عومەر گوڵپى
ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى کوردستان
ئەمڕۆ بۆ جارى چوارەم لەم ساڵدا، بۆ بەدواداچوونى داهاتی نەوت و ڕیژەی فرۆشتن و گەڕانەوەی داهاتەکەی، پرسیارم ئاراستەی وەزیری سامانە سروشتییەکان کردەوە.
سەرجەم ئەنجامى بەدواداچوون و بۆچوون و زانیارییەکان لەبارەى نەوت و داهاتەکەى کە پێى گەیشتووم، بەمجۆرە بۆ ڕایگشتى کوردستان دەخەمە ڕوو:
١ـ کوردستان چەند بەرمیل نەوت دەفرۆشێت؟
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت بۆ ساڵى (2020)، کوردستان ڕۆژانە (453,396) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، لە شەش مانگی ڕابردووشدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە چەند کێڵگەیەک، لە ئێستەدا ڕیژەکە بۆ زیاتر لە (470,000) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
٢ـ بۆچى ڕێژەى فرۆشتن جێگەى گومانە؟
لەبەرئەوەى پرۆسەى دەرهێنان تا فرۆشتنى نەوت، لە ژێر چاودێریدا نییە، هیچ دەزگایەکى فەرمى لە دەرەوەی چەند کەسێکى کەم لە حکومەت ئەو ڕێژە لە فرۆشتنی نەوت پشت ڕاست ناکاتەوە، لەمبارەیەوە بێجگە لەو داتایانەی حکومەت خۆی دەیانداتە کۆمپانیاى دیلۆیت، ئەویش ساڵى جارێک! بڵاویان دەکاتەوە، هیچ سەرچاوەیەکی تر بەردەست نیەو لەم ڕوەوە حکومەت ئەم سەرپێچیانەى هەیە:
أـ زانیاریی بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران نادات لەبارەى نەوت و فرۆشتن و داهاتەکەى.
ب ـ ڕێگە نادات دیوانى چاودێرى دارایى وردبینى لە دۆسیەى نەوتدا بکات.
ج ـ سەرپێچی زەق لە حوکمەکانى هەردوو یاسای ژماره(21)ی ساڵی (2007)ى وهزارهتی سامانه سروشتییهكان، و یاسای ژماره (22)ی ساڵی (2007)ى نهوت و گازی ههرێمی كوردستان دەکات، بەتایبەت حوکمەکانى (مادەەى دەیەم تا چواردەیەم)ى یاساى ژمارە (٢٢) کە پەیوەندیدارە بە دروستکردنى ژمارەیەک کۆمپانیاى کوردستانى گشتى بۆ سەرپەرشتى چالاکییەکانى نەوت، ئەوانیش بریتین لە: (کۆمپانیاى کوردستان بۆ دۆزینەوەو وەبەرهێنانى نەوت، کۆمپانیاى کوردستانى نیشتیمانى نەوت، کۆمپانیاى کوردستان بۆ بەبازاڕکردنى نەوت، کۆمپانیاى کوردستان بۆ پرۆسەکانى پاڵاوتن و پاشکۆکانى).
واتە پاش سێنزە ساڵ لە دەرچوونى یاساکە، تا ئێستا دەسەڵات ئامادە نییە ئەو کۆمپایایانە دروست بکات، تا بە پێى یاسا خەڵکى هەرێمى کوردستان ئاگادارو خاوەن بەرژەوەندى بێت لە پرۆسەى دۆزینەوەو ناردنە دەرەوەو بە بازاڕکردنى نەوت و داهاتەکەى.
٣ـ داهاتی بەدەستهاتووى نەوت چەندە؟
لە سەرەتاى ساڵى (2021)ەوە، نرخى نەوت بەڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبوویەوە، بەردەوامیش نرخەکەى لە بەرزبوونەوەدایە، عێراق لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بە (53، 60 ، 53) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتى فرۆشتووە، لە مانگى (٥) نرخەکە گەیشتووەتە (65) دۆلارو لە سەرەتاى مانگى (٦)یشدا بە (68 تا 70) دۆلار دەیفرۆشێت، بە پێى بەراوردى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان و عێراق کە جیاوازییەکەیان نزیکەى (7 تا 😎 دۆلارە، ئەوە هەرێمى کوردستان لە پێنج مانگى سەرەتاى ساڵى (2021)ەوە نەوتى بەمجۆرە فرۆشتووە (47، 53، 56، 58، 60) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەمانگى (٦)یشدا بە (61) دۆلارو زیاتر.
کەواتە کۆى پارەى فرۆشتنى نەوت (بەتێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەوە) لە پێنج مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا بەمجۆرە بووە:
لە مانگى یەک (662,700,000) دۆلار، لە مانگى دوو (747,300,000) دۆلار، لە مانگى سێ (789,600,000)، لە مانگى چوار (817,800,000)، لە مانگى پێنج (846,000,000) دۆلار.
پاڵپشت بە داتاکانى پیشترى دیلۆیت، بڕى سافى داهاتى هەرێم لە فرۆشتنى نەوت لە پێنج مانگى سەرەتاى ساڵى (2021)دا پاش دەرکردنى خەرجییەکانى بەرهەمهێنان و حەقدەستى کۆمپانیاکان و کرێى بۆرى، بەمجۆرە بووە:
ـ لە مانگى یەک(351,231,000) دۆلار کە بە دینار دەکاتە: (509,284,950,000).
ـ لە مانگى دوو (396,069,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (574,300,050,000).
ـ لە مانگى سێ (418,488,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (606,807,600,000).
ـ لە مانگى چوار (433,434,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (628,479,300,000).
