ئەمەریکا نیگەرانە پۆتین و کیم جۆنگ ئون ڕێکەوتننامەیان واژۆ کرد

2024-06-19
دیبلۆماتیک

لەپاش بیست و چوار ساڵ، دوێنێ سێ شەممە، سەرۆکی ڕوسیا، ڤلادیمێر پوتین، گەشتە پیۆنگیانگ و لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون، پەیماننامەیەکیان گرێدا.

ئاژانسی هەواڵی " KCNA" ی کۆریای باکوور، بڵاویکردەوە کە پوتین بەنیازە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ پیۆنگیانگ بەهێز بکات و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستێکی زیاتر بەرز بکاتەوە.

لەپاش گەشتنی بە پایتەختی کۆریای باکوور، پۆتین وتی ڕووسیا هەمیشە پشتیوانی لە کۆریای باکوور دەکات بۆ بەرگریکردن لە سەروەرییەکەی، هاوکات پۆتین، سوپاسی کۆریای باکووری کرد بۆ پشتیوانیکردن لە سیاسەتی ڕوسیا."

ئەمڕۆ، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پۆتن، لەپاش کۆبوونەوەو واژۆکردنی ڕێکەوتن لەگەڵ کیم جۆنک ئون، ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتنێکی ستراتیژییان واژۆ کردووەو ڕێککەوتنەکە بواری سەربازی و ئەمنی دەگرێتەوەو  هاوکاری هەردوو وڵات دەکات لە حاڵەتی هێرشکردنە سەر هەریەک لەو دوو وڵاتە.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، لە سەردانە دوو ڕۆژییەکەی پۆتیندا بۆ کۆریای باکوور، باسلە گواستنەوەی چەک لە پیۆنگیانگەوە بۆ مۆسکۆ دەکرێت، ئەو چەکانەی کە ڕووسیا  بەنیازە لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت.
 
 ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا، ڕایگەیاند، لەم سەردانەدا، بەڵگەنامەیەکی نوێی دامەزراندنی" پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ" ئامادەیەو. وتیشی:" ئەم بەڵگەنامەیە بناغەی پەیوەندییەکانمان لە درێژخایەندا دەخاتەڕوو.
پۆتین جەختی لەوەشکردەوە کە مۆسکۆ و پیۆنگیانگ پێشکەوتنێکی گەورەیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا ئەنجامداوە".



هاوکات، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هێرشە سەربازییەکەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دوپاتکردەوەو وتی کە رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا واژۆ دەکات.
 کیم، دوای دیداری لەگەڵ پوتین ڕایگەیاند  “وڵاتەکەی پشتیوانی و هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ حکومەتی ڕووسیا و سوپاکەی و گەلەکەی لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت لە ئۆکرانیا، بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و یەکپارچەیی خاکەکەی دەردەبڕێت".

هەر لە پیۆنگیانگەوە، پۆتن پەیامێکی ئاڕاستەی ئەمەریکا کردو وتی:" ڕووسیا شەڕی سیاسەتی هەژموونی و ئیمپریالیزم دەکات کە دەیان ساڵە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەدوایدا دەگەڕێن".

 ئەمەریکا ڕایگەیاند سەردانەکەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بۆ کۆریای باکوور، مایەی نیگەرانییەکی زۆرە.
 بات ڕایدەر، وتەبێژی پێنتاگۆن وتی " قووڵکردنەوەی هاریکارییەکانی نێوان ڕوسیاو کۆریای باکوور دەبێت جێی نیگەرانی بێت."

وتەبێژی کۆشکی سپی، " کارین جان بیار" وتی گەیاندنی چەک لە کۆریای باکوورەوە یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی توانای ڕوسیا بۆ شەڕی دڕندانە لە ئۆکرانیا.
وتیشی:" نابێت هیچ وڵاتێک هاوکاری بدات بە پۆتین بۆ بەرەوپێشبردنی شەڕی دوژمنکاری کە ئێمە ئێستا بە ئاشکرا لە ئۆکرانیا و ڕوسیا دەیبینین، جەنگەکە بە ئاشکرا پێشێلی دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و سیستەمی نێودەوڵەتی لاواز دەکات".
ئەو ئاماژەی بە مەترسییەکانی هاوکارییە سەربازییەکانی کوریای باکور بۆ ڕووسیا کردو وتی:" کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانیان، بەتایبەت بەکارهێنانی موشەکی بالیستیکی کۆریای باکوور بۆ لێدانی ئامانجەکانی ئۆکرانیا مەترسیدارە.

وتیشی " ئەمەریکا هێشتا هیچ ئاماژەیەکی نەبینیوە لەسەر ئەوەی هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیان پێکردووە، بەڵام لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین."