ژوان دلشاد
ناوی سەدام، بە تایبەت بۆ جیلە مەغدورەکەی ساڵانی شەستەکان تا دووهەزارەکان، ناسراوترە لەوەی بیناسێنین. هەر لەبەر ئەوە، ڕاستەوخۆ دەچمە ناو بەرکوڵێکی لێکۆڵینەوەکەم کە لەوانەیە ڕۆژێک دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بۆ بڕەخسێ.
قۆناغی یەکەم: ١٩٥٩ - ١٩٦٨
لەو ماوەیە، سەدام مەشق لەسەر کوشتن و تیرۆر و تێکەڵبوون بە جیهانی موخابەراتی دەکات. هەر لە زوووەوە، موخابەراتی ئەمەریکی تێڕوانینی سەرکەوتوویان لە پێگەیاندنێکی دێوەزمەیەکی ترسناک کردەوە. بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر و درێژمەودا، تا ئێستا لە دەرئەنجامە سلبیەکانی ژیانمان بە ئاڵۆزی بەسەردەبەین.
ئەو ماوەیەی لە میسر بوو، بە تەواوی لەگەڵ جیهانی موخابەرات و خۆشاردنەوە لە جیهانی نهێنی تێکەڵ بوو. کەسایەتی دەروونی نەخۆشیی، هاوکار بوو بۆ قۆناغی مەترسیداری داهاتوو. لەو ماوەیە، سەدام چ چەقۆکێش و شەقاوە و تاوانباری خڵتە و پڵتەی ناو کۆمەڵگا هەبوون، لە ڕێکخراوێکی موخابەراتی بە ناوی جهاز حنین کۆکردەوە.
قۆناغی دووەم: ١٩٦٨ - ١٩٧٠
لەو ماوەیە، لە دوای لادانی عبدالرحمن عارف، لە ڕێگای خەیروڵا تڵفاح ی خاڵیەوە، سەدام توانی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆکی عێراق و سەرۆکی حیزبی بەعس قەناعەت پێبکا سەدام بکاتە جێگری خۆی. کەسانی وەک حەردان تکریتی و مەهدی ساڵح عەماش لەو پۆستە هەستیارە دوورخرانەوە لە ترسی ئینقلابکردن لە سەر بەکر. ئەحمەدی گێل نەیزانی مارێک پەروەردە دەکات، زۆر ژەهراوی و کوشندە!
لەو قۆناغە، سەدام بە بەرنامەیەکی کارامە، جیهانی حەنینی کرد بە موخابەراتی عێراقی و تەرکیزی خستە سەر کاری موخابەراتی و ئەمنی. سەدام زانی کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی نهێنی و موخابەراتی زۆر لە کودەتای سەربازی کاریگەرترە!
قۆناغی سێیەم: ١٩٧٠ - ١٩٧٣
لەو عەیامە، سەدام نەوتی خۆماڵی کرد. مەکتەبی ئیعمار و پلان دانان و ئابوری، شانبەشانی موخابەرات بەڕێوەدەبرد. سەرۆک بەکر خۆشخەیاڵانە پێی وابووە سەدامی خزم و منداڵ (لە سییەکانی تەمەنی دابوو،سەدام) و ئەمین! دەیپارێزێ لە دوژمنان.
لەو قۆناغە، سەدام زۆربوونی داهاتی عێراقی لە ڕێگەی خۆماڵی کردنی نەفت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ئابووری گەورە قۆستەوە. پێگەی خۆی لە ناو حزب و دەوڵەت بەهێزتر کرد. لەناو خەڵکی ڕەش و ڕووت وەک فریادڕەس و ڕزگارکەر خۆی نواند. هەروەها توانی بە بەیاننامەی یازدەی ئازار لەگەڵ مەلا مستەفا، کاریگەری شەڕ لە سەر داڕووخانی ئابووری عێراق کەم بکاتەوە. بە بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، حزبی شیوعی عێراقی لەگەڵ سەدام و بەعس چوونە ناو بەرەیەکەوە. جگە لە چەکدارەکانی مەلا مستەفا، مەعارەزە لە عێراق نەما یان لاواز بوو.
قۆناغی چوارەم: ١٩٧٣ - ١٩٧٥
لەو قۆناغە، سەدام کودەتایەکی شاراوەی بە سەر بەکر ئەنجام دا لە ڕێگەی نازم گوزار. تا ئێستا نهێنی جوڵانەوەکە دیار نیە، لەبەر ئەوەی سەدام هەر زوو نازم و ئەنجامدەرانی کودەتاکەی کوشت. بە بیانووی پەیوەندی هەبوون بە نازم، سەدان کادیری باڵای بەعس و دەوڵەت خرانە زیندان. بە تێپەڕبوونی کات، جگە لە هەندێ سەرکردەی سەربازی پەیوەند بە بەکر، سەرۆک دەسەڵاتێکی ڕووکەشی بۆ مایەوە، سەدام بە ئەمری واقیع بووە سەرۆکی خاوەن دەسەڵات.