ـ لە مانگى پێنج (448,380,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (650,151,000,000).
٤ـ ئایا داهاتى نەوت جێگەى متمانەیە؟
بە پێى حوکمەکانى هەردوو ماددەى (پانزەیەم و شانزەیەم)ى یاساى ژمارە (٢٢)ى ساڵى (٢٠٠٧) دەبوو حکومەت (صندوقى کوردستان بۆ داهاتە نەوتییەکان) دابمەزرێنێ، بۆ ئەوەى لە پرۆسەیەکى شەفاف و ڕووندا، بە پێى یاساو بنەماى کارى دەوڵەتدارى داهاتى فرۆشتنى نەوتى کوردستان لە کێڵگەکانى ئیستەو داهاتوو لە خۆ بگرێت و صندوقەکە ملکەچ بێت بۆ دامەزراوەکانى چاودێرى، هەروەها هەر هاووڵاتیەک بزانێت داهاتەکەى مانگانە چەندەیە، بەڵام پاش سێنزە ساڵ یریار بەدەستانى دەسەڵات ئامادە نین ئەم کارە بکەن و داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستانیان لە برى گیرفانى دامەزراوە، لە گیرفانى چەند کەسێکدا کۆ کردووەتەوە، نادیاریى داهاتى نەوتیش دەتوانرێت گومانى هەموو خراپەکارییەکى لێ بکرێت، لە بەکارهێنانى بۆ بەرژەوەندى کۆمپانیاو حزب و بەرپرسەکانى تا خستنەخزمەتى کۆمپانیاو وڵاتى بیانى و بێگانە.
ئەنجام:
١ـ داهاتى نەوت داهاتێکى گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستان، و مانگانە زیاترە لە (٦٥٠) ملیار دینار.
٢ـ بێجگە لە دەستەیەکى بچوک لە حکومەت کە پێکهاتوون لە (سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، وەزیرى سامانە سروشتیەکان، وەزیرى دارایى، وەزیرى پلاندانان) هیچ کەسێکى تر ئاگادارى پرۆسەى دەرهێنان تا فرۆشتنى نەوت نییە!
٣ـ ڕێگە نادرێت دیوانى چاودێرى دارایى هیچ وردبینیەک لە پرۆسەى نەوتدا بکات، تەنانەت زانیاریى سەرەتاییش نادرێت بە دیوانى چاودێرى دارایى لەسەر پرۆسەى نەوت.
٤ـ شێوازى گەڕانەوەى پارەى نەوت ناشەفافەو نازانرێت ئەم پرۆسەیە چۆن چۆنى ئەنجام دەدرێت، چ بانک و کۆمپانیایەک قازانج لەم پرۆسەیە دەکات و بۆ بەرژەوەندى کێ پرۆسەى گۆڕینەوەى دۆلار ئەنجام دەدرێت کە بڕێکى ئێجگار گەورەیە لە مانگێکدا.
٥ـ تەنها ئەو پارەیەى لە زیادەى نرخى بانکى ناوەندى کە (١٤٥٠) دینارە بۆ دۆلارێک زیاد دەبێت لە مانگێکدا زیاترە لە (٢٢) ملیار دینار، دیار نییە ئەم (٢٢) ملیار دینارە دەچێتە گیرفانى کێ و لە بەرژەوەندى کێ ئەم گۆڕینەوەیە دەکرێت!
٦ـ حکومەت زانیاریى بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران نادات و بەردەوامە لە سەرپێچی و کارە نایاساییەکانى کە پیشێلکارییەکى زەقى یاسا بەرکارەکانە.
ئێمە ئەرکمانە، بێجگە لە ڕێکارە پەرلەمانییەکان، ناو بەناو خەڵکى کوردستان و ڕایگشتى ئاگاداربکەینەوە لە داهات لە هەموو بوارەکان، بەتایبەت داهاتى نەوت، چونکە پێمانوایە نەوت موڵکى هیچ حزبێک نییەو موڵکى خەڵکى کوردستانە، و دەبێت داهاتەکەى بگەڕێتەوە خەزێنەى گشتى و دەستى حزب و کۆمپانیاکانى لە پرۆسەى نەوت دەربهێنرێت و کۆتایى بەم تاڵانکارییە بهێنرێت.
،،
داهاتى نەوت لە ئێستەدا نزیکەى لە سەدا شەستى کۆى گشتى داهاتى ڕاستەقینەى هەرێمى کوردستان پێکدەهێنێت کە بە نزیکەیى بریتییە لە یەک ترلیۆن و سەد ملیار دینارى مانگانە.
ئەگەر بە شێوەیەکى یاساییانە مامەڵە لەگەڵ نەوت و داهاتەکەى، گومرگ و داهاتەکەى، باج و ڕسومات و داهاتەکەى بکرێت، هیچ کیشەیەکى دارایى لە کوردستاندا بوونى نابێت، بەڵام تا ئێستاش حزبەکانى دەسەڵات ئامادە نین کۆى ئەم داهاتانە بۆ خەزێنەى گشتى بگەرێننەوە، ئەوان بەبێ گوێدانە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان و خوێنى شەهیدان و خەڵکى ماندووى کوردستان و گەنجانى بێ کار، بۆ دەوڵەمەندکردنى خۆیان و کۆمپانیاو حزبەکانیان بەکاریدەهێنن، بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆى زۆرینەى پەرلەمانییە کە بێدەنگى لەم دۆخە خراپەى ژیانى خەڵک هەڵبژاردووە و بووەتە دارشەقى دەسەڵات و حکومەتێکى لەمجۆرە.