گـــــــەرووی هـــــورمــــز

2021-01-04

محمد بەکر

گەروو: واتە قوڕگ، بەڵام لەزمانی کوردیدا بۆ شوێنی تەنگیش بەکاردێت، بۆ نمونە لەبری ئەوەی بڵێن تەنگەی چیا دەڵێن گەرووی چیا، لێرەدا مەبەست لەو "تەنگەبەرییە ئاوی"ەیە.

هورمز: لەڕووی مێژووییەوە، وشەکە کورتکراوەی "ئاهورامەزدا" یە کە ناوی خودایە لەئاینی زەردەشتیدا، وە هەندێک لەپادشایانی کۆنی ئێران ناویان "هورمز" بووە. بەڵام ناونانی ئەم گەرووە بە هورمز پەیوەندی بەهەڵکەوتەی ئەم گەرووەوە هەیە کە دەکەوێتە ئوستانی "هورمزگان" ەوە لەسەر کەناری کەنداوی فارسی.

جوگرافیا:
گەروی هورمز بەو تەنگەبەرییە ئاوییە دەوترێ کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومانەوە، لەسەر کەنداوی فارسی، کە ئێران تیایدا دەبێتە دراوسێی کۆیت و سعودییەو ئیمارات و عومان و عێراق و لەوێشەوە توانای پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە پێ بەخشیووە.

مـێژوو:
لەڕووی مێژووییەوە هەمیشە بۆ ئێران بایەخی تایبەتی هەبووە، لە کۆندا یەکێک بووە لەو کەناڵە گرنگانەی کە ئێرانی بەجیهان و بەتایبەت بەڕێگای ئاوریشمەوە گرێ دەدا. لە پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا ئێران بۆ دەستبەسەرا گرتنی ئەم تەنگەبەرە ئاوییە شەڕو ململانێی هەریەک لە دەوڵەتانی پورتوگال و ئیسپانیاو بەریتانیا و ئەمەریکای کردووە، سەرەڕای ململانێی بەردەوامی لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانی. لەسەردەمی شاعەباسی سەفەویدا ئێران بەیارمەتی ئینگلیز ئەم گەرووەی لە پرتوگالیەکان سەندەوەو یەکێک لەبەندەرەکانیشی بەناوی خۆیەوە ناونا"بەندەر عەباس" دواتریش نادرشاو حەمەڕەزا شا و کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان داوە.

بایەخی ئابووری:
لەئێستادا گەرووی هورمز بایەخێکی گەورەی جیهانی هەیە، لەسەدا ۳۰ ./. نەوت و وزەی جیهانی لێرەوە هەناردە دەکرێت، بۆ خودی ئێران ڕۆڵی ڕەگی حەیات دەبینێ، چون سەرەڕای هەناردەی نەوت و وزەی ئێران، ئەم گەرووە کەناڵێکی بازرگانی گرنگی ئێران و دەوڵەتە عەرەبیەکانیشە بۆ ئاڵوگۆڕی شمەک و کاڵا.

بایەخی جیپۆڵۆتیکی:
نزیکەی لەسەدا ٤٥./. یەدەکی نەوت و وزەی جیهان دەکەوێتە خاکی ئەم وڵاتانەی سەر گەرووی هورمزەوە، ئەمە وایلێ کردووە چاوی تەماحی دەوڵەتانی مەزنی جیهانی لەسەر بێت، وە بووەتە جێگای پێکدادانی بەرژەوەندی زلهێزانی جیهانی، چون ڕۆژانە ۱۷ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم گەروەوە هەناردەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئاسیا دەکرێ، بگرە ژاپۆن بەو دوورییە لەسەدا ۷۰ نەوتەکەی لێرەوە هاوردە دەکا، بۆ ئێرانیەکان هەڵبەت بایەخی مەزنتری هەیە، چون جگە لەوەی ئێران تەواوی بەری ڕۆژهەڵاتی گەروەکەی لەژێر دەستایە و خاکی خۆیەتی، بەری ڕۆژئاوای کەنارەکانیشی کە دەکاتە خاکی دەوڵەتە عەرەبییەکان خەڵکێکی زۆری شیعە مەزهەبی لێ نیشتەجێیە، واتە ئێران بەبیروباوەڕ لەوبەر کەنداوەوە ئامادەیی هەیە. جگە لەوەش هەر چوار جەزیرەی" قیشم ، هورمز، لارک، هنگام" خاکی ئەون و کەوتونەتە نێو گەروەکەوە.

