بانگەشەی سەرەكی لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چی دەبێت ؟

دیپلۆماتیک کارنامە و پلانی حزبەکان ئاشکرا دەکات
2024-08-07


هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەنها نەوەد و پینج ڕۆژی ماوە،تادێت کیبڕکێ و قۆڵبادانی یەکتری و رکابەریەکان تووندتر دەبنەوە.

پارتی و یەکێتی دوو پارتە ڕکابەرەکەی دەسەڵات بە ووردی سەرقاڵی دانانی پلانی ووردن بۆ کاتی بانگەشە و دیاری کردنی ئەو کەسانەی کە دڵخوازی خەڵکن،بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو ئیحراجیەی تێی کەوتوون.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنیش زیاتر لە شەش مانگە جەنگی ئیعلامی و بانگەشەی پیشوەختەیان دەست پێکردوە و هەر یەکەیان لە دەرفەتێک دەگەڕێت تا لەکە و ڕەخنەیەک لە لایەنەکانی دەسەڵات بگرن .

هەرچەندە هێشتا بە فەرمی حیزبەكان بانگەشەی سەرەكی هەڵبژاردنیان دەستپێنەكردووە،بەڵام دیپلۆماتیک لە نزیكەوە ئاگای لەوەیە هەریەكێك لە حیزبەكان دەیانەوێت چی بكەنە بانگەشەی هەڵبژاردن.

دیپلۆماتیک گەیشتوە بەو زانیاریەی کە خاڵی هاوبەشی سەرجەم لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات دژایەتی گەندەڵی و جەختكردنە لەسەر موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان.

بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان:
پارتی دیموکراتی کوردستان پلانی داناوە لەسەر پرسی ( پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی خێزان) هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی چڕ بكاتەوە.


پارتی دەیەوێت وا خۆی وێنا بكات كە ئایندەی قەوارەی هەرێم و شوناسی كورد بوون بەندە بە بەهێزی و دەسەڵات و حوكمڕانی پارتییەوە و ئەوەش دەكاتە خاڵی سەرەكی بانگەشە

لە پلەی دووەمدا پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی پاراستنی خێزان بەرزدەكاتەوە و بەدیاریكراویش جەخت لە دژایەتی جێندەر و ڕوبەڕوبونەوەی مادە هۆشبەرەکان)دەكاتەوە، هەر بۆیە ئەو کەسانەشی هەڵی بژاردوون کەسایەتی کۆمەڵایەتین و تەواوی هەڵمەتەکەشی چڕ دەکاتەوە لەسەر ئەم پرسە جگە لە باس کردن لە چاکسازی و دژایەتی هەوڵی لە قاڵب دانی هەرێم و گوشارەکانی بەغداد و پرسە نەتەوەییەکان.



بانگەشەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان:
 هەرچی یەکێتی نیشتیمانیە  ڕوبەڕوبونەوەی هەوڵی سزادانی سیاسیانەی سلێمانی و    پرسی ئابڵوقەی ئابوری سەر سلێمانی لەلایەن تورکیا و پارتی دەوروژێنێت و لەوانیە جارێكی دیكە پرسی لامەرکەزیەت بۆ سنوری زۆنی سەوز بکاتە چەقی هەڵمەتەکەی.


بانگەشەی نەوەی نوێ‌ بۆ روخانی دەسەڵاتە:
نەوەی نوێ‌،كە بەپێی دواهەمین هەڵبژاردن لە هەرێمدا سێیەم گەورەترین هێزی هەرێم و گەورەترین لایەنی ئۆپۆزسیۆنە،بانگەشە سەرەكیەكەی بریتییە لە روخانی یەكێتی و پارتی و گرتنە دەستی دەسەڵات.
لەدیدی نەوەی نوێوە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو دەقەیەوە دەستی پێكردووە كە هەڵبژاردنی پێشوو تەواو بووە. هەربۆیە لەرێگەی میدیایەكی كاریگەرەوە لە هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی بەردەوامدایە دژی گەندەڵی و كەموكوڕیەكانی دەسەڵات.


لایەنە ئیسلامیەكان:
کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی بانگەشەی سەرەكیان بریتییە لە دژایەتی گەندەڵی و پاراستنی شوناسی ئاینی خەڵكی كوردستان دژایەتی هەوڵی شێواندنی خێزان و پرسە ئیسلامیەکان دەکەنە بانگەشەیان.


بانگەشەی بزوتنەوەی گۆڕان
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە،بەپیی بەدواداچونەکانی دیپلۆماتیک باس کردن لە گەندەڵی و  میراتی نەوشیروان مستەفا و هەوڵی کیشانەوەی تیمە حکومیەكەیان لە کاتی بانگەشەدا لەو پلان و کارتانە دەبن کە بەنیازە بەکاری بهێنێت .


هەرچی پارتە نوێیەکەی لاهوری شیخ جەنگیە بەتەواوی خۆی یەکلایی کردوەتەوە بۆ باس کردن لە زوڵمی دەسەڵات بە تایبەت یەکیتی و ڕاکێشانی هەستی لایەنگرانی یەکیتی کەس و کاری شەهیدان و خراپی ئیدارەدانی سلیمانی .

بەرەی هەڵویستی عەلی حەمەساڵحیش پشتی بەستوە بە ئاشکراکردنی زنجیرەیەک مەلەف و فایلی گەندەڵی و باس کردن لە خراپی ئیدارەدانی نەوت و داهاتی ناوخۆ.لە ئێستاشەوە رایگەیاندووە هەرچەند كورسی بهێنن بەشداری حكومەت و دەسەڵات ناكەن و وەكو ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە