هەر مرۆڤێ، هەر نەتەوە و گەلێك نەیتوانی لە جەوهەری داگیركەر تێبگات، نەیتوانی خۆی و ئەویتر لێجودابكاتەوە، نەیتوانی ململانێ و جیاوازیی ناوخۆیی لە هەوڵی ئەویتری بێگانە بۆ داگیركردن جیابكاتەوە، بەدڵنیایی هەمیشە لەسەر لێواری كەوتن و كارەساتە، هەمیشە لەبەردەم گلۆربوونەوەدایە بە خەرەندی نەبوون و نابوتبووندا.
شەڕ بەگشتی وێرانە بەجێدەهێڵێت، تەنانەت ئەو شەڕانەش كە مرۆڤ دەتوانێت شتێك ڕەوایەتی بۆ بدۆزێتەوە هەر وێرانی دەخاتەوە و، ئەوەش نكوڵیلێنەكراوە. ئەگەر شەڕ ناڕەوابوو، وێرانی و زیانەكانی تەنیا لەسەر زەمین نەبوون، تەنیا خاپوركردنی شار و گوند و سروشت نەبوو، تەنانەت ئەو كاتەی شەڕ كاركردە مەترسیدارەكەی كوشتنیش تێئەپەڕێنێت، ئیدی شەڕ تەنیا شەڕێكی ڕەهایە و هیچیتر، جگە لە ئایدۆلۆژیا و گەمژەیی، جگە لە سەربەئەویتربوون و جاشایەتی هیچ شتێكی تر، هیچ بنچینەیەكی تری نابێت و هیچ پاساوێك ڕەوایەتییەكەی ناسەلمێنێت.
،،
جارێكی تر دوكەڵی ئەو ئاگرە نەگریسە، جارێكی تر بۆنی ئەو ئەقڵە شەڕەنگێزانەی بە خوێنی خۆیان دەژین و، عیشقیان بۆ داگیركەر كوێری كردوون خەریكە وێرانەكە وێرانتر و، مێژووەكە خوێناویتر و ئایندەكە نادیارتر دەكەن.
،،
كێشەیەكی ترسناكە، ناڕەسەناێتییەكی ڕەهایە و شەڕكردنە لەپێناوی ئەویتری داگیركەردا هەر هێزێ، هەر مرۆڤێ لە كوردستاندا ڕەوایەتی بۆ شەڕی كورد و كورد بدۆزێتەوە.