عەبدولکەریم فەتاح
پەیجەر چییە؟
پەیجەر جیهازێکی رادیۆیی بچووکە وەڵامدەداتەوە بە دەرکردنی دەنگ و زەبزەبە لە کاتی چالاک کردنی بە رێگەی ئاماژەی رادیۆیی، هەر پەیجەرێک ژمارەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە، دەتوانرێ پەیوەندی پێوە بکرێت لە رێگەی هەر مۆبایل و کۆمپیوتەرێکەوە، بە چەند چرکەیەک تا خولەکێک نامە دەگاتە پەیجەر، تەنها لەو ناوچەیەدا کار دەکات خزمەتگوزاری پەیجەری تێدایە، پێش بڵاوەکردنی مۆبایل پەیجەر ئامڕازی پەیوەندی کردن بووە، ئێستاش لە هەر جێیەک خزمەتگوزاری مۆبایلی نەگاتێ-یان نەخوازن خزمەتگوزاری مۆبایل بەکاربهێنن- ئەم ئامڕازە بەکاردەهێنرێت، زیاتر لە کەرتی عەسکەری و ئەمنی و کەم جاریش لە کەرتی پزیشکیدا بەکاردێت.
مۆساد و شاباک چۆن توانییان دەستیان بگاتە ٤٠٠٠ جیهازی پەیجەر؟
مۆساد و شاباک دەستیان هەبووە لە دانانی مادەی تەقینەوە بە بڕی نزیک بە ٦٠ گرام لە هەر جیهازێکدا، لە بنچینەدا پەیجەری عەسکەری بۆ خۆشی لە رێگەی باترییەکەیەوە کە ماددەی لیسیۆمی تێدایە دەتوانێ کڵپە بکات و لە کار بخرێ، تاکو ئەو کەسەی بە دیل دەگیرێ یان دەفڕێنرێ راستەوخۆ جیهازەکە لە کار بخرێت لە رێگەی یەکەیەکی تایبەتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەیە.
سیناریۆکانی دانانی ماددەی تەقینەوە لەو جیهازانەدا ئەمانەن:
-ئەو وەسیتەی لە نێوان حیزبوڵا و شەریکەی تێلێریمی ئێرانیدا بووە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبووبێت.
-ئەو شەریکەی لە ئێرانەوە جیهازەکانی بۆ لوبنان شەحنکردووە بە کارەکە هەستابێت و پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبووبێت.
-شەریکەی تێلێریم ئەو باتریانەی لە تایوان کڕیبێت و لەو وڵاتە مۆساد ماددەی موتەفەجیری تێکردبێت.
-ئەگەرێکی تر ئەوەیە ئیسرائیل توانیبێتی تەنها ماددەی لیسیۆمی ناو باترییەکە بتەقێنێتەوە کە ئەمەیان ئەگەرێکی لاوازە، چونکە تەقینەوەی گەورە لە کڵپەسەندنی باترییەکان پەیدا نابێت.
ئیسرائیل چۆن توانیویەتی بچێتە ناو تۆڕی پەیجەر و بەو کارە هەستێت؟
دانانی مادەی موتەفەجیر نیوەی کارەکەیە، نیوەکەی تر تەقاندنەوەی ٤ هەزار جیهازە لە یەک کاتدا، تاکو هەواڵەکە بڵاوە نەکات و خەڵکی خۆیان لە جیهازەکان دوورخەنەوە، بۆ ئەو کارە ئەم ئەگەرانە بوونی هەیە:
-کۆد و فریکوێنسی تایبەت بەو جیهازەی بەدەستهێنا بێت کە لە نێوان شەریکە ئێرانییەکە و حیزبوڵادایە.
-خەرقی سیستمی پاراستنی(سایبر سیکویرتی) جیهازەکەی کرد بێت و نامەیەکی رەوانەی هەموو جیهازەکان کردبێت، کاتێ بەکارهێنەرەکە وەڵامی نامەکە دەداتەوە، وەڵامەکە بۆ شاباک و مۆساد گەڕاوەتەوە، لەو رێگەوە توانیویانە بچنە ناو دانە بە دانەی جیهازەکان و تەفعیلی تەفجیرە زاتییەکەیان کردووە، لەگەڵ بوونی باتری لیسیۆم و بوونی ماددەی موتەفجیر لە جیهازەکەدا توانیویانە لە سەعاتی سفر هەموو جیهازەکان بتەقێننەوە.
بۆچی ئیسرائیل کارەکەی دوانەخست بۆ کاتی ئەو هێرشە بەربڵاوەی بەنیازبوو بیکاتە سەر باشووری لوبنان؟
لە رێگەی نامەکانەوە ئیسرائیل بۆی دەردەکەوێت سێ ئەندامی حیزبوڵا کە بەکاربەری پەیجەر بوون بە پیلانەکەیان زانیوە، بۆیە قازانج نیوەش بێت هەر باشە، بە زووترین کات بڕیاری تەقاندنەوەی پەیجەرەکانیان داوە.
بەم کارە تیرۆرستییەی ئیسرائیل حیزبوڵا زیانێکی زۆری بەرکەوت، بەڵام کارەکە تەواوی نەیارانی ئیسرائیل و ئەمریکای بەئاگاهێنا، بەڵکو هەموو مرۆڤێکی سەدەی بیست و یەک و چاخی جیهازە ئەلەکترۆنییەکان، جۆرێک لە بێداری رووی لێ کرد، تێگەیشتن ترس و هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە لە ١٧ی مانگی سێپتەمبەرەوە مرۆڤایەتی بە جۆرێکی تر لە ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان دەڕوانن، لێرە بەدواوە بەو دۆستە خۆشەویستەی نازانێت شەوان لەژێر سەرینەکە و رۆژان لەناو گیرفانی سەر دڵ دایبنێت.