بایدن لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی دەكشێتەوە؟

2024-07-18
دیبلۆماتیك

تا دێت لە لایەن بەرپرسانی دیموكراتەكانی ئەمەریكاو ناوخۆی پارتەكەوە، فشارەكان بۆ كشانەوەی جۆبایدن لە كێبركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكاوە زیاتر دەبێت.
گەورەیی تەمەنی‌و خراپی دۆخی تەندروستی‌و ئەو هەڵە گەورەو زۆرانەی كە لە كاتی دیدارو كۆڕو كۆبوونەوەكاندا دەیكات، وایكردووە كە لەناو دیموكراتەكان‌و لایەنگرانیاندا، خواستی كشانەوەی جۆبایدن لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریدا زیاتر بێت.

خواست‌و فشارەكان بۆ كشانەوەی جۆ بایدن، لە كۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێكرد، بەتایبەت دوای گفتوگۆكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی كاندیدی كۆمارییەكاندا كە بە بەراوردی ڕكابەرەكەی، جۆبایدن بەلاوازی دەركەوت.

هەرچەندە هێشتا لایەنگرانی بۆ مانەوەی زۆرە، بەڵام ئێٍستا لەناو بەشێكی زۆری دیموكراتەكاندا ئەو بڕوایە هەیە كە جۆ بایدن ناتوانێت كێبڕكێی دۆناڵد ترامپ بكات‌و لە هەڵبژاردنەكەی مانگی یازدەدا شكستێكی گەورە بۆ خۆیی‌و دیموكراتەكانیش تۆمار دەكات.

لە ئەگەری كشانەوەی " جۆ بایدن" لە كێبڕكێكە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە "كامالا هاریس"ی جێگری لەبری ئەو دەبێتە كاندیدی دیموكراتەكان‌و ئەوەش ئەو خواستەیە كە بەشێكی زۆری دیموكراتەكان هەیانەو پێیانوایە "كامالا هاریس" لە جۆ بایدن بەهێزترەو ئەو باشتر دەتوانێت كێبڕكێی دۆناڵد ترامپ بكات‌و لە دوایین لێدوانیشیدا سەبارەت بە كشانەوەی، جۆ بایدن هێمای بۆ جێگرەكەی كردو وتی، كامالا هاریس دەتوانێت لە " ترامپ"ی درۆزن ببباتەوەو ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا.

بەپێی هەواڵی میدیا ئەمەریكییەكان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، داواكارییەكان سەبارەت بە كشانەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی زۆر زیادیان كردووە‌و ئێستا زۆرن ئەوانەی كە پێیانوایە ئەگەر دیموكراتەكان بتوانن جۆ بایدن ڕازی بكەن كە بەهۆی باری جەستەییەوە لە كاندیدی پارتەكە بكشێتەوە، ئەوا جێگرەكەی  بایدن "كامالا هاریس" باشترین هەلی دەبێت بۆ جێگرتنەوەیی‌و خۆی بۆ سەرۆكایەتی كاندید بكات‌و كێبڕكێ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا بكات.
لەسەەرتای هاتنە ئارای باسوخواسی كشانەوەی لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی لەناو دیموكراتەكاندا،"جۆ بایدن"ی كاندیدی دیموكراتەكان لەمیانی چاوپێكەوتێكی لەگەڵ كەناڵی "ئەی بی سی نیوز) ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا داواكارییەكان بۆ كشانەوەی لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی زۆرن، بەڵام ئەو هەرگیز ناكشێتەوەو بەردەوام دەبێت.



جۆ بایدن لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی " ئەی بی سی نیوز"دا دووپات‌و جەختی كردەوە كە تەنها لەسەر داوای " خودا" لە كێبڕكێی سەرۆكایەتی دەكشێتەوە.
ئێستا كە فشارەكان بۆ كشانەوەی زیادی كردووە، وەك هێمایەك بۆ ڕازیبوونی لە چۆڵكردنی مەیدانەكە، جۆ بایدن مەرجی كشانەوەی هێناوەتە خوارەوەو لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا، ڕایگەیاند، تەنها كاتێك لە كاندیدبوونم بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەكشێمەوە، كە بەهۆی كێشەیەك لە تەندروستیمدا پزیشكێك ئەو داوایەم لێبكات.

 لەتەك خەختكردنەوەی لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی دووەمدا بەسەر ترامپدا سەردەكەوێت‌و هەڵبژاردنەكە دەباتەوە، ئەو وتیشی، كە بڕوا ناكات دۆخەكە بەو ئاستە بگات‌و لە كێبركێكە پاشەكشە بكات، " بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەو ئاستە بگات، ئەوا " كامالا هاریس" نەك تەنها جێگرەوەیەكی باشە، بەڵكو دەتوانێت ببێت بە سەرۆكی ئەمەریكا".

پشتیوانانی " کامالا هاریس" پێیانوایە لە زۆر ڕووەوە بژاردەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی لە بری جۆ بایدن، وەکو کاندیدی دیموکراتەکان ببێتە ڕکابەری دۆناڵد ترامپ، ئەوان دەڵێن کامالا هاریس دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە ببینێت لە ڕاکێشانی دەنگی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و کۆچبەران  ڕەشپێستەکان، بەتایبەت کە ئەوان لە ترەمپ ناڕازین و زۆر نیگەرانی  داهاتوویانن لە ئەمەریکا. 

کامالا لە ساڵی 2011  تا 2017 وەک سیو دووەمین داواکاری گشتی ویلایەتی کالیفۆرنیا کاری کردووە. توانای ئەو لە جێبەجێکردنی یاسادا یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانیەتی و زۆریشن ئەوانەی کە پێیانوایە هێز و دیسپلین یاسایی هاریس دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ترەمپ، بەتایبەت کە دۆناڵد ترەمپ کێشەی یاسایی زۆری هەیەو ئەو وەک  پارێزەرێک دەتوانێت بەتەواوی سوود لەو کەلێنە یاساییانە وەربگرێت و لە دیبەیتەکانی هەڵبژاردندا تەحەدای بکات.

لە بەرانبەردا، نەیارانی کامالا، دەڵێن هێشتا جۆبایدن زۆر لەو  باشترو بەهێزترە بۆ ئەوەی کاندیدی دیموکراتەکان بێت لەبەرانبەر ترامدا.

 ڕۆژنامەی " نیو ستەیتسمان" لە راپۆرتێکدا، هێرشی توند دەکاتە سەر " کامالا هاریس" و بە کێشەیەکی گەورە بۆ دیموکراتەکان ناوی برد.
 راپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە کامالا هاریس، جێگری سەرۆک بایدن، لەم ساڵانەی دواییدا له هەموو بوارەکاندا ئاستێکی خراپی نیشانداوەو  لە ئێستادا بە یەکێک لە بێزراوترین دیموکراتەکانی ئەمەریکا دادەنرێت. 
ڕۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە کە ڕاپۆرتەکەیدا، کە کامالا هاریس لە بەڕێوەبردنی نووسینگەی جێگری سەرۆکدا سەرکەوتوو نەبووەو هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیناتۆرو پەرلەمانتاران و وەزیرەکان نەبووەو نەیشیتوانیوە هاوکارو یاریدەدەرێکی باشبێت بۆ جۆ بایدنی سەرۆک.