ئەگەر سوپای ئیسرائیل بچێتە ناو غەززەوە تووشی چی دەبێت؟

2023-10-18

دیپلۆماتیک

لە ئەگەری هێرشی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە، تونێلە نهێنی و شاراوەکانی ئەو شارە کە بزوتنەوەی حەماس لێیداوە، دەبنە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئەو سوپایە.

ئەو تونێلانەی کە شارەزایانی ئەمنی و سەربازی بە " شاری زەمینی" ناوی دەبەن و سوپای ئیسرائیلیش ناوی " میترۆکانی غەززە"ی لێناوە، بە درێژای 500 کیلۆمەتر، لەژێر زەوی کەرتی غەززەدا لێدراون.

هاریل شۆرێڤ، توێژەر لە زانکۆی تەلئەبیب دەڵێت، ئەو تونێلانەی ژێر زەوی لە کەرتی غەززەدا، سەدان کیلۆمەترن و ژووری کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی و ژووری پەیوەندی و ژووری دابینکردن و ژووری هەڵدانی مووشەکیش لەخۆدەگرێت.



کۆڵین کلارک، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە سەنتەری سۆفان بۆ لێکۆڵینەوە لە نیویۆرک دەڵێت:"  حە. ما. س، ئەو تونێلانە بە " دڵ" و ڕەنگە ئیسرائیلییەکان بە ئاسانی نەتوانن کەشفیان بکەن و بیاندۆزنەوە.

بەوتەی توێژەرەکەی زانکۆی تەلئەبیب، ئەو ناوەندە فەرماندەییانە بەشێکن لەو شوێنەی کە بە "میترۆی غەززە" ناسراون و تۆڕێکی فراوانن لە تونێلی ژێر زەوی و درێژییەکەیان دەگاتە ٥٠٠ کیلۆمەتر. 
  
هاریل شۆرێڤ، ئاماژەی بەوەکردووە، دۆزینەوەی تونێلەکان زۆر سەختە، چونکە زۆرجار دەرگای چوونە ژوورەوەی تونێلەکان لە باڵەخانە گشتییەکاندایە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی،  قوڵایی بەشێک لەو تونێلانە هەندێکیان دەگەنە 30 یان 40 مەترو بزوتنەوەی حە. ماس بۆ هێرشکردن و هەڵگرتنی مووشەک و عەمبارکردنی تەقەمەنی بەکاریدەهێنێت و ناوەندی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی حە. ما. س. یشی تێدایە، کە هەموویان دوورن لە چاو لە فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی.



چەند ساڵێک لەمەوبەر بزوتنەوەی حە. ماس ڕایگەیاند کە 500 کیلۆمەتر تونێلیان لە ژێر غەززەدا دروستکردووەو لە ساڵی ٢٠٢١یشدا، سوپای ئیسرائیل لەناوبردنی زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتری ئەو قەڵا ژێرزەمینییەی “بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانیەوە” ڕاگەیاند.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکات بۆناو کەرتی غەززە، ڕووبەڕووی میترۆیەک دەبێتەوە  کە درێژیەکەی نزیکەی 500  کیلۆمەترەو بە " تەڵەی تەقینەوە" تەیارکراوە..

سەرباری هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکیان لە لایەن چەکدارانی بزوتنەوەی حە. ماسەوە، چاودێرانی سەربازی و ئەمنی تونێلە ژێرزەمینییەکانی کەرتی غەزرە بە دژوارترین لەمپەر بۆ سوپای ئیسرائیل دادەنێن، بەپێی لێکدانەوەکانی ئەوان، ئەو تونێلانەی کە ئیسرائیل بە " میترۆی غەززە" ناوی دەبات، پێدەچێت لێیەوە سەربازانی سوپای ئیسرائیل تووشی زیانێکی هێجگار زۆر ببن و بێتە هۆکاری ئەوەش کە سوپای ئسرائیل نەتوانێت لەناو کەرتی غەزرەدا بمێنێتەوە.