نالی شاعیر لە شیعرێکدا باس لە چین دەکات. لەم شیعرەدا نالی دەربڕی ئەو ئاگاییە کە لەو سەردەمەدا لە ئارادبوە دەربارەی وڵاتی چین. هەرچەندە شیعرەکە دەربارەی وڵاتی چین نیە بە تایبەتی، بەڵکو یارییەکی زمانەوانییە بە وشە و ناوی چین. نالی دەنوسێت: خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین، کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین. برۆت ھەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین. ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟!
ئەم دێرە بۆ من چەند ئاڵۆزییەک لە خۆی دەگرێت دەربارەی ئاگایی ئێمە لە مێژودا دەربارەی وڵاتێک بە ناوی چین. لە شیعرەکەدا چین و ماچین پێکەوە هاتوون. هەتا ئەم دواییەش وەهام دەزانی ئەم چین و ماچینە، بەشێکە لەو تەکنیکی زمانی نەنوسراو، وەک شیعر و میعر و بزن و مزن و ژن و من و زۆری تر. ئەم تەکنیکە بۆ ئەوە داهێنراوە هەتا بە ئاسانی ئەزبەر بکرێت، چونکە نوسین بەشێک نەبوە لە کەلتور. بەڵام پاش کارکردن لە سەر چین بۆم دەرکەوت ماچین مێژوییەکی تایبەتی هەیە.
لە شیعرەکەدا چین وەک جێگایەکی خۆش دەردەکەوێت، بەڵام لە شیعری سۆفیگەری تایبەت بە مەحبوبەدا هیچ جێگایەک خۆش نیە بەبێ ئەو. شیعری سۆفیکەریی و خۆشەویستی کوردی بە گشتی دەربڕی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و دەرونیە نەخۆشەیە کە ڕێگە بە گەیشتن بە خۆشەویست نادات. بەڵام ئەمە بوار و باسی ئێمە نیە ئەمڕۆ.
،،
چین لە ئەدەبیاتی گشتی ناوچەکەدا وەک شوێنێکی دوور دەبینرێت. شوێنێک کە گەیشتن پێی سەخت یان مەحاڵ بێت. ئەمە لە کاتێکدا سەردەمێکی زۆرە ڕێگا و جوڵە لە نێوان چین و ناوچەکەدا بونی هەیە. ئەوەی کە پێی دەڵێن ڕێگا یان ڕێگاکانی ئاورێشم.
چین ناوێکی سەیرە. وەها دەردەکەوێت یان وەها ناسراوە کە ناوێكی دێرین بێت. بەڵام بە گشتی ناوێکی نوێیە. ئەوەی باوە ئەوەیە کە ناوی چین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنەماڵەی چینگ. لە ڕاستیدا چینگیەکان چینی نەبوون، لە ناوەوەی ئاسیاوە هاتبون و ئەو سەرزەمینەی کە بە چین ناسراوە بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتەکەیان.
بڵ هەیتۆن لە کتێبە نوێکەیدا بە ناوی داهێنانی چین، دەڵێت هەتا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەش چین وەک ناوی شوێنێک تەنها لە ئاگایی بیانییەکاندا هەبوو، نەک چینیەکان خۆیان. ئەم پرۆسەی داهێنانە تەنها چینیەکان نەیانکردوە بەڵکو هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە ئیمپراتۆریەتەوە گۆڕاون بۆ دەوڵەت نەتەوە هەوڵی ئەم فێڵەیان داوە. تورکیا یەکێکە لە نمونە دیارەکانی وەک چیناسی تورکی مارکسی عارف دیرلیک باسی دەکات.
ناوی چین یەکەمجار لە پورتوگالییەکانەوە داڕێژراوە. دورات باربۆسا لە ساڵی ١٥١٦ وشەی چینی بەکارهێنا و لە ساڵی ١٥٥٥ ڕیتچارد ئیدن ئەم کارە وەردەگێڕێت بۆ ئینگلیزی. ئەم کارەی باربۆسا ١١١ ساڵ پێش باڵادەستی بنەماڵەی چینگ دێت بە سەر چیندا.
ئەو ماچینەی کە نالی بەکاریدەهێنێت لە مانجیەوە هاتوە. وشەکە لە زمانی چینیدا مانزییە، کە مانایەکی ناشیرینی هەیە و بە مانای بەربەرییە باشورییەکان دێت. ئەم وەسفە لە لایەن هانەکانەوە بۆ ئەوانە بەکاردەهێنرا کە هان نەبوون. هانەکان زۆرینەی خەڵكی چینن، کە نزیکەی ٩٠٠ ملیون کەسن. ئەمە لە ئەو سەردەمەدا کە چین دابەشبووبوو لە نێوان بنەماڵەی جین و بنەماڵەی سۆنگ لە باشور. مارکۆپۆلو مانزی کردوە بە مانجی و لە ڕێگەی ئەوەوە گەشتوەتە ئەوروپا. وەها دیارە ئەم ناوە لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوە، وەک زۆر ناوی تر.