ئایا ئێران دەتوانێ گەرووی هورموز دابخات؟؟
لەڕووی جوگرافییەوە وەک گوتمان ئەم گەرووە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومانەوە، هەریەک لەم دوو دەوڵەتە ۲۲ کیلۆمەتری لەژێر دەسەڵاتدایە، چەند کیلۆمەترێکی کەم دەمێنێتەوە وەک ئاوی ئازاد، کەشتیڕانی تێدا دەکرێ، لە ڕووی قانونیەوە لەنێوان ئێران و عوماندا ڕێکەوتنێکی ڕەسمی نیە، بەڵام وەک عورفێک کە بارودۆخی جەنگی وەک مەرج دەیسەپێنێ، هەریەک لەم دوو دەوڵەتە لە کاتی جەنگدا خاوەنداری تەواوی گەرووەکەی دەکەوێتە دەست، لەم ڕووەوە ئێران هەمیشە وەک کارتی فشار ئەمەریکای پێ ئاگادار دەکاتەوە.

چۆنیەتی داخستنی گەروەکە:
ئێران دەتوانێ لەڕێی مینی سەر ئاوی یان موشەکەوە ڕێ لە کەشتییانە بگرێت کە بۆ گواستنەوەی نەوت و کاڵا بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن. هەڵبەت ئەمە بێ وەڵام نامێنێتەوە.

لە ئەگەری داخستنی گەرووەکەدا ئەو لەسەدا ۳۰./. یەی نەوت و وزە کە بۆ جیهان ڕەوانە دەکرێ لەلایەن وڵاتانی کەنداوو ئێرانەوە ڕادەوەستێ، بەمە وڵاتانی کەنداو توشی قەیرانی کوتوپڕ دەبن، جگە لەوەش ئەو وڵاتانەی هاوردەی نەوت دەکەن دیسان توشی گرفت دەبن، لێرەوە بەرژەوەندییەکان پێکدادەدەن و دۆخەکە ئاڵۆز دەبێ و بازاڕی زلهێزانی جیهان دەشێوێ و هەر دەوڵەتەو هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدا، بۆیە بۆ ئەمریکاش ئاسان نابێت بەهێز چارەسەری دۆخێکی لەو شێوە بکات.

،،
ئێران وڵاتێکی مەزهەبیە و ئەمەش هەیمەنەی جیپۆلۆتیکی پێبەخشیووە لەناوچەکەداو عەقڵێکی ستراتیجی مەزن و ئەزمون داری هەیە، سەرەڕایی توانای سەربازی،بۆیە بۆ ئەمەریکا ئاسان نابێت شەڕی ئەم زلهێزە ناوچەییە بکات، ئەگەرچی ئەمەریکا جگە لەتوانای سەربازی و چەک و تەکنۆلۆجیا و ئابووری بەهێز، خاوەنی هاوپەیمانیەکی دەوڵەمەندی ناوچەکەشە کە بەرەی دەوڵەتانی عەرەبی و سونە مەزهەبن. بەڵام ئەوەی تەرازووی هێزی ناوچەکە دەگۆڕێ و هاوکێشەکان یەکلایی دەکاتەوە، هەڵوێستی دۆستەکانی ئێرانن. چون لە ئەگەری دەستبەرداربوون، بۆ ئێرانیەکان مەحاڵە بەتەنها وەستانەوە بەڕووی ئەمەریکادا.

دیارە داخستنی ئەم گەرووە بەتەنها پەیوەست نیە، بە کێشەی نەوت و وزەوە، بەڵکو پەرچەکردارێکە ئێران دەیگرێتەبەر لەبەرامبەر ئەو حەسارە ئابوورییەی کە ئەمەریکا خستویەتیە سەری بەبیانوی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستوەردانەکانی ئێران بۆ نێو خاکی وڵاتانی ناوچەکە.

دیارە داهاتوو وەڵامی پرسیارەکانی لایە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەگەر بێت و ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە خاوەنی ناوچەکەو ئەوکات ئەمەریکا بەناچاری دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکات، بێ تواناش دەبێت لە ڕێ گرتن لەپەلهاویشتن و هەیمەنەی ئێران لەناوچەکەدا. ئەمەش ناڕاستەوخۆ واتە دەبێتە هاوسنوری ئیسرائیل.

بۆ وێنەو نەخشە و تێبینی زیاتر بڕوانە کۆمێنتی یەکەم.