له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
رێكخراوی cptبونیادنه‌ری ئاشتی مه‌سیحی ئه‌مه‌ریكی ،به داتا‌و زانیاری ورد له سه‌ر له‌شكر كێشی و تاوانكاریه‌كانی توركیا سه‌راسیمه‌ی كردین ،ئه‌وان به ئێمه‌یان وت له بادینانتاوانی جه‌نگ و جینۆساید رووده‌دات و كه‌سیش نیه ده‌نگی به‌رزبكاته‌وه ، دنیاش وه‌ك رۆژگاری ئه‌نفال 1988 له خه‌وێكی قوڵدایه ، له كاتێكا ئێستا میدیا‌و ته‌كنه‌لۆژیای گه‌یاندن له به‌رزترین ئاستایه‌و به 33 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌راورد ناكرێت .
رێكخراوه‌كه راپۆرتێكی مه‌یدانیان كردوه‌وناونیشانێكی سه‌رنڕاكێش و سۆزدارانه‌یان بۆ داناوه " ئایه جارێكی تر ژیانی ئاسایی بۆ گوند نشینانی سه‌ر سنور ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟" راپۆرته‌كه باسی په‌لاماری چنگی هه‌وره بروسكه‌ی توركیا ده‌كات له سێگۆشه‌و له سنوره‌كانی بادینان ، ئه‌و ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌ی توركیا بمانه‌وێت یان نا به هاوكاری ئه‌مه‌ریكاو كه‌نه‌داو به‌ریتانیاو به گشتی ناتۆ به‌ڕێوه ده‌چێت ،
،،
په‌لاماره‌كه ئه‌وه‌نده مه‌ترسیداره كه له‌وه ناچێت له نێوان هێزێكی گه‌ریلایی و ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاری گه‌وره‌دا بێت و پڕۆژه‌كه‌ش زۆر له ئۆپراسیۆنێك بۆ سه‌ر په‌كه‌كه زیاتره .
په‌لاماره‌كه له 23ی نیسان ده‌ستی پێكرد ، ئه‌گه‌ر چی مێژووی په‌لاماری ده‌وڵه‌تی تورك بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه ، راپۆرته‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ش له سه‌ره‌تای حوزه‌یران نووسراوه ،یانی به‌گشتی ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه چیرۆكی یه‌كمانگی شه‌ڕی توركیایه دژی خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان ، توركیا هه‌ر به داگیر كردنی باكوری كوردستانه‌وه نه‌وه‌ستاوه‌وله رۆژئاوا‌و باشوریش داگیركاری ده‌كات پیاوه ده‌ستبه ده‌ستنوێژو ده‌م به نزاكه‌ی عوسمانی تازه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌خمورو شه‌نگالیش ده‌كات .
له‌م هێرشانه‌دا سه‌دان باخی میوه‌و ره‌زو زه‌وی كشتوكاڵی زیانی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتوه هه‌زاران دۆنم زه‌وی وێران كراوه‌و كراوه‌ته مه‌یدانی جه‌نگ ، 1300 كوره‌ی هه‌نگ له ناو دراوه ، 22گوند له ناو شه‌ڕه‌كه‌دایه‌و زیاتر له 1500 هاووڵاتی سڤیل ئاواره‌و بێڕێ و جێ كراون و له سه‌ر زه‌وی و زاری خۆیان هه‌ڵكه‌نراون ، هه‌رله‌و ماوه‌یه‌دا چوار هاوڵاتی مه‌ده‌نی بریندار كراون ، له 2015 تا ئێستا زیاتر له 120 هاوڵاتی مه‌ده‌نی بریندار‌و زیاتر له 100 هاوڵاتی بێچه‌ك شه‌هیدكراون ، كه له ناویاندا ژن و منداڵی ساواهه‌ن .
