بۆچی ترەمپ بردییەوە؟

2024-11-08
ڕەنج نەوزاد


ترەمپ بە دەنگی خەڵک و بە دەنگی کۆلێژی هەڵبژاردن بە ڕێژەیەکی بەرچاو براوەیە. کۆمارييەکان زۆرينە دەبن لە ئەنجوومەنی پيران و ئەنجوومەنی نوێنەرانيش. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەیی ترەمپ و کۆمارييەکان ڕەنگدانەوەی ويستی کۆمەڵگەی ئەمريکایە. ديموکراتەکان لەبەر ئەوەی زاڵن لە دەزگاکانی ميديا و ڕاپرسی و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژينەوە... وێنەیەکی هەڵە و خەراپيان لەسەر ترەمپ درووستکردبوو، لە واقعەوە دوور بوو. 

 لە مانگی ٩ی ئەمساڵەوە دوو جار سەردانی ئەمريکام کردووە بۆ مەبەستی ئەکاديمی و توێژينەوە. ئەو ماوەیە کاتی بانگەشەی دەنگدان و پرسی هەڵبژاردنەکان، بابەتی سەرەکی بوو. سەردان و بەشداری چەندين کۆنفرانس و سيمينار و زانکۆ و ناوەندی توێژينەوەی ئەمريکيم کرد. ئەوەی دەرکم پێکرد چەند خاڵێک بوو:

 ١. لەناوەندە ئەکاديمييەکان و ميدياکان زۆربەی کات ڕاستە لەوانەیە ڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ کاميلا هاريس نەکرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ ترەمپيان وا پێشاندەدا کە کەمينەیەکی توندڕەو و دواکەوتوو پشتگيری دەکەن. کەسێکی مەترسيدارە بۆ ئەمريکا و بۆ جيهان... ئەمە مانای بانگەشەیە بۆ ديموکراتەکان و دژی کۆمارييەکان، لە ڕێگەی بەکارهێنان و زەقکردنەوەی چەند سيفەتێکی کەسایەتی ترەمپ. 

٢. لە ڕاستيدا و لە واقعدا زۆر ڕوون ديارە بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگەی ئەمريکی، لە زۆربەی گروپ و چينەکان پشتگيری ترەمپ دەکەن و زۆريان خۆش دەوێت. فاکتەری سەرەکی لای دەنگدەری ئەمريکی ناوخۆیيە؛ ئابووری و پرسی تەندرووستی و پەنابەر. ئەم فاکتەرانە تەنيا بەلای گروپە ڕاستڕەو و لادێی و دواکەوتووەکانەوە گرنگ نييە، بەڵکو لای زۆربەی گروپ و چينەکانی کۆمەڵگەی ئەمريکا بایەخدارە و پێيانوایە ترەمپ گونجاوە بۆ چوار ساڵی ئايندە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانە. 

٣. ئەو گروپ و چينانەی کە موحافيزکارن یان ديندارن، لە مەسيحی و مسوڵمان (جگە لە ئيسلامی سياسی) و جووەکان، ئەوانەی گرنگی بە خێزان دەدەن و هاوڕا نين لەگەڵ بانگەشەکردن و تەرخانکردنی بودجە بۆ پرسی هاورەگەزخوازی و گۆڕينی ڕەگەز، زۆربەی ئەم خەڵکانە لەگەڵ ترەمپ هاوڕان. 

٤. جياوازييەک هەیە لە نێوان واقعی ئەمريکا لەگەڵ ئەوەی لە دەرەوە دەبينرێت و وێنای کراوە. تا ئەمرۆش ئاين و مەسيحيەت و بەها کۆنەکانی وەک پاراستنی خێزان و پەيوەندييە کۆمەڵایەتييەکان... لەناو کۆمەڵگەی ئەمريکادا فاکتەرێکی گرنگە و بە ڕوونی دەرکی پێدەکرێت، بە تايبەت لە شارە بچووکەکان و گوند و دەوروبەری شارە گەورەکان. ئەمانەش یەک گروپی کۆمەڵایەتی نين لە ڕووی ئابووری و ئاستی خوێندن و کۆمەڵایەتييەوە، بەڵکو چەندين گروپ و ئاستی جياوازن. ئەوەی وای پێشاندەدات کە وا بزانرێت ئەمريکا تەنيا ناوەڕاستی نيۆيۆرک و واشنتۆنە، ميديا و سينەما و وێنەی دەرەوەی ئەمريکایە، کە زیاتر ديموکراتەکان و چەپەکان زاڵن لەو بوارەدا. هاوکات، ئەو ئازادييەیی کە بەشێکە لە کولتوری ئەمريکا، هەر وەک چۆن ڕێگە بە موحافيزکار و ديندارێک دەدات بەو شێوەیە بژێت کە خۆی دەيەوێت، ڕێگە بە کەسێکی تەواو پێچەوانەی ئەوەش دەدات.