،،
مێژوی ئەم ناوە چەند خەسڵەتێکی مێژو و کەلتور و جوڵەی مرۆیی و مەعریفیمان بۆ دەردەخات. یەکەم، بەکارهێنانی نالی مانای ئەوەیە ئەو وەک کەسێک بەئاگای سەردەمی خۆی بە ئاگابوە لە بونی ئەم ناوە. ئەمە بە ئەو مانایە دێت کە ئەم ناوە بونی هەبوە لە کەلتورەکانی ناوچەکە وەک عەرەبی و فارسی بە تایبەت.
دەزانین کە ئیبن بەتوتە بەکاریهێناوە. دووەم، پرۆسەی ناونان و ناسینەوە چۆن بەرهەم هاتوە لە میانەی کەسەکان و کەلتورەکان و زمانەکانەوە. سێیەم، چۆن ئەم مێژوە ئەمڕۆ لە میانەی هەڵکشانی چیندا وەک هێزێکی گەردونی جارێکی تر بەرهەم دێتەوە. لە میانەی کارکردنم لە گەڵ هاوەڵە چینیەکەمدا ئەوەم بۆ ڕون بوەوە کە چۆن چین لە پانتاییەکی ئەفسانەییەوە دەگۆڕێت بۆ یەکەیەکی ئایدەلۆجی و پاشان بۆ خەسڵەتی جۆرێک لە کاڵا و لە داهاتودا دەبێتە یەکەیەکی سیاسی. بەڵام ئایا ئێمە دەتوانین دەستبەرداری فەنتازیا و ئایدەلۆجیا ببین لە تێگەیشتن لە چین لە قۆناغی سیاسی و ئابوریدا، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر لە زلهێزەکانی تر مامەڵەی لە گەڵدا بکەین؟؟
ناو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شوناسەوە. ناوی چین ئەمڕۆ وەها بەرهەم دێت کە دەربڕی خەڵك و وڵات و مێژوو و شارستانی و گەلێک بێت کە چەندین هەزار ساڵە وەک شارستانیەتێک پێکەوە دەژین. ئەمە کرۆکی پرۆژەی ناسیونالیزمی چینیە. لە بیرمەندی مارکسی ئیریک هۆبسباومەوە فێردەبین کە ڕابوردو بە پێی پێداویستی ئێستا بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەم دیاردیدەیە لە سەدەی هەژدە دادەهێنرێت . ئەمە لە میانەی هەوڵی تێگەیشتنی ئێمە بۆ تێگەیشتن لە چین وەک زلهێزێک گرنگە، چونکە ئەگەر بە ئاسانی تەسلیمی بین ئەوا ئەو تراژیدیایە دوبارە دەکەینەوە کە هەتا ئەمڕۆ لە گەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکادا هەمانە. کیسنجەر لە حەفتاکان لە دانیشتنێکدا لە گەڵ باڵویزی ئەمریکا لە ئێران دەڵێت دەمەوێت پرسی کورد وەک برینێکی سارێژ نەبوو بمێنێتەوە. برینی سارێژنەبوو دەربڕینێکی شاعیرانەی ناو دونیای پڕ لە ناڵە و بۆڵەی کوردییە، بەڵام لە ئاستی جیوپۆلەتیکیدا هێندە شاعیرانە نیە، بە داخەوە. لێرەدا گەر بە خێرایی ئاماژەی پێبدەم، بیرکردنەوەی شیعری کە بە سەر دونیای ئێمەدا زاڵە بیرکردنەوەیەکی مناڵانەیە.
ماچین لە میانەی تێگەیشتنی ئێمەدا بۆ چین تەنها ناوێکی تر نیە، یان دەربڕینێک نیە بۆ خەڵکانێک، یان خۆ بەباڵازانینی هانەکان نیە بە سەر ئەوانی تردا. بنەمای دیدی مەملەکەت ناوەند یان ناوەندی دونیا نیە. بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی ناونان و جیاکاریی و خودبینین و پەیوەندی بە ئەوانیترەوە.
ئێمە جۆرێکین لە ماچین بۆ چینی ئەمڕۆ. لە بە زلهێزبونی چیند دەبێت ئێمە بە مێژوو و پرۆسەی میژوگەرێتی و ناسیونالیزمی ئەو وڵاتەدا بڕۆینەوە. بەبێ ئەنجامدانی