ئاوارە بوونی دانیشتوانی غەززە، دەبێتە " نەکبە"ی دووەم بۆ فەلەستینییەکان؟

2023-10-14
دیپلۆماتیک

دانیشتوانی غەززە دوای هۆشداریدانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی شارەکەیان لە ماوەی 24 کاتژمێردا، پۆل پۆل شارەکەیان چۆڵدەکەن و بەرەو باشوور هەڵدێن.
فەڵەستینییەکان داواکارییەکەی ئیسرائیلیان بۆ چۆڵکردنی بە کۆمەڵی شارەکەیان بە "نەکبەی نوێ" یان " نەکبەی دووەم" ناو دەبەن و هاوکات مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین، بانگەوازی ئیسرائیلی بۆ چۆڵکردنی غەززە بە " نەکبەی دووەم" ناو برد.

" نکبە" ئەو ناوەیە کە فەلەستینییەکان لەو کارەسات و ڕووداوانەیان ناوە کە لە ڕووی ئاوارەبوونیان و وێرانکردنی زۆربەی نیشانە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکەیان لە ساڵی 1948 داو لەسەروەختی دامەزراندنی قەوارەی ئیسرائیلدا بەسەریاندا هاتووە.



فەلەستینییەکان دەڵێن، چۆڵکردنی غەزرەو ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی، ڕێک وێنەی ساڵی 1948، کە لەو ساڵەدا خەڵکی فەلەستین لە ماڵ و خاکی خۆیان دەرکران و وڵاتەکەیان لەدەستدا لە پێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ ئیسرائیلدا.


وشەی “نەکبە” لای فەلەستینییەکان ئاماژەیە بۆ کارەساتی دەربەدەربوونی نزیکەی  800 هەزار فەلەستینی کە لە کاتی شەڕی ١٩٤٨، کە هاوکات بوو لەگەڵ دامەزراندنی ئیسرائیل لە ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵاتوون، یان دەرکراون.



بەگوێرەی زانیاری ناوەندە عەرەبی و فەلەستینییەکان، لە "نەکبە"ی یەکەمدا، نزیکەی 800 هەزار فەلەستینی، لە کۆی نزیکەی 1,400 هەزار، بەرەو کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززەو وڵاتانی عەرەبی دراوسێ کۆچیان کردو ئاوارە بوون.

هەر بەپێی زانیاری ئەو ناوەندانە، لە سەردەمی "نەکبە"دا، ئیسرائیل لەسەر زیاتر لە سەدا ٨٥ی ڕووبەری فەلەستینی کە نزیکەی ٢٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە خۆی دامەزاندو بەو هۆیەشەوە لەو سەردەمەدا، لە کۆی ٧٧٤ گوند و شاری فەلەستینی ٥٣١ گوندو شار وێرانبوون.