په‌لاماره‌كه هاوشێوه‌ی په‌لاماری 1988ی به‌عسه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره له سه‌ر گوند نشینانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه ،ئه‌مه بێئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌و ناوچه‌یه و له سه‌ر ئاستی باڵاش نقه‌یان لێوه بێت ، ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت داربڕینه‌وه‌كانیش هه‌ڵڵای له سه‌ر كرا ، چیرۆكی دار بڕینه‌وه‌كه بۆ چه‌ند ساڵ پێشتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و تازه نیه ، به‌ڵام ئێستا چڕتره ، شێوازی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی توركیا‌و بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌و ناوچه‌یه به ئێمه ده‌ڵێت كه شێوه‌یه‌ك له رێكه‌وتن و پێكه‌وه كاركردن هه‌یه، تا ئێستا‌و له‌و ماوه‌یه‌دا توركیا چوار بنكه‌ی نوێی سه‌ربازی داناوه ، به‌م ژماره‌یه‌وه بنكه‌و باره‌گای سه‌ربازی توركیا له هه‌رێم بۆ 42 بنكه‌و باره‌گا به‌رزده‌بێته‌وه ، بێجگه له بنكه‌و باره‌گا هه‌واڵگریه‌كانی ناو بادینان.
له‌م ئۆپراسیۆنه‌ی ئه‌مجاره‌دا یه‌كه‌م گوندی په‌لامار دراو گوندی كێسته‌یه 34 خێزانی گونده‌كه له به‌رده‌م بۆردومانی به‌رده‌وامی توركیادا به ناچاری گونده‌كه‌یان چۆڵكردوه و چونه‌ته چه‌لكێ له‌وێش له گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاوای چه‌لكێدا رووبه‌ڕووی بۆردومان بوونه‌ته‌وه‌و ناچار له ته‌ك 23خێزانی ئه‌وێشدا هه‌ڵاتون ، هه‌روه‌ها به فڕۆكه‌و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشككراوه‌ته سه‌ر هرورێ ، تاكۆتای مانگی ئایار 720 هاوڵاتی گونده‌كانی " كێسته ، چه‌لكێ ، هرورێ ، ئه‌ونێ ، میسكه ، سه‌ره‌ڕۆ ،دشیشێ" به هۆی بردومانه‌وه ده‌ربه‌ده‌ر بوونه، راپۆرته‌كه باسی چه‌ندین گوندی ناوچه‌یه‌كی فراوان ده‌كات ،راپۆرته‌كه باسی ناوچه‌یه‌كی فراوان ده‌كات له نێوان رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باكورو باشور كه توركیا ده‌یه‌وێت به یه‌كیانه‌وه گرێبدات .
به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی راپۆرته‌كه‌و به‌و جۆره‌ی كه ئێمه‌ش له چه‌ندین وتاردا باسمان كردووه ، په‌لاماره‌كانی توركیا له پرسی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان گه‌وره‌ترن و په‌كه‌كه ته‌نها بیانویه‌كه به ده‌ست توركیاوه ، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش له بری سه‌رزه‌نشتی توركیا به‌رده‌وام بیانوه‌كه‌ی توركیا لێده‌ده‌ن و په‌كه‌كه به هۆكاری كێشه‌كان ده‌زانن
،،
ئه‌وه‌ی جێی سه‌ر سوڕمانه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هیچ خه‌مێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان نیه‌و ته‌نانه‌ت بریندار‌و شه‌هیده‌كانیش به بریندار‌و شه‌هید ئه‌ژمار ناكرێن .
له‌م بار‌و دۆخه مه‌ترسیداره‌دا زۆر پێویستمان به هه‌ڵوێست و بڕیاری به گژا چوونه‌وه‌یه ، به تایبه‌ت ره‌وه‌ندی كورد له ئه‌وروپا زۆر گرنگه هه‌نگاوی گه‌وره بنه‌ن ، ناكرێت له بادینان زه‌وی و ژینگه بكرێته قه‌ره‌بروت و باڵیۆزخانه‌و كونسڵگه‌ریه‌كانی توركیا له ئه‌وروپا نه‌كرێنه ئامانج ، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی دنیا بزانێ كه ئه‌نفالی بادینان له لایه‌ن توركیاوه به‌ڕێوه ده‌چێت و بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به په‌رچه كرداری تونده .