نهێنی نامەکەی مەسرور بارزانی بۆ بایدن

نامەکە راستە یاخود دروست کراو ؟
2023-09-13
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی دەقی نامەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی بۆ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاشكرا كرد کە تێیدا داوای ھاوکاری و بەدەمەوە چونی کردوە و ترسی لە ڕوخان و ھەرەسی ھەرێمی کوردستان نیشان داوە.

بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە و ئاشكراكردنی ناوەڕۆكە مەترسیدارەكەی نامەكە بەتەواوی خەڵكی كوردستانی راچڵەكاند.


نامەکە بەخێرایی میدیا و سۆشێال میدیای تەنی و باسەکە بەخێرایی بوە ڕۆژەڤی میدیا و شەقام .
زۆركەس ناوەڕۆكی نامەكە و زمانی نوسینی نامەكەیان  وا لێكدایەوە كە زمانی پاڕانەوە و داواكاری خێرای بەهاناوەچوون بەسەریدا زاڵە.
هەروەها وتیان ناوەرۆكی نامەكە دان نانە بەشكستی قورسی حوكمڕانی و داڕمانی دەسەڵاتدارێتی 32 ساڵەی هەرێم لەلایەن پارتی و یكێتییەوە.

لەو نامەیەدا مەسروور بارزانی باس لە خراپی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم دەكات.

 ماڵپەڕە ئەمریكیەكە لەسەر زمانی مەسروور بارزانیەوە گواستویەتیەوە كە بۆ بایدنی نوسیوە خوێن لە جەستەمان دەڕوات.

لە نامەكەد مەسروور بارزانی نیگەرانی و نائومێدیەكی زۆری بە چارەسەری ئەو كێشانە نیشانداوە كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و بە رونی نوسیویەتی"لەوەتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمم بە هێندەی ئێستا هەستم بە فشار و مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان نەكردووە".


هەرچەندە تائێستا حكومەتی هەرێم و نوسینگەی مەسروور بارزانی نامەكە و ناوەرۆكەكەیان بەدرۆنەخستۆتەوە،بەڵام ئاسۆ حاجی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە شێوەیەكی نافەرمی و لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک نوسیبوی بابەتی ئەو نامەیە ھیچ بنەمایەکی دروستی نیە و مەسرور بارزانی بەھیچ جۆرێک نامەی بۆ جۆو بایدن نەناردوە .

ئاسۆ حاجی بڵاوکردنەوەی دەنگۆکە و ڕاپۆرتەکەی بەھەوڵێکی دژبەرانەی دوژمنانە دایە قەڵەم و ئینکاری لە باسەکە کرد .

دیپلۆماتیک بۆ ئەم بابەتە قسەی لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێکی حکومەتی ھەرێم کرد و وتیان ئاگادارنین سەرۆکی حکومەت نامەی وەھای ناردبێت ، بەڵام لە کۆبونەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری  لەگەڵ ڕۆمانوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق مەسرور بارزانی گلەیی بێدەنگی ئەمریکای لە گوشارەکانی ئێران عێراق کردبوو،هەروەها پێی وتبوو  لەکاتی پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکانی عێراق  و بۆ زوو دەرباز کردنی عێراق لە قەیرانی ئیدارەدان دێنە سەرخەت بەڵام لە کاتی گرفتی حکومەتی ھەرێم و ناوەند بێدەنگن .

دیپلۆماتیک زانیویەتی کە لە کۆبونەوەی مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکادا ئالینا ڕۆمانوسکی پێی گوتوە وا باشترە لە بری وەفد خۆت و جێگرەکەت بچنە بەغداد و لەگەل لایەنە شیعەکان کۆببنەوە و قسەی کۆتایی خۆتان بکەن و ئەو بارودۆخەی لە ڕاگەیاندنیش دروست کراوە بڕەوێننەوە، بۆ ئێمەش ھاوکار دەبین و نێوەندگیری دەکەین

نوسەر و ئەكادیمی د.سەردار عەزیز لەبارەی ئەو نامەیەوە نوسیویەتی: نوسیویەتی ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکا خراپترین پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دا ھەیە و خۆیان دور دەگرن بەو پێیەی ئەم ئیدارەیە لەگەڵ دیپۆماتکار و قونسوڵەکانی ئەمریکادا جۆر نەبون و قسەی خراپیان لەسەر کردون .

هەروەها نوسیویەتی پرسی یەکنەگرتنەوەی پێشمەرگە وھەڵشاخان لەگەڵ دیپۆماتکارەکان دوو لەو گرفتانەبوون کە پەیوەندی ئیدارەی بایدنی لەگەڵ ئیدارەی مەسرور بارزانی بەرەو ئەوپەڕی خراپی بردوە و لە ئێستاشدا ئەمریکیەکان زۆر دەربەستی حکومەتی کوردی نایەن لەبەرامبەر گوشارەکانی ئێران .

ئەمڕۆ بەیانی زوو لە ساتی کردنەوەی دەوامی ێەکەمین ڕۆژی ساڵێکی نوێی خوێندن مەسرور بارزانی لە قوتابخانەیەكی هەولێر زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و وتەیەكی كورتیشی پێشكەش كرد،بەڵام بەهیچ جۆرێك خۆی لە قەرەی راستی و دروستی ئەو نامەیە نەدا.بەڵام ڕایگەیاند حکومەتی عێراقی بە تەواوی دەستیان لەسەر تووند کردون و بودجە و موچەکەیان بە بارمتە گرتوون 
بارزانی گوتیشی خۆیان دەچنە بەغداد و لەگەل لایەنەکانی ھاوپەیمانی شیعە کۆدەبنەوە بۆ کۆتایی ھێنان بەو دۆخەی دروست بووە .

دیپلۆماتیک زانیویەتی کە سبەی پێنج شەمە ھەر یەکە لە مەسرور بارزانی ، قوباد تاڵەبانی و ئاواتی شێخ جەناب دەچنە بەغداد بۆ بینین و دیداری محمد شەیاع السودانی و مالکی و ھادی العامری و زانینی ھۆکاری سەرەکی گرفتەکانی نێوان ھەردوو حکومەت  .

پرسی ھێنانە پێشەوەی یاسای نەوت و غاز و ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان و پرس چەک کردنی حزبەکانی ڕۆژھەلاتی کوردستان لە دیارترین ئەو بابەتانەن کە بونەتە خاڵی ناکۆکی و کارتی گوشاری ئێران و عێراق لەسەر ھەرێمی کوردستان .