لە روی زانستیەوە، بۆ دەبێ گومانی تەزویر بکرێ؟!

2024-10-28
یاریدەری پڕۆفیسۆر د. بەختیار ئەمین

ڕەنگە هەریەکەمان ئەو پرسیارەمان لا دروست ببێ، ئایا ئەو ئامێرەی، کە ئەم دەنگە دەخوێنێتەوە، پشت بەچی دەبەستێ بۆ هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەران؟ ئەم ئامێرە چۆن دەزانێت ئەو دەنگە هی کام کاندیدەیە؟ ئایا پرۆسەکە هاوشێوەی هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست ئاسانە؟
گرنگە ئەوە بزاندرێ، هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنی پێویستی بەداتایە واتە (زانیاری) بۆ بڕیاردان، یان بۆ هەر کردارێک بیەوێ ئەنجامی بدات. بەهەمان شێوە، چۆن من و تۆ یان کارمەندێکی کۆمسیۆن بڕیار ئەدەیەن لە سەر ئەو فۆرمەی کە دەنگدەر دەنگی لەسەر داوە، دوای ئەوەی داتای سەر فۆرمەکەمان بینی. 

وەڵامی هەندێ لە پرسیارەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:
ئامێرەکانی هەژمارکردن و ناسینەوەی فۆڕمی دەنگی  دەنگدەر بە ئامێری ئۆپتیکاڵ سکانەر ناسراون (Optical Scanner سکانەری بینایی). نەک هەر ئەو ئامێرە، بەڵکو هەموو ئامێرەکانی ئۆبتیکاڵ سکانەر، کە بۆ هەر مەبەستێک دروست کرابن، جا ئەگەر تەنها بۆ هەژمارکردن بێ، یا ڕاکێشان و هەژمارکردن، سەرجەمیان پشت دەبەسن بە تەکنەلۆژیای Optical Character Recognition (OCR))، واتە تەکنەلۆژیای ناسینەوەی هێما و کارێکتەرەی بینایی سەر هەر کاغەزێک، کە بەم ئامێرانەدا تێپەڕ دەبن. 
ناسینەوەی کاراکتەری بینایی (OCR) لە ڕاستیدا تەکنەلۆژیایەکی زۆر بەهێزە، توانای ناسینەوەی دەقی وێنە و بەڵگەنامە سکان کراوەکان یان سەرچاوە بینراوەکانی تری هەیە. OCR پشت هەم  بە هاردوێر (ئەگەر داتاکە لەوەوە وەربگرێ)، وەکو خودی سکانەرەکە (بەسەرجەم پارچەکانیەوە هەر لە سێنسەر و کامێرا و بەشە ڕەقەکانی تر)، هەمیش پشت بە سوفتوێر دەبەستێ بۆ ئەنجامدانی هەر کردارێک یان کارێک کە پێی بسپێردرێ. 

ئەی ئەم تەکنەلۆژیایە چۆن کاردەکات، یان پشت بەچی دەبەستێ؟
ئۆ سی ئاڕ، سۆفتوێرکە بە ئەلگۆریثم دیزانکراوە، ئەلگۆریثمیش ئەو پرۆگرامەیە، کە لەڕێگای سۆفتوێرێکەوە بە ئامێرەکە دەڵی چی کردارێک ئەنجام بدە و چۆن؟ 
ئەلگۆریثمەکان زۆرکات پشت بە کۆمەڵێ کرداری ماتماتیکی وەکو ژیرەکانی دەستکرد (AI) دەبەستن، بۆ ناسینەوەی دەقی چاپکراو، دەستنووس، یان تایپکرا، تەنانەت وێنە و دەنگیش. هەر ئەو ئەلگۆریثمی ژیری دەستکردەیە، کە توانای گۆڕینی دەنگ و وێنە و ڤیدیۆی من و تۆی هەیە بۆ دەنگ و وێنە و ڤیدیۆی کەسێکی دیکە. لە زانستی ژیری دەستکردا ئەلگۆریثمەکان هەموو زانیاری و داتاکان دەکەنەوە بە دەقی دیجیتاڵی (دەقەکە ژمارە بێ یان تێکست) ئینجا دەتوانن سودی لێ وەربگرن.