 بۆ نموونە پشتگيری لە ئيسرائيل بنەمایەکی گرنگی سياسەت و حکومەتەکانی ئەمريکایە، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵدا زیاد لە ٢ هەزار خۆپێشاندان لەو وڵاتە کراوە دژ بە ئيسرائيل و پشتگيری لە فەڵەستينييەکان. کە ئەمە نە لە خودی فەڵەستين، نە لە ئێران و تورکيا و سعوودييە و قەتەر... ڕووينەداوە. مرۆڤی ئەم ناوچەیەیی ئێمە لەوانەیە قوورس بێت لەو ئازادییە تێبگات، بۆیە زۆر کات وەک درۆ یان وەک بەڕەڵایی و بێ دينی تەماشای دەکات. بەيانييەکی چوومە سەنتراڵ پارکی شاری نيۆيۆرک، گروپی مەسيحی و مسوڵمان و جوو و گروپی پشتگيری لە غەززە و گروپی هاورەگەزخوازەکان هەر هەموویان بە جيا چالاکی و کۆبوونەوەیان هەبوو لە یەک پارک و دەوروبەری. ئازادی لە ئەمريکا ئەوەیە ڕێگە بە هەموویان بدرێت بێ ئەوەی گروپێکیان پەلاماری ئەوی تر بدات و سەرکوتی بکات، یان حکومەت ڕێگە بە یەک دانەی بدات و ئەوانی تری قەدەغە بکات. هەندێک تەنيا وێنەی هاورەگەزخوازەکان دەبينێت و دەيکات بە ناسنامەی ئەمريکا، هەندێکی تر تەنيا مەسيحييەکان یان تەنيا گروپێکی تر دەبينێت... بەڵام لە ڕاستيدا هەموویان بە یەکەوە باشتر ناسنامەی ئەمريکا پێشاندەدەن. لێرەدا باسەکە ئەوە نييە کە ئەمە ئازادیيەکی ڕەها و بێ لایەنگرييە، مەسەلەکە واقعێکە و دەبينرێت و هەستی پێدەکرێت. لە خۆڕا نييە ئەو دەوڵەتە سوود لە تواناکانی هەموو مرۆڤایەتی سەر زەوی بينيووە و دەبينێت. ديموکراتەکانيش زۆر کات دەيانەوێت تەنيا یەک ڕەهەندی ئەمريکا زەق بکەنەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەو شکستە گەورەیەیی ئەمجارەیان. 

٥. کەسایەتی و شێوەی قسەکردنی ترەمپ نامۆ نييە بە کۆمەڵگەی ئەمريکا، بەڵکو لەوانەیە نامۆ بێت بە ستايلی ناو کۆشکی سپی. بەڵام ديموکرات و چەپەکان، بە تايبەت لەسەر ئاستی ئەکاديميا، کۆمەڵێک دەستەواژە هەیە بەکاری دەهێنن بۆ وەسفکردنی هەر کەسێک کە خۆیان بە دڵيان نەبێت، ئەويش پۆپۆليست/پۆپۆليزم و ڕەگەزپەرست و دژە بيانی... ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە پرسی پەنابەر و هاتن بۆ ئەمريکا دەبێت یاسایی بکرێت. واتە ناکرێت بە لێشاو خەڵکی مەکسيک و ناوەڕاست و باشووری کيشوەری ئەمريکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفريقيا بە نا یاسایی بێنە ئەمريکا، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و یاسایی بێت. ئەمە بۆ ئەمريکييەکان و ئەو بيانيانەی لە ئەمريکا دەژين و بۆ خودی پەنابەرەکانيش بەسوودە. ديموکراتەکان ئەم سياسەتە وەک سياسەتێکی دژە بيانی و دژە مافەکانی مرۆڤ پێشان دەدەن. زۆرێک لە ئەمريکييەکان پشتگيری ترەمپ دەکەن بۆ ئەو پرسە. 

٦. ترەمپ لە یەک ڕووەوە نامۆیە بە سيستەم و کۆمەڵگەی ئەمريکا. ئەويش ئەوەیە خەريکە ڕۆڵی تاکە کەس و سەرکردە لە ڕۆڵی دەزگا گرنگتر دەکات. ئەمريکا دەوڵەتێکە پشت بە دەزگاکان دەبەستێت، سەرکردە بەشێکە و لەناو دەزگا کار دەکات و ئاڕاستە دەکرێت. واتە یاسا و دەزگاکان کرنگترن لە سەرۆک و سەرکردە. ترەمپ لەم ڕووەوە خەريکە کولتورێکی جياواز درووست دەکات. کۆمارييەکانيش لەگەڵ ئەو کولتورە نين، بەڵام لەم هەڵبژاردنە زانيان ترەمپ بەهێزترين کانديديانە، ديارە ويستویانە سوود لەو بەهێزييەیی ببينن بۆ بردنەوە. هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا هەست بەوە دەکرا کێبرکێکە لە نێوان ترەمپ و ديموکراتەکانە، نەک لە نێوان کۆمارييەکان و ديموکراتەکان. بەڵام دواجار، ترەمپ هەر چوار ساڵی تر سەرۆکە و لەوە ناچێت کاريگەری گەورە لەسەر سيستەم و کولتوری دەزگا و یاساکانی ئەمريکا درووست بکات بۆ ئايندە. 

