هاوسەری ئیبراهیم ڕەئیسی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارە

2024-05-26
دیبلۆماتیک

هاوسەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران، یەکێک دەبێت لەو کاندیدانەی کە لە هەڵبژاڕدنە پێشوەختەکەی ئێراندا، خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندید دەکات.
میدیاکانی ئێران، بەربژێربوونی " جميلة علم الهدى" هاوسەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دێننە بەر باس و ئاماژە بەوە دەدەن کە لە لایەن باڵی ڕادیکاڵی ناو سەرانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
جەمیلە، نووسەرو  توێژەرەو هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە خاوەنی چەند کتێبێکە لە بواری پەروەردەو ژندا.

ئەو ساڵی ۱۹٦٥ لە خێزانێکی پارێزکاری ئاینی لە شاری مەشهەد لە دایکبووە، ئەحمەد عیلمولهودای باوکی، پێشنوێژو ئیمام جومعەی مەشهەدەو نوێنەری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی " عەلی خامنەی"ییە لەو شارەو نازناوی "ئایەتوڵڵا"ی هەیە.

جەمیلە لە ساڵی ۱۹۸۳، لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا هاوسەرگیری لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی کرد، دوای هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ ڕەئیسی خوێندنی تەواو کردو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناو دواتر بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفەی پەروەردەی ئیسلامیدا بەدەستهێناو بوو بە بەرپرسی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران.



 لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیادبوونی دەسەڵاتی جەمیلە،  نیگەرانی لەناوەندە حکومی و سیاسییەکەو لای کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانی وڵاتەکەی دروستکرد، بەوەی کە ڕۆڵێکی زۆری لە بڕیاردانە گرنگەکاندا لەگەڵ هاوسەرەکەیدا گێڕاوەو  پێگەی خێزانەکەی بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری سیاسی و تۆڕێکی فراوانیشی لەناو کایەی حکومی و سیاسی وڵاتەکەیدا دروستکردووە. 

 " لە نێو ڕوخساری فەندەمناڵیستەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پێشکەش کرا."

لە ساڵی ۲۰۲۲، لەکاتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی کچە کورد " ژینا ئەمینی، جەمیلە زۆر بە فراوانی دەرکەوت و ئەو ڕووداوە بەتەواوتتی ئەستێرەی ئەوی گەشاندەوە،  بەتایبەتی ئەو زۆر هەوڵیدا کۆڕو کۆبوونەوە ڕێکبخات بۆ ڕەواندنەوەی ئەو وێنەو دیمەنە ناشیرینەی وڵاتەکەی لە بواری مافەکانی ژناندا هەیەتی.
جەمیلە لەکاتی خۆپیشاندانە فراوانەکانی دژی بە کوژرانی ژینا ئەمینیدا، زۆرترین دیالۆگ و کۆڕو کۆبوونەوەی لەگەڵ میدیاکان و ژنانی وڵاتانی دونیادا ئەنجامدا.



جەمیلە،، کچە گەورەکەی ئەحمەد عیلمولهودا، ئیمام جومعەی مەشهەدەو ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانە، ئەو دەستەیەی کە ئەرکی دیاریکردنی ڕێبەری باڵایە، هەندێک لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران باوکی جەمیلە بە " دوکەڵی مەشهەد" ناودەبەن، ئەو بەناوبانگە بەوەی کەبەردەوام ڕەخنەی توندی لە ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران گرتووە.
 
بەپێی لێکدانەوەی میدیاکانی ئێران، جیا لە پشیوانیکردنی لە لایەن بەرەی ڕادیکاڵی وڵاتەکەیەوە، پێگەو ڕۆڵی ئەحمەدی باوکی، یەکێک لە پشتیوانییە بەهێزەکانی جەمیلەیە لە خۆکاندیدکردنیدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران و چوونە سەر کورسییەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی هاوسەری.

شەش ڕۆژ لە موبەر، ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کوپتەرەکەیەوە گیانی لەدەستداو بڕیارە
 28 ی مانگی 6 هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدرێت.
ئێستا پرسیاری سەرنج ڕاکێش ئەوەیە، ئاخۆ جەمیلەی هاوسەری ئیبراهیم ڕەئیسی، چەندە چانسی بردنەوەی یارییەکەی هەیەو دەگاتە سەر کورسی هاوسەرەکەی و دەبێتە یەکەم سەرۆک کۆماری ژن لە مێژووی ئێراندا؟