بەکێشەکردنی کۆچی گەنجانی هەرێم

2021-06-01

د. عەلی زەڵمی

کۆچی گەنجان لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا نەک هەر لەحاڵەت و دیاردە دەرچووە بگرە بووتە کێشەیەکی گەورەی بەرچاوو و چیدی ناکرێ چاوی لێ داخەی.
ئەوەندی من ئاگاداربم دەزگا پەیوەندیدارەکانی کۆچ و کۆچبەری لە هەرێم بەتەنها گرنگی بە کۆچی هاتوو دەدەن واتە ئەو ئاوارەو کەسانەی روودەکەنە هەرێم لەمەش خراپتر ئەو دەزگای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونانەی لەمبارەوە کار دەکەن ئەمانیش بەهەمان شێوە هەر گرنگی بە کۆچی هاتوو دەدەن.


دیارە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی لەپشتە کە ئەویش بەهۆی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەک یووئێن و دەزگا خێرخوازیەکان و هەروەها هەندێ زانکۆ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی بیانی کە پارە سەرف دەکەن لەمڕوەوە بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەسەر ئاوارەکانی هەریم لە ئۆردگاو کەمپەکاندا وەک ئاوارەکانی سوریا و ئێران و باشور و ناوەڕاستی عێراق. ئەوەی کە زۆر گرنگە و نیمانە گرنگی دان بە کۆچی رۆیشتوو ئیتر ئەمە چ وەک حوکومەت و چ وەک بواری لێکۆڵینەوە، تا ئێستا هەرێم سیاسەتی لاموبالاتی و بەهەندوەرنەگرتنی گرتوەتە بەر وەک ئەوەی ئەمە کێشە نەبێ.

،،

بەڵام ئەوەی کە روونە دیاردەی کۆچی گەنجانی هەرێم بۆ دەرەوە لەچەندین رووەوە کێشەی گەورەی دروست کردوە و دەبێ ئەم مەسەلەیە ئینگلیز واتەنی پرۆبلمەتایز بکرێ.

من لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە بە بەچەند لایەنێکی ئەو کێشەیە دەکەم:
یەک، کێشەیە لەرووی لەدەستدانی سەرمایەکی گەورەی وڵات، گەنجانی ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ کە زۆرینەی ئەوانەن سەفەر دەکەن و سەری خۆیان هەڵدەگرن بریتین لە دەستی کار و داینەمۆی ئابووری، چۆڵکردنی وڵات لەمانە واتە تۆ بەدەستی خۆت گۆڕ بۆ خۆت هەڵدەکەنی. کێشەیە لەڕووی دیمۆگرافی و هاوسەنگی دانیشتوان راگرتن، واتە کە گەنجانی نێر سەفەر بکەن و گەنجانی مێ بمێننەوە گرفتی هاوسەرگیری و قەیرەیی و لادانی سێکسی و چەندین کێشەی تر دروست دەبن.


دوو، کێشەیە لەرووی لەدەستدانی وزە و توانای زانستی و داهێنان، تۆ لانی کەم ١٦ ساڵ کەسێک پەروەردە دەکەی و فێری دەکەی بەخۆڕایی و بەبێ بەرامبەر دەیبەخشیتە وڵاتیکی دیکە و لەوێ بەهرە و تواناکانی سودی لێ وەردەگیرێ. ئەمەش دۆڕاوترین بازرگانیە بە سەرمایەی مرۆڤەوە بکرێ و حکومەتێک بە رۆڵەکانی خۆیەوە بیکات.

سێ، کێشەیە چونکە دیدی نوێ و نەوەی نوێ مەیدانی سیاسەت چۆڵدەکەن و نەوەی کۆن و ئیکسپایەر هەر لەسەر حوکمڕانی دەمێنێتەوە و بەمەش گەورەترین گورزی کوشندە لە پرۆسەی گۆڕان و چاکسازی دەدرێت، بەمەش رێگا خۆش دەبێ ئەوەندەی دیکە بۆ قۆرخکاری سیاسی و ئابوری و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری لەدەستی کەمینەیەکدا کە لە خێزان و بنەماڵەیەک تێپەڕناکات.

چوار، کێشەیە لەڕووی ناهاوسەنگی هاوکێشەی کۆچ و کۆچبەری، چونکە تۆ بەبەردەوام گەنج و کۆڕانی میللەتەکەت لێ دەڕوا و لەبەرامبەردا خێزان و تاکی وڵاتانی دراوسێ رووت تێ دەکەن و بەزۆریش ئەمانە بەشدارنین لە پرۆسەی بوژانەوەی ئابوری چونکە یان ئاوارەن و بێکارن یان خێزاندران لەزۆربەی حاڵەتەکاندا پێویستیان بە چاودێریی و بەخێوکردن هەیە.

پێنجەم، کێشەیە، چونکە ئەو رێگایە زۆر پڕ ناڕەحەتی و گیروگرفتە و هەندێجاریش مەترسیە بۆسەر ژیانی کەسی کۆچبەر، لەمیانی ٢٥ ساڵی رابردوو ئەوانەی لەوڕێگایە تیاچوون و خنکاون ژمارەیەکی ئێجگار بەرچاوو زۆرن. لەبەر ئەوەی دەستمان ناگات بە ئاماری باوەڕ پێکراو و فەرمی لەمڕوەوە بۆیە رێژەکە زۆرجار یان پەردەپۆش دەکرێ یان بەدواداچوونی بۆ ناکرێ ئەگینا زۆر مەترسیدارە.

،،

دواجار، کێشەیە چونکە ئەو گەنجە بێشومارەی روودەکەنە ئەوروپا بێ پلانە وبێ بەرنامەیە، لێرەش لەوڵاتانی ئەوروپا نە نوێنەری حکومەت هیچ بەرنامەیەکی هەیە بۆیان نە دایەسپۆرا و کوردانی تاراوگە کە بەباشی رێکنەخراوە لەم وڵاتانەدا.


بۆیە زۆر بەئاسانی توشی لادان دەبن و دەخزێنە نێو کاری دەرمانفرۆشتن و کاری نایاساییەوە، بەتایبەتی کە ئێستە داواکاری پەنابەریی لە ئەوروپا زۆر زەحمەت بووە. بە لیکۆڵینەوە سەلمێندراوە کە ئەوانەی بێ جوابن (بە قەولی بازاری) ئاسانتر لەلایەن گروپە قاچاخچی و مافیاکانەوە لەخشتە دەبرێن. لەمڕوەوە بەداخەوە تۆماری تاوانەکان ورێژەی زیندانی لەناو کوردانی باشوور لە هەندەران زۆر خراپەو جێگای مەترسیە.