كوردستان و تاران كەمترین ئاستی بەشداریی

هەینی داهاتوو سەرۆكی ئێران یەكلادەبێتەوە
2024-07-01
كوردستان كەمترین ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا، لەسەر ئاستی ئێران تۆماركرد، رێژەی بەشداری 23% بوو.
بۆ كەمی ئاستی بەشداری تەنیا تارانی پایتەخت شان لە شانی كوردستان دەدات، كە بە هەمان شێوە 23%ی تۆماركردووە. 
بەرزترین ئاستی بەشداریش لە پارێزگای (خۆراسانی جنوبی) بووە كە گەیشتوەتە 61%. 
8ی بەیانی دوێنێ (بەكاتی تاران)، بەفەرمی وادەی دەنگدان بۆ خولی چواردەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێران دەستیپێكرد، دوای سێ جار درێژكردنەوە، وادەی دەنگدان 12ی شەو كۆتایی هات و دەست بە جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان كرا. 
هاوكات لەگەڵ ژماردنی دەنگەكاندا، لیژنەی هەڵبژاردنەكانە ئێران رایگەیاند، ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی رێژەی 50+1ی دەنگەكانیان بەدەست نەهێنا، هەڵبژاردن دەكەوێتە گەڕی دووەمەوە. 
بەپێی ئەوەی لیژنەی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، ئاستی بەشداری دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنەكەدا 40% بووە، (61 ملیۆن و 452 هەزارو 321) كەس لەناوخۆو دەرەوەی ئێران مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام لەم ژمارەیە (24 ملیۆن و 535 هەزارو 185) بەشداری دەنگدانیان كردووە، لەناو ئەوانەشدا كە بەشداری دەنگدانیان كردووە (یەك ملیۆن و 56 هەزارو 159) دەنگ پوچەڵ بووە. 
وەكو ئەوەی لیژنەی هەڵبژاردنەكان هەر لەسەرەتاوە پێشبینی كرد، هیچ یەكێك لە كاندیدەكان دەنگی 50+1ی دەنگدەرانیان بەدەست نەهێنا، بۆیە هەڵبژاردن كەوتە گەڕی دووەمەوەو براوەی یەكەم و دووەمی گەڕی یەكەم واتا (مەسعود پزیشكیان و سەعید جەلیلی) لە گەڕی دووەم و كۆتایدا روبەڕووی یەكتر دەبنەوەو ئەنجامی هەڵبژاردن بەلادا دەخەن. 
(24 ملیۆن) دەنگی قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردن، بەمشێوەیە دابەش بوو لەسەر كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێراندا: 
🔹  مەسعود پزیشكیان: 10 ملیۆن و 415 هەزارو 991 دەنگ
🔹  سەعید جەلیلی: 9 ملیۆن و 473 هەزارو 298 دەنگ
🔹  محەمەد باقر قالیباف: 3 ملیۆن و 383 هەزارو 340 دەنگ
🔹  مستەفا پورمحەمەدی: 204 هەزارو 397 دەنگ
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئێران رۆژی 5ی تەموز واتا هەینی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.