کاک ئەحمەدی موفتی زادە مرۆڤێکی ڕەنگڕێژکراو بە پێغەمبەری ئازیزمان (د.خ)

2021-02-09

عمران مەزهەر

کاک ئەحمەدی موفتیزادە،زانا و گەورە حەکیمی کورد شۆڕشگێرێکی مەدەنی و مرۆڤێکی پڕ لە موحیبەت و خاوەن هەڵوێستە بەرزە ئەخلاقیەکان
موفتیزادە لە ١٩٣٣ لە شاری سنەی دڵگیر لە دایک بووە لە خێزانێکی ئاینپەروەر
کاک ئەحمەد کوری مەلا محمودی کوڕی عەلامە مەلا عبداللەی دشەییە،خاوەن دوو برا و خوشکێک بووە
لە سەرەتای تەمەنیەوە لای باوکیان خوێندویەتی و پاشان بەو خویندنە قایل نابێت و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا چەند مانگێک ڕوو لە مەریوان دەکات بۆ فیربوون
پاشان ڕوو لە هەڵەبجە و هەورامان دەکات لە ساڵانی ٤٩-٥١ بۆ ماوەی دوو ساڵ لای مامۆستایانی وەک مەلا عبدالکریم مدریس و دکتۆر موستەفا زەڵمی و مەلای گەورەی خورماڵ قوتابی دەبێت و پاشان دەگەڕێتەوە شاری سنە و لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا وانەی فەقیەکانی باوکی دەڵێتەوە
کاک ئەحمەد لە ژیانی خۆیدا دوو جار هاوسەرگیری کردووە،جاری یەکەم لەگەڵ خاتوو حەسیبە دەبێت پاش چەند مانگێک جیادەبنەوە
جاری دووەم کاک ئەحمەد لەگەڵ خاتوو خەدیجە زەواج دەکەن و تاقە کوڕێک بە ناوی حمەژیان بەرهەمی هاوسەرگیریەکەیان دەبێت

کاک ئەحمەد لە ساڵانی شەستەکان تێکەڵ بەکار و باری سیاسی و نەتەوەی دەبێت لە ساڵانی ٦٥،٦٦ دەبێتە ئەندام لە حیزبی دیمۆکرات وە لە ڕادیۆ تاران بەشی کوردی هەروەها ڕۆژنامەی کوردستان دەست بەکار دەبێت
هەر بەم چالاکیانەش حکومەتی ئێران دەستگیری دەکەن و بۆ ماوەی شەش مانگ لە زیندان دەبێت،ئەم چونە زیندانەی کاک ئەحمەد دەرگای خێر و گۆڕینی ڕێڕەوی فکری ئەم پیاوە دەبێت بەو خەونەی بە پێغەمبەری خوداوە دەیبینێت(د.خ) وەک خۆی لە کاسێتەکانیدا ئاماژەی پێکردوە
دوای ئازادکردنی لە زیندان کاک ئەحمەد دەگەڕێتەوە شاری سنە و لەوێوە شۆڕشێکی فکری و پەروەردەی و ئەخلاقی دادەگیرسێنێت و تاوەکو ئێستاش ئاسەوارەکەی لە کۆمەلگەی کوردیدا بوونی هەیە و سەمەرەکەی ڕوون دیارە
کاک ئەحمەد ساڵی ١٩٧٦ دەبیتە حاکم شەرحی کوردستان کە پێشتر باوکی بەریزیان ئەو پۆستەی هەبووە
هاوینی ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ چەند دۆستێکیدا بە مەبەستی پەروەردەی لاوان لە شاری مەریوان مەدرەسەی قورئان دادەمەزرێنن
پاش چەند مانگێک لە شارە جیاوازەکانی بۆکان و سنە و سەقز هەمان مەدرەسە دەکەنەوە و پاشان ناوەکەی دەگۆڕن بۆ مەکبەت قورئان
ساڵی ١٩٧٩ کاک ئەحمەد دەبیتە ڕابەر و پێشڕەوی ناوچە کوردنشین و سونە مەزهەبەکان بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش دژی حکومەتی شای ئێران
پاش سەرکەوتنی شۆڕش و هاتنە سەرحوکمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسانی کۆمار ڕاستگۆ نابن بەرامبەر کاک ئەحمەد و ئەو بەڵێنانەی کە پێش شۆڕش بە کورد و ئەهلی سونە مەزهەبیان داوە بۆیە کاک ئەحمەد بە درێژای سێ ساڵ و تاوەکو ساڵی ١٩٨٢ هەوڵ و کار دەکات بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی کورد و ئەهلی سونە مەزهەب و بەو مەبەستەش شورای شەمس پێک دێننن و دوو کۆنگرەی گەورە دەبەستن بە ئامادەبوونی پلەدار و بەرپرسە کوردەکانی ئەو کات
پاشان لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ تۆمەتی دروستکردنی پشێوی و دووژمنداری کۆماری ئیسلامی کاک ئەحمەد دەستگیر دەکەن و بۆ ماوەی ١٠ ساڵی بەردەوام لە چەند زیندانێکی جیاواز بەندی دەکەن ..
لە ساڵی ١٩٩٢ کاک ئەحمەد پاش توشبوونی بە چەندین نەخۆشی و ئەشکەنجە ئازاد دەکرێت و شەش مانگ دواتر لە ٩/٢/١٩٩٣ لە نەخۆشخانەی ئەوین لە تاران گیانی دەسپێرێت و بەرەو لای یاران دەگەرێتەوە و گۆڕەکەی لە شاری سنە بە خاک دەسپێرن

کاک ئەحمەد تاکە بەرهەمێکی لەدوای خۆی جێهێشتىیت دیوانە شیعریەکەیەتی بە ناوی (دیاریێ بۆ یاران)
لەگەڵ سەدان کاسیت و وتاری پەروەردەی و فکری
کاک ئەحمەد مرۆڤێک بوو لە هەڵوێست و مامەڵە ئەخلاقیەکاندا هیندە باڵا و بێ وێنەبوو کە باسکردنی هەر هەڵویستیکی وەک خەیال و خەون دیتە پێش چاو دەتوانن شایەتی ئەوە بدەم لە نواندنی هەڵوێستە ئەخلاقیەکاندا تەواو ڕەنگ و بۆنی محمدی نازدار دەدات(د.خ)
بە درێژای بەرنامە و کاری کاک ئەحمەد بۆ ئەم دوو دێڕەبوو(خەمی دونیای هەژاران،قیامەتی نەیاران)
کاک ئەحمەد خاوەن ڕوانین و فکرەی تایبەت بووە بۆ بابەتەکانی ڕۆژگاری خۆی وە موجتەهیدێکی کەم وێنە بووە
ڕابەرێکی برسی و حەکیمێکی پڕ لە موحیبەت بووە،ئەو هێندە ڕۆح و دەروونی پەروەردە و ئامادەکردبوو ئامادەبوو خەمی تەواوی مرۆڤایەتی هەڵگرێت بەو مەرجەی مرۆڤایەتی ئازاریان نەبێت هەر بەو شێوەش بوو لە زیندان ئازار ئەشکەنجەی تەواوی خەڵکی سنەیان لە ئەو سەندەوە
ئەو خاوەن ماڵ و سەروەرت و کات نەبوو بۆ خزمەتی مرۆڤەکان ،پیاوێک خاوەن کردار و ڕەفتاری دروست بۆ هەمووان بە نێتی هیدایەت و دەستگرتن،ئەو ماڵەکەی کردبوو بە شوێنی پێگەیاندنی تاک و خیزان لە کۆتایشدا کردیە دوو بەشەوە بەشێکی بەخشیە کوڕە تاقانەکەی و بەشێکی بۆ پەروەردەی و خزمەتکردن،بۆ رۆژێک نەوەستا لە دوعای خێر و کرداری موعجیزە ئاسا بۆ ڕزگارکردنی ئەوانی دیکە
ئەو بەو هەمووە گەورەیەی و بەرپرسیاریەتیەوە بۆ ساتێکیش خۆش نەژیا و خۆش خوان نەبوو وە جوانپۆش نەبوو،کەم جار هەبووە جل و بەرگیک لەبەر بکات و لە کوجەیەکی شاردا نەیبەخشێتە هەژارێک،هێندە لە خەمی هەژاراندا بوو بۆ جارێکیش خواردنێک،میوەیەکی نەخوارد کە هەژارەکان نەتوانن بیخوان و بیکڕن،هەرگیز قبوڵی نەبووە بە مامۆستا بانگی بکەن......

کاک ئەحمەد ڕۆشت بەڵام هەڵویستەکانی تا قیامەت لە زیهن وفکری مرۆڤایەتدا شانازی پێوە دەکرێن
٩/٢/٢٠٢١
عمران مەزهەر(خزمەتکار و شاگردیکی بچکۆلەی کاکە ئەحمەد)