٧. ئایا بۆ سياسەتی دەرەوە چی ڕوودەدات؟ لە ڕاستيدا جارێ زووە پێشبينی ورد بکرێت بۆ ئەم لایەنە. نازانرێت ئایا ترەمپ بە فيعلی دەيەوێت چی بکات بۆ پرسەکانی وەک ڕووسيا و جەنگی ئيسرائيل و بەرەی ئێران، و پرسی چين، چی پێ دەکرێت و چی پێ ناکرێت؟ خۆی وتی جەنگەکان کۆتایی پێدەهێنم. ئایا بەڕاستی بوو؟ دەتوانێت؟ دەزگا گرنگەکانی سوپا و هەواڵگری و لۆبیيەکان ڕێگەی دەدەن یان نا؟ هەموو ئەمانە لە چوار ساڵی ئايندە دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە چەند بابەتێکە: ئيسرائيل و پوتين دڵخۆشن بە بردنەوەی ترەمپ، ئێران و بەرەکەی نيگەرانن، سعوودييە و ئيماڕات شادن و قەتەر حەزی دەکرد کاميلا هاريس براوە بێت، بەڵام لەگەڵ ترەمپيش لەوە ناچێت کێشەی گەورەی هەبێت. چين ترسی زیاترە لە ترەمپ. وەک دەردەکەوێت بۆچوونی بەرەی چين-ڕووسيا-ئێران سەبارەت بە بردنەوەی ترەمپ لەناوخۆياندا جياوازیيان هەیە. 

٨. چاودێريکردن و خوێندنەوەی وردی ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگا گرنگەکانی ئەمريکا، وەک ڕاپۆرتەکانی ناو سوپا و هەواڵگری سەبارەت بە پرسە گرنگ و ستراتيژييەکان، ئەوە دەردەخات لەو جۆرە پرسانەدا تێڕوانين و ستراتيژی ئەمريکا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نایەت لە کاتی ئاڵوگۆری دەسەڵات لە نێوان کۆماری و ديموکراتەکان. بۆ نموونە لەسەردەمی ئۆباما و ترەمپ و بايدن، یەک تێڕوانين هەبووە بۆ چين کە هەڕەشەی یەکەمە لە پێگەی ئەمريکا. ئێران هەڕەشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئامرازەکانی کۆمارييەکان و ديموکراتەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەل ئێران جياوازە. واتە جياوازييەکان ڕيشەیی و ستراتيژی نين. سەبارەت بە شەڕی ڕووسيا و ئۆکڕانيا ئەو دەزگانەی ئەمريکا هەمان بۆچوونيان هەیە، ئایا ترەمپ دەتوانێت لێی لابدات یان نا؟ 

٩. دوێنێ ئێوارە کە جارێ ئەنجامی دەنگدانەکانی ئەمريکا ڕوون نەبوو و پڕۆسەکە لە سەرەتا بوو، نەتانياهۆ گالانتی وەزيری بەرگری لابرد. لای هەندێک ئەمە وەک ئاماژەیەک بوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هاتنی ترەمپ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەرەکەی. 
گالانت نزيکترين کەسایەتی ناو حکومەتەکەی نەتانياهۆ بوو لە ئيدارەی بايدن. هەندێک ڕێگری درووست دەکرد بۆ نەتانياهۆ لە بڕيار و شێوەی جەنگەکە. وەزيری دەرەوەی ئيسرائيل، یسرائيل گانتس کرایە وەزيری بەرگری، کە سەر بە باڵی ڕاستڕەوی ئيسرائيلە. لە ئێستادا حکومەتەکەی نەتانياهۆ تا ئەندازەیەکی زۆر لە لایەن ڕاستڕەوی توندڕەو کۆنتڕۆڵکراوە. ئایا ڕێککەوتن و گفتوگۆی نهێنی کراوە لە نێوان نەتانياهۆ و ترەمپ سەبارەت بە ئايندەی جەنگەکە؟ ترەمپ بەڵێنی چی داوە؟ جارێ ڕوون نييە. ئەوەی ڕوونە نەتانياهۆ کە هەژموونێکی گەورەی بەسەر لۆبی جوو هەیە لە ئەمريکا، بە ناڕاستەوخۆ پەيامی بۆ دەناردن کە بردنەوەی ترەمپ لە سوودی ئيسرائيلە. 

١٠. سەبارەت بە کوردستان، هانتی ترەمپ دەکرێت گورزی زیاتر بدات لە ئێران، ئەمە لە سوودی ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت. هاوکات، مەترسييەکی گەورەش هەیە ئەويش ئەگەری کشانەوەی ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستانە لە سەردەمی ترەمپ. بە تايبەت ئەردۆگان لە دڵخۆشەکان بوو بە هاتنەوەی ترەمپ. بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، ويست و سياسەتەکانی سەرۆکی ئەمريکا مەرج نييە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت بە هۆی ڕێگری و ڕۆڵی دەزگا سەربازی و هەواڵگری و ستراتيژييەکانی ئەمريکا.