نھێنی شەڕەکەی دوێنێی نێوان سوپای عێراقی و پێشمەرگە

سوپای عێراقی پلانی چیە ؟
2023-10-23
درەنگانێکی ئێوارەی دوێنێ لە چیای قەرەچوخ لە مەخمور پێشمەرگەکانی ھێزی ھەشتا و فیرقەی چواردەی سوپای عێراق پێکدا ھەڵپژان و لە ئەنجامی یەک کاتژمێر شەڕ و ڕوبەڕوبونەوە دوو پێشمەرگە شەھید و دە پێشمەرگەی تر بریندار بوون کە فەرماندە و پلەدار لەنێو بریندارەکاندا ھەن ،

لەنێو ڕیزی سوپا و فیرقەی چواردەش 2سەرباز کوژران و دەی دیکە بریندار بوون.

کێشە و پێکدادان و شەڕەکە خەریک بوو گەورەتر ببێت و بەخێرایی  تەشەنە بسێنێت بۆ میحوەرەکانی دەورو بەری و ببێتە شەڕێکی گەورەتر بە تایبەت لەو کاتەی حەشدی شەعبی بەھێزێکی زۆرەوە ڕووی کردە ناوچەکە و گەیشتە شەرەکە بۆ ھاوکاری سوپای عێراقی.
بەڵام ھەر زوو خودی سەرۆک وەزیران محمد شەیاع سودانی و ھادی العامری و مەسرور بارزانی ھاتنە سەرھێڵ و ھەر لایەک و فەرماندە و پلە باڵاکانی خۆی ئاگادارکردەوە کە دان بەخۆیاندا بگرن و نەھێڵن کێشەکە و شەڕەکە و پێکدادانەکە لەوە گەورەتر ببێت و ناکۆکیەکان ھێندەی تر فراوان ببن.




هۆكاری شەڕەكە بریتی بوو لە پێشبڕكێی سوپا و پێشمەرگە بۆ پڕكردنەوەی ئەو شوێنانەی كە پەکەکە لێی كشایەوە لە چیای قەرەچوخ.


شوێنەکە تەواو ستراتیجیە و تورکیا ، ئێران و ئەمریکاش بە تەواوی چاویان لەسەریەتی و بەم دواییانەش تورکیا لەڕێگای وەزارەتی دەرەوە گوشاری کردوە کە ھێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانە دەربکەن و دور بخرێنەوە ،

بەپێی زانیاریەکان لە کۆبونەوەی ھاکان فیدان و محمد شەیاع سودانی ھاکان گوتویەتی یەکێک لە مەرجەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی ھەردوو دەوڵەت بریتیە لە دەرکردن و دورخستنەوەی ھێزەکانی پەکەکە لە شەنگال و مەخمور و ناوچەکە و بەم دواییانەش لە لێدوانێکیدا قاسم ئەعرەجی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی گوتی چۆن لەگەڵ ئێران ڕێکەوتنی ئەمنی تایبەتیان واژوو کرد و ھێزەکانی کۆمەڵە و دیموکراتیان دورخستەوە بەھەمان شێوە ڕێکەوتنی ئەمنی تایبەت بە نەھێشتنی گرفتە ئەمنیەکان لەگەڵ توركیا واژوو دەکەن.

پێش واژوو کردنی کۆتایی ڕێکەوتنە ئەمنیەکەی نێوان تورکیا ـ عێراق بەرپرسی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و سوپا سالاری عێراقی لەگەڵ ھێزەکانی پەکەکە لەو ناوچانە کۆبوەتەوە و پەیامەکانی سەرۆک وەزیرانیان پێ گوتون و داوای پاشەکشەیان لێ کردون و ھەر ئەوەش ھۆکاری ئەو ئاڵۆزیە نوێیانەن کە دروست بون و دور نیە رۆژانی داھاتوو گرژی زیاتریش ناوچەکە نەگرێتەوە.