سەۆكی ئێرانی ئایندە كێ‌ دەبێت؟

2024-06-28
نەوزادی موهەندیس
         

  بڕیارە بەیانی  ڕۆژی هەینی 28/6/2024 و دوای 50 ڕۆژ لە كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكەی سەرۆكی ئێرانی ابیراهیم ڕەئیسی و مردنی.هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران ئەنجامدەدرێت.
  لە كۆی 80 كاندید لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستورەوە تەنها 6 كاندیدیان پەسەندكردوە كە بریتین لە هەریەكە لە :
1.مسعود پزیشكیان
2.مستەفا پور محمدی
3.سعید جەلیلی
4.علی ڕەزا زاكانی
5.امیر حسین قازی زادە هاشمی
6.محمد باقر قالیباف

 كە تەنها مەسعود پزیشكیان سەر بەڕەوتی ڕیفررمخوازو هێڵی میانڕەوەكانەو ئەوانیتریان هەموانیان سەر بە باڵی پارێزگارە توندڕەوەكانن.
جێگەی ئاماژە پێدانە هەریەك لە :
1. محمود ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی ئێرانی پێشوو.
2. عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشووی پەڕلەمانی ئێران لە كاندیدە دوورخراوەكاندا بوون.



 دوو كاندیدیان لەوانی تر بەهێزترن كە بریتین لە :

1.سعید جەلیلی : گفتوگۆكاری ڕابووردوو مەلەفی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاواییەكاندا( 5+1)
2.محمد باقر قالیباف : سەرۆكی ئێستای پەڕلەمان ئێران
 چونكە هەردووكیان كەسایەتی نزیكن لە ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامیەوە ((عەلی خامنەئی)) و زۆرینەی ژیانی وەزیفیان لەناو پاسدارانی ئێران  پلە و پۆستی گرنگ  و هەستیاریان هەبوە.
ئەوەی ئاشكراشە هەر كاندیدێك كە ڕابەر و سوپای پاسداران پشتیوانی لێبكەن ئەوا دەرچوونی مسۆگەر دەبێت.
 لەلایەكی تریشەوە ئێران بۆ هەر قۆناغ و سەردەمێكیش گۆڕانكاری لە كاندیدەكانی باڵی ڕیفۆرمخوازان و توندڕەو وموحافیزكارەكاندا دەكات،وەك خۆگوجاندنێك لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكانی ڕۆژو كرانەوە یان دووركەوتنەوە لەدونیای دەرەوە بەتایبەتی ڕۆژئاوا و هەمووكاتیش بەرژەوەندی ئێرانیان لامەبەستە.
 كاندیدی سێهەمیش كە بریتیە لە د.مسعود پزیشكیان كە كوڕی فەرماندەی ئەرتەش بوە لە مهاباد لەسەردەمی محمد ڕەزا شادا و هەر لەمهابادیش لەدایكبوە و گەورەبوە و زمانی كوردی بەڕەوانی دەزانێت ،مەزهەبی شیعەیە و باوكیشی توركە. 


  سێجار بۆتە ئەندانی پەڕلەمانی ئێران و جێگری سەرۆكی پەڕلەمان بوە و پۆستی وەزیری تەندروستی وەرگرتوە.سەردانەكانی لەناو كوردستاندا گەرموگوڕبوە و بەرنامەی كاریشی تایبەتە بە مافی كەمینەكان و نەتەوەكان لە ئێران و لایەنگری پێشخستن و گەشەی زاست و ئابوریە و هیوای زۆری هەڵچنیوە لەسەر دەنگی كورد و نەتەوەكانی تر لە ئێراندا.
  48 كاتژمێری ئایندە كاتێكی زۆر هەستیار و ناڕوونە بۆ هەموان  كە چاوڕوانی دەكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت  كە كێ‌ بازەكە بەسەریەوە دەنیشێتەوە و بۆ 4 ساڵی ئایندە  چۆن سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ و ناوچەیی ئێران بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات.
چونكە ئێران لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لەگەرمەی جەنگی حەماس-ئیسڕائیل و ڕوسیا-ئۆكراینا و زاڵبوونی نفوزی لەناو وڵاتانی عەرەبی ناوچەكەدا سەنگ و قورسایی و مەترسیی خۆی هەیە و دەبێت حسابی بۆ بكرێت.