لەکافتریاکەی پەرلەمانی عێراقدا، پەرلەمانتاران دەنگەکانیان دەفرۆشن

كافتریای پەرلەمانی عێراق بووەتە شوێنی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران
2024-01-24
دیپلۆماتیك

لەپاش پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، دەنگۆی فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران لە كافتریای پەرلەماندا، بووەتە هەواڵ‌و دەنگوباس‌و مشتومڕی ناو میدیا عێراقییەكان.
" ماجد شەنگالی‌و ئەحمەد حەیدەری‌و ڕەعد هەلكی‌و حسێن سەعبەری‌و عەلی توركی" ئەو پێنج پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراقن كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراقدا بابەتی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتارانیان وروژاندو هەر ئەوانیش بە فەرمی داوایان لە لیژنەی نەزادی پەرلەمان كرد كە بەدواداچوون بۆ ئەو پرس‌و بابەتەكە بكات‌و كڕیاران‌و فرۆشیاران سزا بدات.

كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی عێراق لە پێناو سەرخستنی كاندیدو لایەنێك‌و خستنی كاندیدێكیتر نوێ نییەو، لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەو بابەتە هەمیشە جێگەی باس‌و خواس بووە.
 لەگەڵ ئەوەدا كە داوای پێكهێنانی لیژنەیان كردووە، پێنج پەرلەمانتارەكە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردن‌و خستنەڕووی بەڵگەكان سەبارەت بەو كەسانەی كە لە كڕین‌و فرۆشتنەكەدا تێوەگلاون.



 لە گەڕی یەكەمی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەماندا، " شێخ شەعلان كەریم"، كاندیدی محەمەد حەلبووسی‌و حیزبی تەقەدوم، 152 دەنگی بەدەستهێناو " سالم عیساوی" كە خەمیس خەنجەر پشتیوانی دەكات 97 دەنگ‌و مەحمود مەشهەدانی كە نوری مالیكی‌و شیعەكان پشتیوانی بوون 28 دەنگی بە دەستهێنا.
محەمەد سلێمان، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە پرسی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران بۆ دوو لە كاندیدەكانی بەربژێر بۆ سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، كە كافتریای پەرلەمان لە كاتی پرۆسەكەدا بووەتە بازاڕی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران‌و بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی خوولی پێشووی پەرلەمان، یەك لەسەر سێی ئەو دەنگانەی كە " سالم عیساوی" وەدەستیهێناوە، دەنگی كڕدراو و نا ڕاستەقینەن‌و نیوەی دەنگەكانی شێخ شەعلان كەریمیش لەناو كافتریای پەرلەماندا كڕدراون.

ئەو پەرلەمانتارانەی كە پرس‌و بابەتی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتارانیان بۆ یەكێك لەو دوو كاندیدە وروژاندووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە لەناو كافتریای پەرلەماندا، فەرمانبەرێك سەرپەرشتی كڕینی دەنگەكانی كردووەو لە بەرانبەر كڕینی هەر دەنگێكدا " دەفتەرە دۆلار و تاهۆ" دراوە.
حسێن سەعبەری لە دیارترین ئەو پەرلەمانتارانەیە كە بابەتی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەنتارانی وروژاندووە، باسلەوە دەكات لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەدا، ئامادەیە بەڵگەكان‌و ناوی ئەو فەرمانبەرەی پەرلەمانیش بخاتەڕوو كە سەرپەرشتی كڕین‌و فرۆشتنەكەی كردووە.



حسێن سەبعەری، ئاماژە بەوە دەدات كە لەگەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەماندا كڕین‌و فرۆشتنەكە بە ئاشكرا دەركەوتووەو لە پڕێكدا دەنگەكان لە " مەحمود مەشهەدانی"یەوە گۆڕاوە بۆ كاندیدێكیتر.
مەحمود مەشهەدانی كە لە كاندیدبوونیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان نوری مالیكی‌و شیعەكان پشتیوانییان لێدەكرد، پاش ئاشكرابوونی دەنگەكان ڕایگەیاند، پارەو ئیمتیازات دراوە بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی دەنگەكانیان بە كاندیدێك بدەن‌و هەندێك لە پەرلەمانتاران لە پێناو پارەدا دەنگیان دا.
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، دەربارەی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەماندا وتی، پەرلەمانتارە سەربەخۆكان‌و بەشێك لە پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە " بازاڕی سوننە"دا دەنگەكانیان فرۆشتووە.
عالیە نوسەیف باسیدەكات كە زۆرێك لەوانەی دەنگیان بە " شێخ شەعلان" داوە پارەیان وەرگرتووە.

پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا دەشڵێت، كڕین‌و فرۆشتنەكە لە كافتریای پەرلەماندا ئەنجامدراوەو فەرمانبەرانی پەرلەمان بۆ كڕینی دەنگی پەرلەمانتاران بەكارهێنراون.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ، ئاماژە بەوە دەكات كە بەشێك لە پەرلەمانتاران دەنگەكانیان فرۆشتووەو فرۆشتنی دەنگیش لە پەرلەماندا شتێكی نوێ نییە.

وەكو ئەم پەرلەمانتارە دەیڵێت، نرخی كڕینی دەنگی پەرلەمانتاران لەم خولەی پەرلەماندا بە بەراوردی خولەكانی پێشوو دابەزیوەو لە بازاڕی كڕین‌و فرۆشتندا بەهاكەی هاتووەتە خوارەوە