قۆناغی پێنجەم: ١٩٧٥ - ١٩٧٩
بەرەو ملهوڕی ڕۆیشتن، دیارترین سیمای ئەو قۆناغە بوو. لە گرنگترین دەستکەوتەکانی سەدام، ئاشبەتاڵکردن بە جووڵانەوە چەکداریەکەی مەلا مستەفا بوو لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ شای ئێران. ئیحتواکردن و لاوازکردنی حزبێکی جەماوەری وەک حزبی شیوعی عێراقی ، سەرکەوتنێکی کاریگەری دیکەی سەدام بوو. تیرۆرکردنی عبدالرزاق نایف، مەعارەزەی ناسراو لە لەندەن، گورزی کاریگەر بوو لە هەر هەوڵێکی لەرزاندنی سەدام و بەعس. لەگەڵ ئەوەشدا، بوونی کوتلەیەکی خاوەن پەیامی ناو حزبی بەعس ، تاکە لەمپەری بەردەم بە فیرعەون بوونی سەدام بوون. لەو ماوەیە، هەموو سەرکردە سەربازیەکانی نزیک لە بەکر بە کردەوەی موخابەراتی وەک تیرۆرکردن و دەستدرێژی ناموسی بۆ سەر ئافرەتانی کەس و کاریان و شێوازی دیکە، دەستەمۆکران. بۆیە سەرۆک بەکر بەس وەک ناوی بێ ناوەڕۆک مابوویەوە.
قۆناغی شەشەم: ١٩٧٩ - ١٩٩٠
لوتکەی بە فیرعەون بوونی سەدام، لەگەڵ لادانی بەکر لەساڵی ١٩٧٩ دەستی پێکرد. ئەو چەند سەرکردە بەعسیەی سەدام ترسی لێهەبوون، بە بیانووی کودەتایەکی وەهمی، لە ناوبردران لە شانۆگەری قاعەی خولد.
ئەگەرچی سەدام زووتر دەسەڵاتی موتڵەقی هەبوو، بەڵام هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٧٩ بۆ لادانی بەکر بە هۆی چل ساڵی تەمەنی سەدامەوە بوو. سەدام خۆی بە کەسێکی ئاستی پێغەمبەر و ئەولیا و حەکیمەکان دەبینی، لە کەلتوری ئیسلامی و عەڕەبی ،تەمەنی ٤٠ ساڵی تەمەنی حیکمەتە.
لەو ساڵەش بوو خومەینی توانی نیزامی محەمەد شا لە ئێران بڕووخێنێت، بۆیە سەدام گڵۆپی سەوزی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ هەڵکرا بۆ لادانی بەکر.
تێبینی، سەدام لە ساڵی ١٩٣٩ لە دایک بووە، بەڵام لە بەر ئەوەی ساجدەی ژنی لەو بەتەمەنتر بوو، لە کەلتووری بەدەوری عەڕەبی پیاو عەیبە تەمەنی لە ژنەکەی گچکەتر بێت، موالیدی خۆی گۆڕی بۆ ساڵی ١٩٣٧. هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٧٩، بە ڕاستی سەدام تەمەنی بووبووە چل ساڵ.
لەو قۆناغە، سەدام بە شاڵاوەکانی ئەنفال کوردستانی وێران کرد. بە لەناوبردنی مەرجەع و ناسراوەکانی شیعە، تەخت و تاراجی ئەو پێکهاتەی لەرزۆک کرد. سەرکردە و کەسانی ماقووڵی پێکهاتەکانی دیکەی یان لەناوبرد، یان لە ڕێگەی موخابەرات ئیحتوای کردن. شەڕی ئێران و عێراق، بە تەواوی ئابووری عێراق و تەکنۆلۆجیا و ژیانی ئاسایی عێراقییەکان و سیمای سەردەمییانەی شارستانی، لەناوبرد.
گەورەترین مەترسی ئەو قۆناغە، کە تا ئێستاش کاریگەریە سلبیەکانی ماون، هەڵتەکاندنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی عێراق بوو. سەدام بووە عێراق و عێراقیش یەکسان بوو بە سەدام. لە قۆناغەکانی دواتر، بەڵکو تا ئێستاش،کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە تێکشکاندنی کەسایەتیی تاکی عێراقی، هەستی پێدەکرێت.
موخابەراتی عێراقی لەو سەردەمە، بە جۆرێک دڕندە بوو، بەرزان تکریتی برای سەدام و سەرۆکی موخابەراتەکەی، شانازی بەوە دەکرد کە هاوڵاتی عێراقی لە یابانیش بژی، ناوێرێت دەم بەرامبەر ڕژێمی سەرۆک سەدام بکاتەوە !
