بافڵ تاڵەبانی تەقلەی بە فیل لێدا

شەوی رابردوو لە بەغدا، چی رویدا؟
2024-08-12
پشتی پەردە زۆر ئاڵۆزترە، لەوەی بینیمان..
هاوکێشەکە نەک تەنها عێراقی بوو، هەرێمیش بوو.
کلیلی دەرگاکەی کەرکوک، چەند دەرگایەکی تر دەکاتەوە و چەند دەرگایەکی تر دادەخات..
لەم نێوەندەدا ئەوەی ناکۆکی کورد، گرێی دەستی ناچار بە دەم کرد..
لە کۆتایشدا، بافڵ تالەبانی و حیزبەکەی زۆرتر پێکەنین..
شەوی رابردوو لە بەغدای پایتەخت، پارێزگاری ئاڵۆزترین پارێزگای عێراق، کەرکوکی فرە نەتەوە یەکلایی کرایەوە، کوردێک لەسەر پشکی یەکێتی بوە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنیش درا بە عەرەب، ئەگەرچی تورکمان بەشداری کۆبونەوەکە نەبوو، بەڵام ژمارەیەک پۆستیان بۆ دانراوە.
ئەوەی شەوی رابردوو رویدا، هیچی کەمتر نەبوو، لەوەی شەوی ١٣ ی ئۆکتۆبەر، ٢٠٢٢ رویدا و سەرۆک کۆماری عێراق دوای قۆڵبادان و ملشکاندنێکی زۆر لەنێوان پارتی و یەکێتی یەکلایی کرایەوە و د. لەتیف رەشید لە یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرت و د. بەرهەم ساڵح، کۆشکی سەلامی جێهێشت.
ئەو رۆژە و دوێنیش پارتی و یەکێتی، نەیانتوانی بەیەکەوە هەڵبکەن و هەمو شتێکیان کرد بۆ خستنی یەکتر، لە کۆتایشدا هەردوو دۆسیەکە بەسودی یەکێتی یەکلایی بویەوە، ئەگەرچی لەوەی سەرۆک کۆماردا کاندیدی یەکەمی یەکێتی بەرهەم ساڵح بوو، بەڵام دواجار یەکێتیەک بوە سەرۆک کۆمار، خاڵی هاوبەشی هەردوو رکابەرییەکەش دوێنێ و ئەوێ رۆژێش، بافڵ تاڵەبانی بوو، کە لەسەردامی سەرۆکایەتی ئەودا، هەردوو گرەوەکە لە پارتی برایەوەو جارێکی تر ترێندی، جەمال لۆمارێ هاتەوە سەر زار و ماڵپەرەکانی سۆشیال میدیا.



پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەو گرێکوێرەیە کرایەوە، چۆن هەوڵەکانی پارتی و خودی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، بۆ دانانی کەسێک بە پارێزگار کە بەدڵی ئەوان بێت، شکستی پێهێنرا...
لەپشتی پەردەوە ئەوەی گوزەراوە تەنها پەیوەندی بە کەرکوکەوە نیە، لەم نێوەندەدا یاریزانێکی دیکە هاتە ناوەوە کە لە رابردوش بە هەموو شیعە و بە ئێرانیەکانیش ئەگەرچی خستیان بەڵام نەیانتوانی کۆتایی پێبهێنن، ئەویش محەمەد حەلبوسی بوو.
یەکێتی بە سێ ئەندامی عەرەب توانی رێژەی یاسایی کۆبونەوەکە پێکبهێنێت، دوو لەو ئەندامانە لە کیستی تەقەدومن، کە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتی دەکات، رێک ئەمەش خاڵی وەرچەرخانی یارییەکە و هەڵوەشاندنەوەی ریسەکەی پارتی بوو.
لەماوەکانی رابردوو، پارتی زۆرترین نزیکی لە سوننەکان و خودی محەمەد حەلبوسی هەبوە، تا ئەوەی بارزانی هەوڵیدا پێکیان بهێنێت، تا سەرۆکی پەرلەمان دابنێن و رێک بکەون، چەند جارێکیش بارزانی، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوکی لە عەرەب و تورکمان بینی، هەموو ئەمانە وەها دەردەکەوت، کە پارتی ئەگەرچی تەنها دوو ئەندامی هەیە لە کەرکوک، بەڵام ئەو بڕیار دەدات و دەبێت پارێزگاری کەرکوک ئەگەر لە پارتیش نەبێت بەدڵی ئەو بێت یان هاوپەیمانی ئەو بێت، بەڵام هەموو ئەم یارییەکە گۆڕا.
لەم نێوەندەدا، بە ئاشکرا دەستی تورکیا و ئێرانیەکان ئامادەیی هەبوو، هەمیشە لە کەرکوک ئەم دوو وڵاتە ئامادەییان هەبوە، ئەمجارەش لە بەرژەوەندی ئێران و هاوپەیمانەکانی یەکلایی بویەوە و لەم دۆسیەیەشدا حەلبوسی بەلای ئێرانیەکاندا کەوت و وەها دیارە حەلبوسی بۆ گەرانەوەی زیاتر بۆسەر ستەیج، گەڕانەوەیەک دەکات و نزکتر بۆتەوە لە ئێرانیەکان و دۆستی ئێرانیەکان لە عێراق..
ئێستا هەردولا پێویستیان بە یەکترە نە تاران توانی ئاسان حەلبوسی لەن یارییەکە بکاتە دەرەوە نە حەلبوسی توانی ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، بەبێ تاران..
بۆیە ئەوەی هەیە حەکبوسی رازی بوو بەوەی ئەندامەکانی بەشداری پێبکات لە کۆبونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکدا، ئەوەش لەبەرامبەر هەنگاوی داهاتو، لە دانانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا، کە یەکێتی و ئێران هاوکار بن.
حەلبوسی بۆ راپەراندنی هەموو ئەم ئەرکانە و ئاسانکردنی رێگاکە بۆ بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی، پشتی بەست بە محەمەد تەمیم، جێگری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد تەمیم سەر بە تەقەدومی حەلبوسیە، هەموو یارییەکانی کەرکوک، پێ ب پێی ئەو رۆشتن، لە بردنی کۆبونەوەکە بۆ بەغدا و لە رێکخستنی لایەنەکان و دابەشکردنی پۆستەکان و تەواوی وردەکارییەکان.
لە کۆتایدا، یەکێتی یارییەکەی لە پارتی بردەوە و پارێزگاری بۆخۆی برد و بافڵ تاڵەبانیش بێگومان دەستکەوتەکەی دەچنێتەوە، بەڵام ئەوەی جارێکی تر هەموان بینیمان ئەوەبوو کە کورد زیاتر لە نەیارەکانی نەیاری خۆیەتی، ئەو شەرەی پارتی و یەکیتی لە کەرکوک بەرامبەر یەک کردیان، دەیانتوانی بە دۆستایەتی یەکتر زۆر دەستکەوتی زیاتر بۆ کورد بەدەست بهێنن، بەڵام وەک هەمیشە و بۆ هەمیشە، لەناو ماڵی کورد پەنجەکان یەکتر دەشکێنن.