دیبلۆماتیك
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی هەڵبژاردنو كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی حیزبەكەوە، دۆخی ناوخۆی پارتی لە هەڵەبجەو شارەزوور لە " سنووری لقی دوازدە" تەقەی تێكەوتووەو تەقیوەتەوە.
لە هەڵەبجە، سەیدسادق، سیروان، خورماڵ، زەڕایەن، هەورامان، دەنگی ناڕەزاییو توڕەیی لەناو بەشێكی زۆر لە كادیرانی پارتیدا درووستبووەو ئەوان باسلەوە دەكەن كە بەهۆی كوتلەو كوتلەكارییو فێڵو خروقاتەوە زڵمو ستەمیان لێكراوە، ئەوان لەتەك باسكردنی فڕوفێڵو تەزویرو گزیكاری ناو پرۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئۆرگانەكانی پارتیدا لەو سنوورە، هاوكات دەستلەكاركێشانەوەو وازهێنانیشیان لە پارتی ڕاگەیاندووە.
پارێزەر شادمان زەڵمی كە بۆ بەرپرسی ڕێكخراو لە خورماڵ بەربژێربووەو بەوتەی خۆی لە كۆی 21 دەنگ هەژدە دەنگی وەدەستهێناوە، كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی پارتی لە سنوورەكە بە كۆنفرانسی درۆو خیانەت ناو دەباتو دەڵێت:" كۆنفرانسی حیزبەكەی ئێمە پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنفرانسی بندیوارو تەنسیقو درۆو خیانەتكاران بوو، كەسانێك كە زیاتر لە 10 ساڵە وەك بندیوار بە پلەی كارگێڕی دەوام ناكەنو مووچە وەردەگرن، بەفێڵو خیانەت پارتی دەكەنە حیزبێكی پیرو لەرزۆك".
شادمان زەڵمی لە میانی توڕەییو نیگەرانییەكانیدا دەشڵێت:" من لە لیژنەی ناوچەی خورماڵ بەربژێربووم لە ڕێكخراوی دووی خورماڵو لەكۆی 21 دەنگ بوومە خاوەنی 18 دەنگ، بەڵام دواجار كۆمەڵێك نەفامو بندیوارو گەندەڵ تەنسیقیان كردو منیان لە پلەی مەسئولی ڕێكخراو خستو ڕێگەیان نەدا دەربچم".
مەریوان حاجی عەلی كە پێشتر لە سنوری لقی دوازدەدا بەرپرسی ناوچە بووە، لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی مەسعود بارزانیو نێچیرڤان بارزانیو مەكەبی سیاسیو مەكتەبی ڕێكخستی سلێمانی كردووە، باسلەوە دەكات كە لە كۆنفرانسەكانی سنووری لقی دوازدەی پارتیدا نادادپەروەریو گزیكاری زۆر كراوەو بەوهۆیەوە ئەو، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ڕیزەكانی پارتی ڕاگەیاندووە.
مەریوانی حاجی عەلی لە پەیامێكدا دەڵێت:" سەرنجی ڕایگشتی ڕادەكیشم بۆ ئەو گزیكارییەی كە لە سنووری لیژنەی ناوچەی سەیدسادقدا، دوور لە هەموو بەهایەكی كاری ڕێكخراوەیی ئەنجامدرا، دوای تۆماركردنی سكاڵا لەسەر پرۆسەكەو ڕاگرتنی بۆ ماوەی 24 كاتژمێر، بەداخەوە بەبیچ حسابكردنو گەڕانەوە بۆ ڕای بەرانبەر، بەشێوەیەكی نهێنیو دوور لە چاوەڕوانی ئێمە كۆنفرانسیان لە قەزای سەیدسادقەوە گواستەوە بۆ ناو مەكتەبی ڕێكخستنی سلێمانی شەرعیەتیاندا بە ساختەكارییەكی ناشەرعی.
بورهان شەهید ئیبراهیم، كە كوڕی شەهیدی پارتیو هەم بەرپرسی پێشووی ناوچەی " زەڕایەن"ی پارتی بووە، دەڵێت بەهۆی ئەو نادادیو دەستێوەردانە ئاشكرایەی كە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی سنووری لقی دوازدەدا كراوە، بەناوی 100 خێزانی پارتییەوە دەستلەكاركێشانەوە لە ڕیزەكانی پارتی ڕادەگەیەنین.
ئەو لە ناڕەزایەتی نامەكەیدا دەڵێت:" ئێمە كە پێكهاتووین لەزیاتر لە 100 خێزانی خاوەن قوربانی عەشیرەتی تاوگۆزی كە زیاتر لە 300 دەنگدەری پارتی بووین لە سنووری پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە، لە پاش ناڕەزایەتیمان لەو دەستێوەردانە ئاشكراو ئەو نادادیانەی لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی پارتی لە سنووری لقی دوازدەو ناوچەی زەڕایەن كرا، لەلایەن بەشی ئەمنیو بەرپرسو كارگێڕانی لق، بڕیارماندا بە دەستلەكاركێشانەوەمان لەڕیزەكانی ئەو حیزبەو لە 27ی 6 وە هیچ پەیوەندییەكمان بە پارتییەوە نەماوە".
كچە شەهیدێكیتری پارتی نیقاب پۆش لە ناحیەی سیروان بۆ میدیاكان قسەی كردو بە وتەی خۆی لە كۆنفرانسدا زوڵمێكی زۆر لە" بەهمەن فەرەج"ی برای كراوە كە خۆی بۆ بەرپرسی ناوچە هەڵبژاردووە، ئەو وتی لەگەڵ ئەوەدا كە براكەی لە كۆی چوار ڕێكخراو لە سێ ڕێكخراودا دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە، بەڵام بە تەزویرو فروفێڵ نەیانهێشتووە براكەی دەربچێت.
ئەو كچە شەهیدەی پارتی كە لەمیانی قسەكانی دەیووت من كچی سەرۆكو خوشكی براگەورەم، ئاماژەی بەوەدا كە سەرباری ئەوەی هەڕەشەیان لێكراوە، پیانووتوون براكەت دەریشبچێت دەیخەین.
بەكر حەمەئەمین بەگ، ناسراو بە بەكر لهۆنی، كە كادێرێكی دێرینی پارتییە، باس لە پارە بەخشینەوەو دەستێوەردان لە كۆنفرانسی ناوچەی "هەورامان"دا دەكاتو هاوكات دەستلەكاركێشانەوەی خۆیشی لە پارتی ڕادەگەیەنێت، ئەو لە پەیامێكدا دەڵێت:"خۆم كاندید كرد بۆ بەرپرسی ناوچە، لەپاش ناڕەزایم لەم كۆنفرانسەو دەستێوەردانی بەرپرسانو بەخشینەوەی پارە بەسەر كادیرانی نەفس نزمو خۆفرۆشو دووڕوو، وە ئاسانكاریكردنو دەستێوەردانی لیژنەكانی كۆنفرانس، رایگشیو لایەنە سیاسییەكانو سنوورەكەو لایەنە ئەمنییەكان ئاگادار دەكەم كە لە 27ی 6ی 2024 وە دەستلەكاركێشانەوە لە پارتی ڕادەگەیەنم".