بەزمانێکی سادە، ئامێرەکانی ئۆبتیکاڵ سکانەر هەمان ئەو دەورە ئەبینن، کە چۆن ئەندامێکی کۆمیسیۆن لە ڕێگای چاوەوە یان ژماردنی دەستەوە ئەنجامی دەدەن بۆ ناسینەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان.  بەنمونە، کاتێک دەنگدەر فۆرمی دەنگدانی دەخاتە ناو ئەو سندوقەی کە  بۆی دانراوە، لە سەر ئەو سندوقە دوو شت هەن، یەکێکیان ئەو ئامێرەیە، کە وێنەی فۆرمی دەنگی دەنگدەر ئەگرێ و پێیدا تێ دەپەڕێ، دووەمیشیان سندوقەکەی ژێر ئامێرەکەیە کە فۆرمەکانی تیادا هەڵدەگیرێ. 

تەکنەلۆژیای (OCR) چۆن کاردەکات یان ئەو کردارانە چین کە لە توانای ئەم تەکنەلۆژیایەدان؟
ئامانجی ئۆ سی ئاڕ لە ئوپتیکاڵ سکانەردا ئەوەیە پرۆسەی ناسینەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان زۆر خێراتر بکات بە هێندەی سەد ئەوەندەی توانای مرۆڤ. وە ئەم تەکنیکە پشت بەم قۆناغانەی خۆارەوە دەبەستێ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکانی سەر فۆڕمی دەنگدەر و هەژماکردنیان  لەو کاتەی وێنەی دەنگەکە دەگرێ:
قۆناغی یەکەم:  (Image Capture) پرۆسەی گرتنی وێنەی فۆرمی دەنگی دەنگدەر: لەم قۆناغەدا سکانەرەکە هەڵدەستێ بەگرتنی وێنەی فۆرمی دەنگدەر لەڕێگای کامێرای ناو سکانەرەکەوە بەخێرایەکی زۆر بێ ئەندازە، هاوشێوەی لەیزەر، دواترهەڵگرتنی وێنەکە لە ناو ئامێرەکەدا، یان ئەو میمۆریەی بە ئامێرەکەوە بەستراوە.
مەترسی ئەم پرۆسیە چیە؟ دەکرێ وێنەی ئەو فۆڕمەی، کە ئامێرە گرتویەتی بگۆڕدرێ بە وێنەی فۆڕمی کاندیدێکی دیکە. چۆن؟ 
ئەو ئەلگۆریثمەی، کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد هەرخۆی دەتوانێ وێنەی ئەو فۆرمە بگۆڕێ. گرنگە ئەوە ڕونبێت، تەنها وێنەکە دەکرێ بگۆڕدرێ نەک فۆرمەکە، چونکە لەم قۆناغەدا فۆڕمەکە تێپەڕبوە بە ئامێرەکەدا، ئەوەی لە سەر فۆڕمەکەیە ئەوە دەگرێ، بۆیە لەڕێگای هەژماری دەستیەوە دەکرێ بەوردی ڕاستی و دروستی ئەم فۆرمە دووبات بکرێتەوە.
قۆناغی دووەم: (Pre-processing): لەم قۆناغەدا کواڵیتی وێنەی فۆڕمەکان یان کۆنتراستی وێنەکان دەکرێ چاک بکرێن یا با بڵێن دەستکاری بکرێن. واتە ئەگەر هەر پەڵەیەک یان مارکێک لەسەر وێنەکە بوو، کە (بەپێچەوانەی ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆنەوە بوون) دەکرێ لاببردرێن. ئەم تەکنیکەش زۆر باوە لە زانستی کۆمپیوتەر (بەتایبەت ژیری دەستکردImage Processing ) دا. دەکرێ لە ڕێگای بەکارهێنانی کرداری فیلتەرەوە ئەنجام بدرێ هاوشێوەی ئەم وێنەیەی خوارەوە. وەکو دیارە دەتوانرێ سەرجەم ئەو پەڵانەی لە وێنەی لای چەپدان لاببرێن و تەنها ژمارەکان بمێننەوە.  

لەوانەیە هەندێ هاونیشتیمانی پرسیار بکەن، ئایا لەم قۆناغەدا دەکرێ دەستکاری فۆڕمەکە بکرێ؟
بەڵێ، دەتوانرێ فیلتەر لە سەر هەر بەشێکی فۆڕمەکە دابنردێ کە بمانەوێ. ووردتر بڵێم، ئەگەر بمانەوێ دەتوانین ئەلگۆریثمەکە وا پرۆگرام بکەین بۆ هەر بەشێکی سەر وێنەی فۆرمەکە، بۆ نموونە لابردنی مۆر، پەڵە، یان نەخشی پاشبنەما نەخوازراوەکان. دەکرێ لەم ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر وردی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکان دروست بکەیت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیە دیزان بکەی کە مەبەستە.  واتە دەستکاری وێنەی فۆرمەکە بکەی یان (سەری لێ بشێوێنی)، بە ئامێرەکە بڵێی: ئەو فۆرمەی مۆری لەسەر نیە، پوچەڵی بکەوە، ئەم پەڵەیە زیادە لەسەر فۆرمەکە ڕەشی بکەوە...هتد.
بۆ دڵنیای لەم کردارە تەماشای ئەم وێنەی خوارە بکەن، لەوێنە دەستی چەپدا دەردەکەوێت و دایارە کە سەرجەم ئەو پەڵە و نوسینانەی سەر ئەو کاغەزانە دەکرێ لا دەبرێین. وە ئەم کردارە لە ئیمج پرۆسێسینا (mage Processing) زۆر باوە.





ئەم ئامێرانە و تەکنیکی ئۆ سی ئاڕ لە زۆر ووڵات بەکار دەهێندرێن بۆ ژماردن و پشتڕاستکردنەوەی وەرەقەی تاقیکردنەوەی خوێندکاران، بە نمونە، پشتڕاستکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی فێرکار، یان لابردنی پەڵە و مارک لە سەر هەر هەڵبژاردنێیک وەکو لەم وێنەی خوارەودا دیارە. 
 

قۆناغی سێیەم: (Pattern Recognition) ناسینەوەی زانیاری سەر فۆرمی دەنگدەر: ئەم پرۆسەیە پشت دەبستێ بە ئەلگۆریثمەکان بۆ ناسینەوەی و هاوتاکردنی سەرجەم زانیاریەکانی سەرفۆرمی دەنگدەر. ئامانج لێی وردبینیکردنە لە زانیاریەکانی سەر فۆرمەکەم لەوانە تێکست، ژمارە...هتد. سکانەری بینایی هەموو کات پشت دەبەستێ بەتکنیکی OCR بۆ ناسینەوەی هەر زانیاریەک، کە لە سەر وێنەی فۆرمی دەنگدەردا هەیە، لەوانە ناسینەوە و لێکدانەوەی کاراکتەرەکان، هێماکان، یان نەخشەکانی لە ناو بەڵگەنامەی سکانکراودا. واتە گۆڕینی داتا بینراوەکان بۆ ژمارە  یان هەر جۆرە زانیاریەکی دیجتاڵی تر.
لە تەکنیکەکانی ژیری دەستکرد AI، دەتوانرێ نەخشەکان و نیشانە ناڕوونەکان بناسرێنەوە، وەک پەڵە لە بەشێکی پڕکراوە یان شێواو و خراپ، بە نمونە پشتڕاستکردنەوەی ئەو ناوچەیەی کە دەنگدەر مۆرەکە ئەدا لە تەنیشت بەر بژێر یان لیستەکەی. (گرنگە ئەوە بزانرێ، بە پێی پێویست دەکرێ کرداری زیاتر لە نێوان ئەم قۆناغانەدا ئەنجام بدرێ).
قۆناغی چوارەم: (Data Processing) پرۆسێسیکردنی داتاکان: لەم قۆناغەدا زانیاریەکانی سەر فۆڕمەکە بەشێوەی تێکست یان ژمارە لە ڕێگای ئۆسی ئاڕەوە وەردەگێڕدرێن، بە نمونە، وێنەی سەر فۆڕمەکە چ زانیاریەکی تیایە، ئایا دەنگدەر دەنگی بەکام بەربژێرداوە، وە بە کام لیست؟ ئەمەش دیسیان پرۆسەیەکە تەنها لە ڕێگای ئەلگۆریثم و هاوکێشە ماتماتیکەکانەوە ئەنجام دەدرێ، کە دەستکاریکردنی ئەنجەکان ئاسانە تیایاندا. 
قۆناغی پێنجەم: (Data Storage) خەزنکردنی داتاکان: لە پرۆسەی هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عێراق و هی ئەم جارەی هەرێمی کوردستان، داتاکان لە (عەقڵی) ئامێرەکاندا خەزن ناکرێن، چونکە ئۆپتیکاڵ سکانەرەکان توانای هەڵگرتن و خەزنکردنی داتای کۆکراوەی هاوشێوەی هەزارەها دەنگدەری نیە. بۆیە سەرجەم داتاکان لە میمۆریەکادا کۆدەکرێنەوە کە بەستراون بە ئامێرەکانەوە، دواتر ڕەوانەی داتا سەنتەری کۆمسیۆن دەکرێن لە بەغذا و لەوێوە زانیاریەکان دەدرێتەوە بە بنکەکانی دەنگدان.
 ئایا ئەم پرۆسەیە تەزوری تیادا دەکرێ، بەڵی و زۆریش ئاسانە؟ بەڵام تەزویرکردن لەم قۆناغی کۆتایەدا دەکرێی زۆر زۆر بەوردی ئەنجام بدرێ و هاوتای دەنگەکانی ناو سندوقی ناوەندی دەنگدان بکرێ. لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستاندا، تەزویر لەم قۆناغەدا ئەنجام نەدراوە.
دەرئەنجام و وەڵامی هەندێ لەو پرسیارانەی کە خەڵکی کوردستان لە سەر هەڵبژاردن هەیانە:
یەک: ئایا دەکرێ دەنگەکان دەستکاری بکرێن لە کاتێکدا بەدەست هەژمار دەکرێنەوە؟
وەڵام؛ بەڵێ، وەکو باسمان کرد، دەکرێ لەڕێگای پرۆگرامی ناو سکانەرەکەوە کرداری سڕینەوە ئەنجام بدرێ، دەکرێ کرداری کانسڵ -پوچەڵی دەنگەکەشی پێ ئەنجام بدرێ. وە ئەگەر توانای مۆرکردنیشی هەبێ، دەتوانرێ مۆری نوێ بدات لەسەر فۆڕمەکە. بەڵام، ئەمە پێویستی بە بەڵگە هەیە و دەکرێ ئامێرەکان لەپێش چاوی هەموو لایەک تێست بکرێن، تاوەکو دڵنیایی بدرێ لەوەی ئەم ئامێرانە توانای ئەنجامدانی ئەم کردارەیان نیە؟ 
