کە تەقییەوە چارەنووستان لەخەلیفە باشتر نابێت

2021-06-05

ڕێبوار محەمەد ئەمین

دۆخی ئابوری جیهان و کرانەوەی هەموو بازاڕەکان و بۆژانەوەو ڕزگاربوون لەکاریگەریکانی پەتای کۆرۆناڤایرۆس و جەنگی نرخی نەوت و بەربوونەوەی نرخی نەوت ئاماژەی گەشبینی و خۆش گوزەرانین بۆ وڵاتان ودانیشتوانی جیهان بەڵام بەپێچەوانەوە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بەزبوونەوەی نرخی نەوتی برنتی جیهانی بۆ 71.53 دۆلار و کرانەوەی بازاڕەکانی هەرێم و جوڵەی ئابوری وڕێکەوتن لەگەڵ بەغداد، بەڵام دۆخەکە لەهەرێم بەپێچەوانەوەیەو شەپۆلەکە بەرەوپاشەکشە دەڕوات و تادێت دۆخی ئابوری خەڵک سەخت دەکات و گوشاردەخاتە سەر ژیانی خەڵک و ژیان سەختر دەبێت.

ئاماژە مەترسیدارەکان چین؟

یەکەم: هەرێمی کوردستان بەحکومەت و حزبەکان و خەڵەکەوە کەوتونەتە قەیرانی ئابوری، کۆمەڵایەتی ، سیاسی و حزبەکان لەپاشەکشەیەکی بێ وێنەی قەیرانی فکرو وئابوریدان و بۆشایییەکی گەورە دروست بووەو هەموولایەکی توشی نائومێدی کردوەو تادێت بۆشایەکە گەورەدەبێت و مەترسی تەقینەوە زیاتر دەکات.

دووەم: کاتێک نرخی نەوت پانزە دۆلاربوو وتیان پارە نیەو مووچەیان نەدا ئێستاش 71 دۆلارەو دەڵێن پارە نییە، ئەمەش ئەوەندەی تر ڕق و کینەو بێ متمانەی دروست دەکات و خەڵک بەرەو تەقینەوە دەبات.

سێیەم: سەرەڕای بوونی داهاتی زیاد لەپێویست مووچەنادرێت وتادێت قەیرانە ئابوریەکە سەختردەبێت و نرخی دۆلاروکاڵاو کەل و پەل وسوتەمەنی گرانتردەبێت و دەست لەبینەقاقای خەڵک دەنێت و ڕقی خەڵک ئەستور دەکات و پاڵنەرەکانی تەقینەوەی دۆخەکە زیاتر دەبێت.

چوارەم: پێشتر بیانوی ڕێک نەکەوتن هەبوو لەگەڵ بەغداد ئێستا ئەوەش نەماوە.
پێنجەم : ململانێ سیاسیەکان هێندەتوندبونەتەوە بۆتەهۆی بڕینی قوتی خەڵک و ڕاگرتنی مووچە و بائاشکرا حزبە سەرەکیەکان بونەتە پاڵپشت وهۆکاری سەرەکی بۆبرسیکردنی خەڵک.


شەشەم: قەیرانی وشکەساڵی و کاریگەریەکانی لەبواری کشتوکاڵ، کەمبوونەوەی بەرهەم شکستی بەرهەمی ناوخۆی و بێپلانی حکومەت ڕقی خەڵک زیاتردەکات و سەردەکێشێت بۆتەقینەوەی دۆخەکە.
حەوتەم: مەترسی پلانی وڵاتانی هەرێمی وگۆڕانکارییە ئابورییەکان لەبواری وزە لەئایندەو بێپلانی حکومەت ئەمەش مەترسی گەورە دروست دەکات.

هەشتەم: سەرەڕای بوونی داهاتی پێویست بۆ مووچەو نەدانی مووچە لەگەڵیدا بێپلانی حکومەت بۆسودوەرگرتن لەسیانزەکەرتەکەی تری ئابوری و دانەمەزراندن و نەبوونی هەلی کارو سوپایەک لە کەسانی خاوەن بڕوانامەو بێکابوونیان ،وەستانی پرۆژەکۆنەکان ونەبوونی پرۆژەی نوێ بۆ گەشەکردنی ئابوری و دابینکردنی لانی کەمی ژیانی خەڵک ئەمەش مەترسییەکی گەورەترە بۆتەقینەوەی دۆخەکە.

نۆیەم: سەرەڕای قەیرانی ئابوری و دارایی بەڵام کۆمەڵگا دابەش بووە بۆ دووچین ،چینی زۆرینە هەژارو چینێک تادێت سەرمایەکەیان لەهەڵکشاندایە لەسەرحسابی زۆرینەی خەڵک و ئەمەش قابیلی قبوڵ نییەو چینی بێبەش بەدوای تۆڵەکردنەوەدا دەگەڕێت و تادێت ڕقی ئەستوردەبێت.

دەیەم: نەبوونی ئۆپۆزسێۆنێکی بەهێز بۆئاراستەکردنی خەڵک و چارەسەری دۆخەکە ،لەکاتی تەقینەوەدا دۆخەکە لەدەست دەردەچێت و کارەساتی گەورە دروست دەبێت.

هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە فریای دۆخەکە بکەوێت و بەرلەهەموو مەترسیەکان بگرێت و فریای ژیانی خەڵک بکەوێت ،تەقینەوەی ئەمجارە زۆرمەترسیدارە چونکە وەک جارەکانیتر نییەو زۆربەی چینەکان ژیانیان کەوتۆتە مەترسییەوەو چارەنوسیان هاوبەشەو کەتەقیەوە بەکەس ناگیرێتەوە و کارەساتی گەورە دروست دەبێت و پێشان سەری حکومەت وحزبە بەرپرسەکان دەخوات.

،،

پەیامەکەی نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەیەکی ڕون ڕەوان بوو کە وتی مەرج نییە هەرێم تاسەر بەم شێوە بمێنێتەوە ئەم پەیامە ڕووداوی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


دەبێت باش ئاگاداربن و دواتر هەموو ئەو زەویی و مۆڵ و بیناو گردو پرۆژانەی هەتانە فریاتان ناکەوێت و دەبێتە غەنیمەی خەڵک ،چارەنوستان چارەنووسی خەلیفە موعتەسەمی عەباسی دەبێت کەهۆلاکۆهاتە ناوبەغداو گرتی و کەس لەگەلەکەشی بەرگری لێنەکردو نەفرەتیان لێکردو دواتر هۆلاکو وتی بیکوژن بەڵام باخوێنی نەکەوێته سەرئەم خاکه چونکە خیانەتیکردوە لەگەلەکەی و سەرمایەکەی دزیون، ئەوانیش خەلیفەیان خستەناو لەبادێکەوە و بەپێلەقە لێیان دا تامردو سەرمایەکەشی بووە غەنیمەی هۆلاکۆو گەلەکەشی ماڵوێرانکرد ،دڵنیابن کە تەقییەوە چارەنوستان لەخەلیفە باشتر نابێت.
جارێکی تر دەیڵێمەوە هیوادارین نەگاتە ئەوڕۆژەو دۆخەکە چارەسەربێت.

مافناس، ڕێبوار محەمەد ئەمین، ماستەر لەگرێبەستی نەوت و غاز