نەرویج و ئێرلەنداو ئیسپانیا دانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا نا

2024-05-22
دیبلۆماتیک

وڵاتانی " نەرویج و ئیرلەندا و ئیسپانیا" بە فەرمی دان بە سەربەخۆبوونی دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.

ئەمڕۆ ئێرلەندا بەفەرمی فەڵەستین وەک دەوڵەتێکى سەربەخۆ دەناسێنێت و وەزیرى دەرەوەى نەرویجیش دەڵێت: کە 28ى ئەم مانگە فەڵەستین وەک دەوڵەتێکى سەربەخۆ دەناسێنین.

دەربارەی بڕیارو هەڵوێستەکەیان " جۆناس گارستۆر" سەرۆک وەزیری نەرویج وتی:"  وڵاتەکەی لە 28 ی مانگی پێنجەوە فەڵەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەناسێنێت و ئامانجی ئەم دانپێدانانەش دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینییە کە لە ڕووی سیاسییەوە یەکگرتوو بێت لەسەر بنەمای دەسەڵاتی فەڵەستین".

سەرۆک وەزیرانی نەرویج وتیشی:"  چارەسەری دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە، ئەمە تاکە جێگرەوەیە کە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان دابین بکات، پێویستە دوو دەوڵەت لە ئاشتی و ئاسایشدا بەیەکەوە بژین".
 
" ئیسبن بارت" وەزیری دەرەوەی نەرویج، ڕایگەیاند کە قبوڵکردنی دەوڵەتی فەلەستین ئاشتی لەناوچەکە جێگیر دەکات  و ویشی:" ئیسرائیل و فەلەستینییەکان هیچ رێگا چارەیەکیان نییە جگە یەکتر قبوڵکردن وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ.
سەبارەت بە بڕیارو هەڵوێستی وڵاتەکەی، " ئیسبن بارت" وتی:"  پێشوەختە دەسەڵاتدارانی فەڵەستین و ئیسرائیل ئاگادارکراونەتەوە لە بڕیارەکەی حکومەت بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین"دا.

هاوکات " پێدرۆ سانچێز" سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا  ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە 28 ی مانگی ئایاردا، دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.
سانچێز وتی:" ئێمە خەڵکێکی ئاشتیخوازین و ئەمە ئەو شتەیە کە هەزاران خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە کۆمەڵکوژییەکانی غەززەدا نیشانی دەدەن".

لەتەک هەڵوێستی داننان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستێندا، سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆی تۆمەتبار کرد بەوەی بەردەوامە لە وێرانکردنی غەززەو خستنە مەترسی بەردەم چارەسەری دوو دەوڵەتی سەربەخۆ.

" سیمۆن هاریس" سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا، وتی، دبلن دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا دەنێت و پێشبینی دەکەین لە هەفتەکانی داهاتوودا وڵاتانی دیکەش لەگەڵ ئێرلەنداو ئیسپانیا و نەرویجدا هەنگاو بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.

ئەمڕۆ " سیمۆن هاریس" سەرۆک وەزیرانی ئێرلەنداو ،  " مایکڵ مارتن" وەزیری دەرەوەو وەزیری گواستنەوە " ئیمۆن ڕایان" کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بۆ ڕاگەیاندنی بڕیارەکە ئەنجامداو، " سیمۆن هاریس"  جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی فەڵەستین شایەنی داهاتوویەکی پڕ لە هیوا و ئاشتین.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆک وەزیرانی ئێرلەندا وتی " ئاشتی بەبێ یەکسانی نابێت و گرنگە بڕیارەکەمان بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ نەکرێت."

بڕیارو هەڵوێستی وڵاتانی نەرویج و ئیسپایاو ئێرلەندا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، دڵخۆشی فەلەستینییەکان و توڕەیی ئیسرائیلی وەدوای خۆیدا هێناو، ئیسرائیل بە خێرایی باڵیۆزەکانی خۆی لە ئێرلەندا و نەرویج گەڕاندەوە.

بەپێی هەواڵی کەناڵی حەوتی تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل، لە هەمبەر بڕیارەکانی نەرویج و ئێرلەندادا، " یسرایل کاتز" وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە  ئەمڕۆ پەیامێکی بەهێز دەنێرم بۆ ئێرلەندا و نەرویج، ئیسرائیل لەم بارەیەوە بێدەنگ نابێت و بڕیاریش دەرکرا بۆ گەڕانەوەی باڵیۆزەکانی ئیسرائیل له دبلن و ئۆسلۆ، بۆ ئیسرائیل.
لەبەرانبەر هەڵوێستی وڵاتانی ئێرلەنداو نەرویجدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتیشی:" دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەلایەن ئێرلەنداو نەرویجەوە، پشتیوانی لە حە. ما. س و هێزەکانی ئێران دەکات و مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی لەناودەبات."