زۆر گرنگە وردبینی بۆ سەرجەم دەنگە پوچەڵەکراوەکانیش ئەنجام بدرێ، هۆکاری وردبینەکە بزاندرێ، کە ئایا دەنگدەر خۆی هۆکارەکە بووە یان پرۆگرامی ناو سکانەرەکە ئەو کردارەی بە مەبەست ئەنجامداوە؟
دوو: ئەی ئەگەر ئامێرەکە لە پێش هەندێ کەسی پسپۆڕ تاقیبکرێنەوە و وا دەرنەچون ؟
وەڵام؛ ئامێرەکان دەکرێ تێست بکردرێن  لە پێش چاوی پسپۆڕان، بەڵام ئەمە لەکاتێکدا دەکرێ چەند دەقەیەک پێش دەسپێکردنی یان کۆتایی هەڵبژاردنەکە. چونکە دەکرێ بەچەند دەقەیەک پێش دەسپێکردن یان کۆتای هەڵبژاردن، پرۆگرامی دەستکاریکراوەی ناو ئامێرەکە وەکو خۆی لێ بکرێتەوە و هیچ ئاسەواری دەستکاریکردن بەجێ نەهێڵدرێ. ئەی چۆن ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە، تەکنیکی زۆر هەیە بۆ ئەم مەبەستە.
سێ: پرسیارێکی زۆر گرنگ، دەربارەی ئەگەر ئامێرێک وا دیزاین بکرێ لە ڕۆژی دەنگداندا تەنها لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوەکو ٦ ئێوارە کار بکات، وە دواتر قفڵ – لۆک ببێ، ئەی چۆن دەکرێ دەستکاری بکرێ؟
وەڵام؛ مادام ئەم ئامێرانە توانای کارکردنیان هەیە لە ڕێگای پێدانی ئیعازی مرۆڤەوە (مەبەستمان پرۆگرام کردنیانە)، کەواتە دەشتوانرێ دەستکاری هاردوێر و سۆفتوێرەکانی ناوێ بکرێن  لە ڕێگای پرۆگرامکردنی ئەو ئەلگۆریثمەی کە شیکاری داتاکانی پێدەکات. بە نمونە وای پرۆگرام بکەین (A)مان  بۆ بکات بە (B)، دەنگی ئەیمان بۆ بسڕێتەوە و فۆڕمەکەشیمان بۆ پوچەڵ بکاتەوە، وە هەروەها ئەنجامدانی چەندین هاوکێشەی تر. 
ئەمانەی سەروە  بەشێکن لەو لایەنە زانستیە نەبینراوانەی پرۆسەکە، وە تەنها کەسانی پسپۆڕی ئەم بوارە دەتوانن درکی پێبکەن، لەگەل هەندێ ڕێگای تەکنیکی دیکە. 
چوار: کامیان گونجاوترە بۆ هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەر، بە ئامێری ئەلیکترۆنی یان دەستی؟ 
وەڵام؛ بیگومان، لەڕوی زانستیەوە ڕێگای هەژمارکردنی دەنگی دەنگدەر بە ئامێری ئەلیکترۆنی هیچ کات پارێزراو یا گونجاو نیە. چونکە، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە، پێکهاتەی تەنها کرداری ئامێرێک یان سۆفتوێرێک نیە. تەنانەت لە ووڵاتانی زۆر پێشکەوتوی هاوشێوەی ئەمریکا و بەریتانیا ...هتد، کە خاوەنی بەهێزترین تەکنەلۆژیای سەردەمن، هەژمارکردنی دەنگ بە دەستە نەک ئامێر، کەواتە بۆ لە هەرێم و عێراق ئەلەکترۆنییە؟!

لە کۆتایدا ئەوەی پێویستە بوترێت ئەمەیە: لە پرۆسەی دیموکراسیدا گرنگ نیە کێ براوەیە یا دۆڕاو، لەهەموی گرنگ تر دروستی و شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیە. وە بۆ بیرهێنانەوەی خەڵک، ساڵی داهاتو حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، هەر لە ئێستاوە دەپرسین: کێ گەرەنتی ئەوە دەکات لە ئاستی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکانیشدا دیزان و تەزویری رێکخراو ناکرێ، کێ و چۆن مشوری ئەم بابەتە دەخۆن؟!  

یاریدەری پڕۆفیسۆر د. بەختیار ئەمین
مامۆستا و شارەزی بواری ژیری دەستکرد (AI)
لە زانکۆی   
City University of London            
UK.