دیپلۆماتیك
لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، لە نێو ئاپۆراو جۆشو خرۆشی هەوادارانیداو لە گەرمەی هوتافو وتاریدا بۆ ئەوان، گەنجێكی تەمەن بیست ساڵ، هەشت فیشەكی ئاڕاستەی دۆناڵد ترامپی تەمەن حەفتاو هەشت ساڵی كاندیدی كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەمەریكا كرد.
یەكێك لەو فیشەكانەی " تۆماس"ی گەنج ڕوو بە ترەمپ تەقاندی، كەمێك لە گوێی ئەوی بریندار كرد، تەقەلێكردنیو برینداربوونی نەك هەر واینەكرد كە بەخێرایی ستەیجی وتاردانو بانگەشە جێنەهێڵێت، بەڵكو ئەو ڕوو بە نەیارەكانی هاواری دەكرد كە هەرگیز كۆڵنادەمو خۆم بەدەستەوە نادەم، بە هەوادارانیشی دەگوت بجەنگن بجەنگن.
هەرچەندە لە جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان بەهێزترەو چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەكەشی زیاترە، بەلام زۆرێك لە چاودێران پێیانوایە ئەو هێرشەی كە كرایە سەریو ئەو فیشەكەی كە برینداری كرد، وایكردووە كە سۆزی ئەمەریكییەكان بۆ ترامپ زیاتر بێتو هەوادارانی ڕوو لە هەڵكشان بكاتو ئەو چەند دڵۆپە خوێنەی كە لە گوێچكەی لای ڕاستی هاتووە كورسی سەرۆكایەتی بۆ مسۆگەر كردووەو جڵەوی سەرۆكایەتی چوار ساڵی ئەمەریكای پێبەخشیوە.
ئەو هەشت فیشەكەی كە " تۆماس ماتیۆ كروكس" لە بینایەكی بەرزەوەو لە دووری 125 مەترەوە ئاڕاستەی كڵاوسوورەكەی كاندیدی كۆمارییەكانی كرد، ترەمپی نەكوشت، بەڵكو ئەوی گەیاندە سەر كورسی سەرۆككۆماریو زۆرینەی بۆچوونەكان بەو ئاڕاستەیەن كە بردنەوەی هەڵبژاردنەكەی بۆ ترەمپو كۆمارییەكان تا ئاستێكی زۆر مسۆگەر كردووە.
ماوەیەك بەرلەوەی ترامپ بداتە بەر فیشەك، تۆماس لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا باسی ئەوە دەكات كە ڕقی لە ترەمپو لە كۆمارییەكانەو تا ئێستاش هەر ئەمە بە پاڵنەری هێرشەكە دادەنرێت.
لەپاش هێرشەكەوەو ئەو دەمەی ترامپ گەیەنرایە نەخۆشخانە، جۆبایدنی ڕكابەریو كاندیدی دیموكراتەكانو سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا، پەوەندی بە ترامپەوە كردو وتی ئەوكارە قبوڵكراو نییەو دەزگای هەواگری ئەمەریكاش هێرشەكەی بە هەوڵی تیرۆكردنی ترامپ ناوبرد.
لەپاش برینداركردنیو ئەوكاتەی كە خوێن بەلای ڕاستی ڕووخسارییەوە بوو، ترامپ لەسەر دوانگەی وتاردانەكەوە هاواری دەكردو نەفرەتی بۆ ئەوكەسانە دەنارد كە تەقەیان لێكردووەو بە هەوادارانیشی دەگووت بجەنگ بجەنگن، كاتێكیش گەیەناریە نەخۆشخانە وتی، جێگەی سەرسوڕمانە كە كاری وا لە ئەمەریكا ڕوودەدات.
هێرش بۆسەر دۆناڵد ترەمپ، لەسەر ئاستی جیهان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو هاوسۆزی بۆ ترامپو ئەمەریكا ڕاگەیەنرا، ڕووسیای نەیاری سەرسەختی ئەمەریكا، ڕووداوی هێرشكردنە سەر ترامپی كردە دەرفەتی هێرشو ڕەخنە بۆسەر ئەمەریكاو وتی، دابینكردنی بودجەی زیاتر بۆ پۆلیسی ئەمەریكا باشترە لە پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ئۆكرانیا.
جیاواز لە كاردانەوە گشتییو جۆراوجۆرەكان لەسەر هێرشی تەقەكردنەكەی سەر ترامپ، زۆرن ئەوانەی كە پێیانوایە ڕووداوەكە سیناریۆیەو لە پێناو ڕاكێشانی سۆرزی دەنگدەری ئەمەریكاو بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری لە لایەن ترامپەوە داڕێژراوە.
ئەوانەی لەسەر ئاستی جیهان ئەم تێڕوانینەیان هەیەو هێرشەكە بە سیناریۆ دەزانن، جۆری برینداربوونەكەی ترامپو خشانی یەكێك لە فیشەكەكان بەلای گوێچكەی ترامپدا دەكەنە بەڵگەی ئەوەی كە ڕووداوەكە سیناریۆیەو بەشێكە لە پڕوپاگەندەی ئەو هەڵبژاردنەكەی كە مانگی یازدەی ئەمساڵ لە ئەمەریكا بەڕێوەدەچێتو جۆبایدنو دۆناڵد ترامپ شەڕ لەسەر بردنەوەی دەكەن.