ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر لە 5 ترلیۆن دینارە

ئەستەمە بەغدا و هەولێر بگەنە رێكەوتن
2023-09-10
ئەو پارەیەی بەغدا باسی دەكات كە هەرێم لە 6 مانگی ئەمساڵدا دەستی كەوتووە لەگەڵ ئەوەی هەرێم داوای دەكات زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار جیاوازی هەیە كە ئەوەش پارەیەكی زۆرە و هێندەی بودجەی وڵاتێكی وەكو سوریا و لوبنانە بەو هۆیەشەوە ئەستەمە هەولێر و بەغدا بگەنە رێكەوتن

تەیف سامی، وەزارەتی دارایی عێراق لە كۆبونەوەی دوێنێی لیژنەی دارایی پەڕلەماندا وتویەتی لە ماوەی 8 مانگی رابردوو هەرێمی كوردستان بە داتاو ژمارە 800 ملیار دیناری دەسكەوتووە بەپێی ئەم خشتەیە:
 
- 3 تریلیۆن و 200 ملیۆن دینار داهاتی نەوتیی تاوەکو 25-3-2023.
- تریلیۆنێک و 945 ملیار دینار داهاتی نانەوتی شەش مانگ.
- تریلیۆنێک و 600 ملیار قەرز لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین
- 998 ملیار دینار بە دوو جار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نێردراوە.
- 318 ملیار دینار لە بانکی بازرگانی وەرگیراوە.
 
بەڵام وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بەغدا تەنیا 2.5 ترلیۆن دیناری بۆ ناردووین
 
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "هەرێمی کوردستان بەپێی  بودجە مانگانە شایستەی (1) تریلیۆن و (375)ملیار دینارە. بەڵام لە 1-1-2023ـەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بڕی (2) تریلیۆن و (598) ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە.کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 11و 12ـی ساڵی 2022، لەکاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تاوەکو مانگی هەشتی ئەمساڵ بڕی 11 ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە".
 
هەروەها وتیشی: حکومەتی عێراق داهاتی نانەوتیی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە 320 ملیار دینار هەژمار کردووە، ئێستاش بڕیاریانداوە 500 ملیار بە قەرز بنێرن، بەڵام ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە: "هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 1 تریلیۆن و (375) ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە".

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە لە كۆبونەوەكەی وەزیری دارایی بەشدار بووە دەڵێت:تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی، ئەو بە ژمارە و یاسا کاردەکات و ئەگەر هەرێمی کوردستان لەکاتی گەڕانەوە بۆ حیسابات و پاکتاوکردن نەتوانێت بیسەلمێنێت هێندە پارەی پێویستبووە لەو شەش مانگەدا، ئەوا قەرزداریش دەبێت.