کەنعان مەکیە، ناوی لەو دەوڵەتی عێراق نا،
الجمهورية الخوف!
قۆناغی حەفتەم: ١٩٩٠ - ١٩٩٥
لە ساڵانی سەرەتای نەوەد، سەرەتای تێکشکاندنی هەیمەنەی ترسی ئەمنی و موخابەراتی بوو. سەدام لە دوای داگیرکردنی کوێت، بەسەر شۆڕی دەرکرا. خەڵکی عێراق لە سەدام ڕاپەڕی،کۆتایی سەدام نزیک بوو، بەڵام نەبوونی سەرکردایەتیەکی لێوەشاوە و ڤیتۆی لۆبی زایۆنی بۆ هێشتنەوەی سەدام ( لە دوور مەودا مانەوەی سەدام لە خزمەت ئیسڕائیل بوو) و ترسی دەوڵەتانی خەلیج لە دەسەڵاتی ئێرانی،تەمەنی سەدامی بۆ زیاتر لە دەیەیەک هێشتەوە، بەڵام بە کەوڵکراوی. نیزامی سەدام، بە هۆی گەمارۆی ئابوری و شکانی ترسی خەڵکەوە، بەرەو داڕووخان دەڕۆیی. بە هۆی ئەوەی لە قۆناغی پێشتر کەسی سەدام یەکسان کرابوو بە عێراق، عێراقیش بەرەو داڕووخان دەڕۆیی.
قۆناغی هەشتەم و کۆتایی: ١٩٩٥ - ٢٠٠٣
لەو ماوەیە، حوسێن کامل، زاوا و باوەڕپێکراوی سەدام، یەکەم گورزی کاریگەری لە سەدام و ڕژێمەکەی دا. بە هەڵهاتنی بۆ ئوردن، جگە لە کاریگەری مەعنەوی داهێزرانی ڕژێمی سەدام لەناو خەڵک، بەرنامەی چەکی کۆکۆژی ئاشکرا کرد. هەرچەندە کۆتایییەکەی حوسێن کامل و سەدامی برای گەڕانەوە بوو بۆ باوەشی سەدام بە زەلیلی،دواتر کوشتنیان، بەڵام نیشانی دا نیزامی سەدام لە ناو ئەڵقە تەنگینەکەی خۆشیان شان و شەوکەتی نەماوە.
هەوڵی تیرۆرکردنی عودەی کوڕی سەدام، بە ئیمکانیاتێکی زۆر سادە، لە ساڵی ١٩٩٦، گورزێکی دیکەی کاریگەری داڕووخانی ڕژێمی سەدام بوون. هەرچی سەدام بوو، بە خۆشخەیاڵی خۆی، بە حەبەروتێکی فیرعەونینانە دەژیا. ماستاوچی و دەست و پێوەندەکانی ،زیاتر بەرەو هەڵەیان دەبرد و خەیاڵی خوایەتیان بۆ سەدام بەردەوام دەڕازاندەوە. هەر بۆ نموونە، سەدام لەو کاتە ئیستفتایەکی گاڵتەجارانەی کرد، بە ڕێژەی ١٠٠٪ لەلایەن خەڵکی عێراقەوە هەڵبژێردرا!!!!!
ئاش لە چ خەیاڵێک و ئاشەوان لە چ خەیاڵێک؟
لە عاقیبەت، تەنها سێ هەفتە خۆی بەرامبەر هێرشی ئەمەریکا ڕاگرت لە ساڵی ٢٠٠٣. لەگەڵ ئەوەشدا،عێراقێکی وێران لە پەروەردە و ئابووری و سیستەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و ئارامی بەجێهێشت. تا ئێستاش جێپەنجەکانی توغیان، چڕنووک لە هەستی ڕق بە ڕقە و تێکدانی سیماکانی ژیان، لە عێراق بەردەوامیان هەیە.
سەرچاوەکان:
١-الجمهوریە الخوف، کەنعان مکیە
٢-مذكرات وزير عراقي مع البكر وصدام. جواد هاشم
٣-هكذا عرفت البكر وصدام؛ رحلة 35 عاما في حزب البعث. فخري قدوري
٤-کۆمەڵە هەڤپەپڤینی کەناڵی جەزیرەی لەگەڵ حامد علوان الجبوری
٥-کۆمەڵە هەڤپەیڤینی کەناڵی جەزیرەی لەگەڵ صلاح عمر العلي
٦-ڤیدیۆکانی یوتیوبی ڕائید صباح الحمداني
٧-كنت سفيرا للعراق في واشنطن دكتور محمد صادق المشاط