كۆنگرەیەك بە باڵای بافڵ تاڵەبانی

ئەوەی مام جەلال نەیتوانی بیكات بافڵ تاڵەبانی دەیكات
2023-09-27
ئەوەی لە مێژووی دروستبونی یەكێتییەوە مام جەلال نەیتوانی بیكات ئێستا خەریكی لەسەردەمی تاڵەبانی دووەمدا رودەدات.

هەموان پێیان وابوو لەدوای تاڵەبانی باوكەوە تاڵەبانی كوڕە بچوك جێگەی دەگرێتەوە،هەرگیز بە خەیاڵی كەسدا نەهاتبوو كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی كە ماوەی چەندین ساڵ لەدەرەوە بوو بەو خێراییە بگەڕێتەوە كایەی سیاسی و دەست بەسەر كایەكەشدا بگرێت.

لەوانەیە ئەگەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و لاهور شێخ جەنگی نەبونایە،هەرگیز ئەم خەونە بەدی نەهاتایە.

ستراتیژێك كە بافڵ تاڵەبانی لەكاری سیاسیدا پەیڕەوی دەكات لەدەروەی چاوەڕوانیە لەكارەكتەر و كەسایەتی ئەو.
كە روداوەكان پێكەوە گرێ‌ دەدەیتەوە هەست دەكگەیت هەموو ئەم شتانە بە سوتفە رویان نەداوە و بەشی زۆری خوێندنەوەكانیش بۆ باڤڵ تاڵەبانی هەڵەبوون.

بافڵ تاڵەبانی سەركەوتوو بوو لەوەدا بەهۆی دەسەڵاتە ئەمنیەكەی لاهور شێخ جەنگییەوە، سەركردە دیار و هەرە كاریگەرەكانی یەكێتی دور بخاتەوە و بەشی زۆریان خانەنشین بكات.بەمەش بەتەواوی رێگەاكەی بۆخۆی تەخت كرد،وەكو تاكتیكێكی كاتی لاهور شێخ جەنگی بە هاوشانی خۆی قبوڵ كرد،بەڵام ئەو كاتەی غەزەبی لێگرت،هەر بەو سەركردە كۆنانە كۆتایی بە دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی هێنا و سەركەوتووش بوو لەوەدا رێگەی بۆ هەموو سەركردە كۆنەكان كردەوە تۆڵەی خۆیان لە لاهور شێخ جەنگی بكەنەوە.

بافڵ تاڵەبانی لەبەر هەموو باڵ و گروپ و كەسێك بەدیلێك دەدۆزێتەوە و دەیانخاتە ململانێەوە و خۆشی ئیدارەی ململانێكەیان دەكات.ئەمەیان هەمان ئەو سیاسەتەیە كە تاڵەبانی لە 42 ساڵ تەمەنی یەكێتیدا پەیڕەوی كردووە.

ئەوەی بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لەم كۆنگرەیە بیكات لە هەموو هەنگاوەكانی پێشووی سەركێشانە ترە، كە بریتییە لە یەكڕەنكردنی یەكێتی و دروستكردنی یەك ئاراستەو یەك گوتار.
ئەمە ئەو شتەیە تەنانەت تاڵەبانی باوك لەمێژووی خۆیدا نەیتوانی بیكات.
بەدرێژایی دروستبونی یەكێتی هەمیشە باڵ مینبەر و ئاراستەی جیاوازی تیابوە و تاڵەبانی خۆی ئیدارەی ئەو جیاوازیانەی داوە.
تەنانەت هەندێ‌ جار ئەو بەرمیلە باروتەی ناو یەكێتی بەخۆشیدا دەتەقیەوە و ناو بەناو گروپ و باڵ و ئاراستەیەك سەریان هەڵدەدا كەدژی سیاسەتەكانی تاڵەبانی بوون و تەنانەت داوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانیان دەكرد.

باقڵ تاڵەبانی ئێستا دەیەوێت هەموو ئەو جیاوازیانە تەخت بكات،باجەكەشی هەرچی بێت گوێی لێ نییە.

لە ئێستادا جگە لە لاهور شێخ جەنگی و گروپەكەی كە دەرگای بەشداریان لێ گیراوە،هەریەكە لە مەلابەختیار و چەند سەركردەیەكی دیكەی ئەو حیزبە بەشداری كۆنگرە ناكەن و ئەگەری ئەوەش هەیە بەرهەم ساڵحیش بە بیدەنگی لەسەركردایەتی ئەو حیزبە دوربكەوێتەوە و بەشداری كۆنگرە نەكات.
بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك لە سەركردە كۆنەكانی یەكێت هەریەك لە مەلا بەختیار و ئازادی سەگرمە و فەریدون عەبدولقادر و شێخ محەمەدی سەرگەڵو ئەبو شەهاب مامۆستا جەعفەر و سالار عەزیز و سەردار هەركی و چەند سەكردەیەكی دیاری یەكێتی بەشداری كۆنگرەی یەكێتی ناكەن.


مەلا بەختیار لە دواهەمین پەیامیدا بە ئاشكرا ووتی: ئەو دیكتاتۆریەتەی ئێستا لەناو یەكێتی هەیە لە حیزبە دیكتاتۆرەكانی دونیادا هەیە.

ئایا ئەمەی بافڵ تاڵەبانی دەیكات دیكتاتۆرییە یان رێگرتنە لە فەوزاو بێ‌ سەروبەری و باڵ باڵێن لەناو حیزبەكەدا؟

هەرچۆنێك بێت،ئەم كۆنگرەیە و دوو هەڵبژاردنی نزیكی بەردەممان سەنگی مەحەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرۆكایەتیەكەی؟
ئایا بە دروستبونی ئەم هەموو نەیارەوە بۆ كۆنگرەی یەكێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی دەتوانێت سەركەوتووبێت و بەربەستەكانی بەردەمی ببڕێت؟ یان شكست دەهێنێت و كۆتایی بە چیرۆكی  سیاسی خۆی دەهێنێت.