گۆڤەندی cts ئیزائیلەكەی کچانی کوردستان دوای 2ساڵ گەڕان بەدوایدا،دەستگیرکرا

2023-09-27
ــ دواجار تارماییەکە ئاشکرا بوو 

ــ ئاسایش گروپە مەترسیدارەکەی  بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی کچان دەستگیرکرد

پازدە ڕۆژ لەمەوبەر گەنجێک بە ناوی ( س ، خ ) دوای ساڵێک و شەش مانگ چاودێری کردن بە خۆی و شەش کۆمپیوتەری ھاک و چوار موبایل و ھەشتا و پێنج ڤیدیۆی ڕوتەوە دەستگیرکرا و کۆتایی بە چیرۆکی تارماییەکە ھێندرا .

گۆڤەند،ناوی خوازراوی ئەو گەنجەیە کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە زیاتر لە ٤٣٠ ڤیدیۆ و وێنەی نیمچە ڕوت و وروژێنەری کچانی کوردستان بە تایبەت ھەولێر و سلێمانی و دھۆکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلگرام بڵاوکردوەتەوە .

گۆڤەند و گروپەکەی ھێند مەترسیدار و ون بون و ھێند بە ووردی و ئاگاییەوە کارەکانیان ئەنجام داوە کە ئاسایشی کوردستان ناچار بوە دوو تیمی تایبەتی تەکنیکی پێشکەوتوو و چاودێری تایبەتی بۆ دۆزینەوەیان خستبووە گەڕ.

گۆڤەند،كە زیاتر بە گۆڤەندی cts دەناسرا،کە کورت کراوەی ناوی گروپە ھاکەرەکەی بوو لە تەلگرام ھەژدە پێگەی ھەبوو ، کە ھەر پێگەیەک بەخێراییەکی چاوەڕوان نەکراوو ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی زیادیان دەکرد .

گۆڤەند پەیتا پەیتا وێنە و ڤیدیۆ تایبەتی و نیمچە ڕوت  ونھێنی کچانی کوردستانی بڵاودەکردەوە و زیاتریش ئەو وێنانەی بڵاودەکردەوە کە شەوان درەنگ لەنێوان ئاشقەکان بۆ یەکدی دەنێردران .

سەرەتا و دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ دا دوو کچ لە شارەکانی دھۆک و ھەولێر لە پای بڵاوبونەوەی وێنە ڕوتەکانیان لە گروپە پڕ فاڵۆوەرەکەی گۆڤەند  خۆیان کوشت کە یەکیان کچی بازرگانیکی دیاری دھۆکی بوو ئیدی ئاسایش کەوتە خۆی و لە ھەڵمەتی یەکەمدا ھەشت گەنج دەستگیرکران کە پێکھاتبوون لە پینج کوڕ و سێ کچ ،

ئەوانەی دەستگیرکران ھیچیان خودی گۆڤەند نەبون و گۆڤەند لەو کاتەدا و بەپێی زانیاریەکان لە وڵاتی یۆنان بوو ، ئەوانەشی دەستگیرکرابوون تەنھا بە ئۆنلاین پەیوەندیان بە گۆڤەند ھەبوو کاریان بۆ کردبوو . 

گۆڤەند لە خەڵک و کچان و تەنانەت دەزگا ئەمنیەکانیش بوبوە مەتەڵێکی وەڵام نەدراوە ، کەس نەیدەزانی لە کوێیە و لە پڕێکیشدا تایبەتترین وێنەی نێو سناپ و موبایلەکەی بڵاودەکردیتەوە .

شارەزایانی ئایتی دەڵێن بەشێک لەو وێنانەی گۆڤەند دەستی کەوتبوون لەڕێگای ھاککردنی پێشکەوتوو بەشێکی تریش لەڕێگایەکی تایبەت تر لە سناپ چات دەستی کەوتوون و بڵاوی کردونەتەوە .

گۆڤەند لەسەرەتادا وێنەی ھەر کچێکی دەست دەکەوت پەیوەندی بە کچەکەوە دەکرد و پێی دەگوت کە ڤیدیۆیەکی دان پێدانانی خۆت تۆمار بکە و بڵێ ڕاستە و وێنەی ڕوتم ھەیە و داوای لێبوردن لە کاک گۆڤەند دەکەم ، 
کچەکان ناچار دەبوون گرتەکانیان بە ئومێدی بڵاونەبونەوەی وێنە ڕوتەکانیان تۆمار دەکرد بەڵام دواتر گۆڤەند ئەو گرتانەشی لە گروپەکانی تەلگرام بڵاودەکردەوە و ھێندەی تر ئابڕوی خاوەن وێنەکەی دەبرد .

ئەمە بوبوە بارێکی قورس بەسەر شانی ھێزە ئەمنیەکان ، کێشە زۆرە کۆمەڵایەتیەکان و زۆربونی سکاڵاکان وایان کرد کە ئاسایش بڕیار بدات تیمی تایبەتی چاودێری ورد بۆ دۆزینەوەی گۆڤەند دروست بکەن و لە تەواوی زانیاری  و سەرە داوەکانی بکۆڵنەوە ،

دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک تیمەکە توانیان سەرەداوی گۆڤەند ھەر لە نێو ھەولێر بدۆزنەوە و درەنگانێکی شەوی ٧ لەسەر ھەشتی ئەم مانگە بدەن بەسەر شوێنی مانەوەیدا و ژورێکی پڕ لە مەلەف و ڤیدیۆ و وێنەش دەست بەسەردا بگرن و لەگەڵ خۆشیدا لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دەن بنێت بە بونی چەندین دەستی گەورەتر لە پشتی خۆیەوە .