دۆخەکە ئاڵۆزە و ئامۆزاکان یەخەی یەکیان گرتووە

ــ نهێنی قسەکانی لاهور شێخ جەنگی چین و کەی بافڵ تاڵەبانی وەڵام دەداتەوە؟
2024-07-30
کوژرانی گەنجە کاسبکارەکەی سلێمانی ، جگە لە توڕەیی کۆمەڵایەتی ناوەندە سیاسیەکەشی هەژاند و خاڵی دەست پێکی یەکەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنیش بوو .

لاهور شێخ جەنگی دوێنێ و بۆ یەکەمین جار وەڵامی تووندی دەباشانی دایەوە ، شێخ جەنگی گوتی کە ئیتر قبوڵی ناکەن و ئەوەی لەمەوبەر بێدەنگ بوون لەبەر دۆخەکە بوە ، کە ئێستا دۆخەکە خۆی تێکچوە ئیدی ئەوان قسەی خۆیان دەبێت ،

هەمووان چاوەڕوان بوون وەکو ڕۆژەکانی سەرەتای هەشتی تەمووز مەفرەزەکانی هێزە چەکدارەكان ڕوەو لالەزار بکشێن و وەڵامی وەڵامەکەی لاهور شیخ جەنگی بە گرتنی دەوری ماڵ و بارەگاکەی بدەنەوە ، بەڵام كاردانەوەكان لە وەڵامدانەوە و شەڕی سۆشیال میدیا تێنەپەڕی.

شێخ جەنگی پەیامەکەی ئاراستەکراو و پڕ سیگناڵ و کۆد بوو کاتێک گوتی " سەرسەریەکی کۆماندۆ چۆن وەکو شەلاتیەک گەنجێک دەکوژێت و کۆماندۆ پەلاماری خەڵک دەدات" 

بەڵام لە باسی دژەتیرۆر دا نەک خراپی نەگوت بەڵکو گوتی ئەم ماوەیە دژەتیرۆر زۆر باشن و یاساییانە کارەکانیان دەکەن 




لە قسەكانیدا لاهور شێخ جەنگی دابارییە سەر هێزەكانی كۆماندۆ و ناراستەوخۆ ستایشی دژە تیرۆری كرد.
وادیارە هێشتا لاهور شێخ جەنگی ئەو بەیەنیەی بیرنەچۆتەوە كە هێزەكانی كۆماندۆ كودەتایان بەسەردا كرد و دەستیان گرت بەسەر دەزگای زانیاری و دژە تیرۆردا.

هێشتا نازانرێت وەڵامی بافڵ تاڵەبانی لەسەر دۆخی ئەم دواییەی سلێمانی و قسەکانی لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای چی دەبێت ، بەڵام دیپلۆماتیک زانیویەتی کە لەنیو یەکێتی و لە ئاستی باڵادا دوو پێشنیاری جیاواز هەن ،

یەکیان داوا دەکات دەست بەجێ وەڵامی سەرۆکی بەرەی گەل بدرێتەوە و وەکو سەرەتاکانی ڕووداوەکانی هەشتی تەمووز لالەزار گەمارۆ بدرێت و بەرەکەی تریش پێیان وایە کە یەکێتی و سەرۆکەکەی هیچ وەڵامێک نەدەنەوە و خۆیان نەخزێننە ئەجێندای لالەزار کە خواستیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێش بخات.

لەسەر ئەم بابەتە ڕۆژنامەی شەرقول ئەوسەت نوسیویەتی " کوژرانی گەنجێکی کاسبکار بەشێوەیەکی دڕندانە و بەبەرچاوی خەڵکەوە لەلایەن ئەندامێکی هێزی کۆماندۆ هەم بانگەشەی پێش خست و هەمیش هێندەی تر گڕی بەردایە پەیوەندی خراپی نێوان دوو ئامۆزاکە"

ڕۆژنامەکە دەشڵێت کوژرانەکە دەست و دەمی هێزە ئۆۆۆزسیۆنەکانی زیاتر کردەوە و بەڕەخنەکانیان دۆخەکەیان هێندەی تر تووند کردوەتەوە.