دیپلۆماتیک
سەددام حسێن، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، دەکرێتە کەرەستەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە لایەن کاندیدێکی پۆستی سەرۆک کوماری ئێرانەوە.
مستەفا پور محەمەدی کە کاندیدێکی سەرۆککۆماری ئێرانەو لەبەرەی موحافیزکارەکانە، وێنەی خۆیی و سەددام حسێن وەکو پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردێنێت و وێنەی سەددام و جەواد زەریفی دژی بەرەی ئیسڵاحییەکان بەکار دێنێت.
پێدەچێت چڕی پێشبڕکێی ئێران لە نێوان کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران دەستی کردووە بە چەمانەوەی زیاتر و گەیشتن بە بەکارهێنانی سەرۆکی ڕژێمی پێشوو سەدام حسێن وەک ماددەیەکی دیکە لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا.
مستەفا پوور محەمەدی، یەکێک لە پێنج کاندیدە ڕادیکاڵەکەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری ئێرانە، لە میانی پڕوپاگەندەو بانگەشەی هەڵبداردندا وێنەیەکی کۆنی خۆیی و سەددام حسێنی بڵاوکردووەتەوەو ئەوەی لەگەڵدا نووسیوە کە لەبەرانبەر سەددام حسێندا داوای مافی گەلی ئێرانی کردووە.
وێنەکەی سەددام و پور محەمەدی، دەگەڕێتەوە بۆ سەروەختی کۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و لەپاش شەڕ پور محەمەدی بوویە نوێنەری ئێران بۆ ئاڵوگۆڕپێکردن و ئازادکردنی ئەو سەربازە عێراقی و ئێرانیانەی کە لە جەنگەکەدا لە لایەن هەردوو وڵاتی شەڕکەرەوە بەدیل گیرابوون.
پوور محەمەدی، هەر بە بڵاوکردنەوەی وێنە کۆنەکەی خۆیی و سەددام حسێن نەوەستاوە، بەڵکو وێنەیەکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە کە تییدا "محەمەد جەواد زەریفی" وەزیری دەرەوەی ئێران، تەوقە لەگەڵ سەددام حسێندا دەکات و وایلێکدەداتەوە کە ئەو خۆی بەهێزەوە لەبەرانبەر سەددامدا دانیشتووەو داوای مافی گەلی ئێرانی لێدەکات و جواد زەریفیش بە بچوکی لەبەردەم سەددامدا دەرکەوتووەو خۆشحاڵە بەوەی کە سەددام تەوقەیەکی لەگەڵدا دەکات.
بڵاوکردنەوەی وێنەی جەواد زەریفی و سەددام لە لایەن پور محەمەدییەوە، ئامانج لێی، لێدانە لەبەرەی ئیسڵاحخوازەکانی و مەسعود پزیشکیان، چونکە پزیشکیان تاکە کاندیدی بەرەی ئیسڵاحییەکانی ئێرانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری و جەواد زەریفیش کە یەکێکە لە ڕێبەرانی ئەو بەرەیە، پاڵپشتێکی گەورەی مەسعود پزیشکیانە