەوە پێشنیارى داوە بە حکومەتى ئێراق، کە تواناى گلدانەوەى ئاو لە بەنداوەكە بۆ نزیكەى (7,45) ملیار مەتر سێجا كەم بكاتەوە، ئەمەش بەرهەمهێنانى وزەى كارەبا لە (١٥٠٠) دادەبەزێت بۆ تەنها (١٤٠) مێگاوات، پێشنیارەکەى هەرێم لەلایەن حکوومەتى ئێراقەوە ڕەت کرایەوە، چونكە ئەو سوودەى بۆ ئێراق و كوردستانیش نامێنى، لەبەر ئەوەى گرنگیی پرۆژەکە لە (١٠٠%) دادەبەزێت بۆ تەنیا لە (١٠٪).
هاوکات، فشارەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ حکومەتى هەرێم و بە تایبەت پارتى، بۆ ئەوەى ئەو پرۆژەیە بخرێتە خانەى لەبیرکردنەوە، هۆکارەکەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بە تەواوبوونى بەنداوى بێخمە، کاریگەرى بەنداوەکانى تورکیا لە سەر باشورى کوردستان و ئێراق بە ڕێژەى (٥٠) کەم دەکاتەوە.
سەرچاوى ئاوى بەنداوی بێخمە دەکەوێتە سەر زێی گەورە و لە باکوری کوردستان و نزیک دەریاچەی وانەوە هەڵدەقوڵێ. یەکێکە لە گرنگترین ئەو ڕووبارانەی بۆ باشووری کوردستان دادەکشێ و دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە.
درێژیی ئەم ڕووبارە لە سنووری باشوری کوردستانەوە تا دەڕژێتە ڕوباری دیجلەوە نزیکەی (٢٣٠)کم، ڕێژەی تەوژمی ئاوەکەی نزیکەی (١٣.٥)ملیارمەتر سێجا بوو لە ساڵێکدا، بە بنیاتنانی پڕۆژەی (گاپ) لە تورکیا و پاشتر ئەو تەوژمەی بۆ (٨.٥)ملیارمەتر متر سێجا داکشا.
 بە گرتنەوە و سەرڕێژبوونى ئاوى بەنداوی (ئەلیسو)، ڕادەی تەوژمی ساڵانەی ئەم ڕووبارە دەگاتە (٧)ملیار متر سێجا، شارەزایانی بوارەکەش باس لەوە دەکەن، بەنداوى بێخمە کێشەى کەمئاویی ئێراق کەم دەکاتەوە و لە هەرێمیش کۆتایی پێ دێنێت، هەروەها کاریگەریی بەنداوەکانى تورکیا بۆ پتر لە نیوە کەم دەکاتەوە.